بەردەوامی شەڕی غەزە و کاریگەرییەکانی

10:43 - 2023-11-09
کاردۆ عوسمان هەورامی
223 خوێندراوەتەوە

کاردۆ عوسمان هەورامی


شەڕی غەزە ماوەی زیاتر لە مانگێکە لە نێوان گروپە چەکدارەکانی فەلەستین و سوپای ئیسرائیل بەردەوامی هەیە و بەهۆیەوە زیاتر لە دە هەزار هاووڵاتی کوژراون کە زۆرینەیان منداڵن، هەروەها ٪70 دانیشتوانی کەرتی غەزەش ئاوارەبوون، ئەوەی لەم ئامارە مەترسیدارترە، ئەگەری فراوانبوونی جەنگەکەیە و گۆڕانیەتی بۆ جەنگێکی هەرێمی کە ئەو کات دامرکاندنەوەی قورس دەبێت و قوربانییەکانیش چەندین هێندە زیاتر دەبن.
ئەم مەترسییەش دوای ئەوە دێت کە گروپە چەکدارەکانی عیراق و سوریا و حزبولڵای لوبنانی هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا زیاد کردووە، حزبوڵلاش هەموو کات باس لە بەرەیەکی نوێی جەنگ لە باکوورەوە دژ بە ئیسرائیل دەکات، ئەوەی کە مایەی نیگەرانییە ئەوەیە کە لە ئەگەری تێوەگلانی جەنگەکە لەلایەن ئەم گروپانەوە، ئەوە دەبێتە جەنگێکی نێودەوڵەتی، باشترین ئاماژەش بۆ ئەم بۆچوونە وتەیەکی  لیندسی گراهام سیناتۆری ئەمریکی لە کۆمارییەکان کە دەڵێت « ئەگەر حزبولڵا لە باکوورەوە بەرەیەکی دیکەی جەنگ بکاتەوە، ئەوە پێویستە هێرش بکەینە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، چونکە ئەوان و حەماس بەبێ پاڵپشتی ئایەتوڵڵا بوونیان نیە.»،ئەم قسەیە واتەی ئەوەیە کە فراوان بوونی جەنگ واتە بەریەککەوتنی راستەوخۆی وڵاتانی جیهان، کە بێگومان ئەو کات چەند وڵاتێک ناگرێتەوە، بەڵکو یەک لەدوای یەک دێنە ناو جەنگەکەوە.
مەترسی جدی ئەوەیە کە لە ئەگەری فراوان بوونی جەنگەکە، ئێمە وەک عیراق و هەرێم ناتوانین خۆمانی لێبپارێزین، چونکە بەشێکین لە ناوچەکە و لە هەرە ناوچە گەرمەکانین، چونکە بە گروپە چەکدارییەکان دەورە دراوین، هەروەها لەناو چەقی ململانێکانداین، بۆیە جگە لەوەی ئاواتخوازبین جەنگ کۆتایی پێبێت پێدەچێت نەتوانین کارێکی ئەوتۆ بکەین، تەنها ئەوە نەبێت لەگەڵ هاوسۆزی بۆ قوربانییان خۆمان بۆ هیچ لایەنێک یەکلایی نەکەینەوە، بەڵام لەگەڵ ئەم سیناریۆ مەترسیدارانە ئەوەی مایەی خۆشحاڵییە هەوڵەکان بەو ئاڕاستەیەن کە رێگری لە فراوانبوونی بگیرێت. 
ئەنتۆنی بلینکین وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانێکی بەپەلەی بۆ وڵاتانی ناوچەکە کرد، هەموو هەوڵەکانیشی بۆ فراوان نەبوونی جەنگەکە بوو، هەروەها حەسەن نەسروڵڵاش لە وتارەکەیدا ئەو مەترسییەی رەواندەوە، بەڵام بەکراوەیی هێشتییەوە، تورکیا و ئێرانیش جگە لە شەڕی راگەیاندن هیچ ئاماژەیەکیان نییە بۆ ئەوەی بچنە جەنگەوە. 
بۆیە هێشتا ئومێدێک هەیە کە جەنگ کۆتایی بێت و هەموان لە پڕیشکەکەی پارێزراو بن.

وتارەکانی نوسەر