مێڵ، فەیلەسوف بوو بایەخی بە ئابووریی سیاسی و ریفۆرمی کۆمەڵایەتی دەدا، خاوەن لۆجیک و فەلسەفەی ئەزمونگەرایی بوو، یەک لە دیاریترین بانگەشەکەرانی مەزهەبی کەڵکگەراییە. لە ساڵی 1806 لەندەن لە دایک بووە. جۆن بە دوایین نەوەی ئەو فەیلەسوف و بیرمەندانە دادەنرێت کە لە تێرۆانینی گشتگیرەوە مامەڵەی لەگەڵ ئابووری کردووە، بەر لەوەی ئابووری ببێتە زانستێکی سەربەخۆ.
باوکی جۆن، واتە جەیمس مێڵ، فەیلەسوف و مێژووناس و ئابووریناس بووە، یەکێک بووە لە قوتابییەکانی جێرمی بێنتام، هەر لای ئەویش ئەخلاق و ئابووریی سیاسی خوێندووە، جەیمس سوور بووە لەسەر ئەوەی بە شێوەیەکی دروست منداڵەکەی پەروەردە بکات و هەوڵیداوە کاریگەریی پەروەردەکردنەکەی لەسەر پێگەیاندنی کوڕەکەی دەربکەوێت.
رێبازی کەڵکگەرایی
مێڵ لە تەمەنی سێ ساڵیدا دەستی بە فێربوونی زمانی یۆنانی کردووە، لە هەشت ساڵییدا چەندین کتێبی کلاسیکیی لاتینی و یۆنانی خوێندۆتەوە، مێڵ بەو منداڵییەوە، توانایەکی گەورەی لە وەرگرتن و تێگەیشتنی هەموو ئەوەی دەیخوێنتەوە هەبووە. لە دوازدە ساڵییدا، دەستی بە خوێندنەوەی لۆجیک و فەلسەفە کرد، لە سێزدە ساڵیدا، ئابووریی سیاسی خوێندەوە، بەو جۆرە، بەو تەمەنە کەمەیەوە، کەلتورێکی فراوان و بڕێکی زۆری زانست وەرگرت. لە چواردە ساڵیدا، بەرەو فرەنسا رۆیشت و لەوێ سەردانی خێزانی سامۆئێل بێنتامی کرد، توێژینەوەیەکی زانستی ئەنجامدا، کاتێک گەڕایەوە لەندەن دەستی بە خوێندنی ماف کرد.
بە رێبازی (کەڵك)ی بێنتام سەرسام بوو، کە رێبازێکی فەلسەفییە و دەڵێ: کەڵک بڕیار لەوە دەدات کە ئەم کارە بەسوودە یان خراپ، مەبەست لە کەڵك، دەستەبەرکردنی زۆرترین خێر و بەختەوەرییە بۆ مرۆڤ، لە ساڵی 1822دا کۆمەڵەی رێبازی کەڵک (Utilitarian Society)ی دامەزراند.
مەیلی ریفۆرمخوازیی
لە ساڵی 1823دا وەک فەرمانبەر لە کۆمپانیای هیندی خۆرهەڵات دەستبەکار بوو، باوکیشی فەرمانبەرێکی گەورەی ئەو کۆمپانیایە بوو، بەرەبەرە پلە وەزیفییەکەی بەرز بۆوە و گەیشتە بەرزترین ئاستی، تا لە ساڵی 1858دا کۆمپانیاکە هەڵوەشێندرایەوە. ماوەی 30 ساڵ لەو کۆمپانیایە بەردەوام بوو، لە ساڵی 1865دا بووە ئەندامی پەرلەمان، لەوێ بەرگری لە مافی ژنان و ئەوەی ئەمڕۆ پێی دەوترێ سیاسەتی لیبڕاڵی کرد، وەک پاراستنی مافی کرێکاران لە رێی سەندیکا و هەروەها لە رێی سیستمی باجەوە داهات بەسەر کۆمەڵگەدا بەش بکرێت و رەخنەی لە ئیستعمار گرت و بەرگرییەکی بەهێزی لەو مەیلە ریفۆرمخوازییەی خۆی دەکرد. بەڵام لە رێی کتێبی لەمەڕ فەلسەفە و ئەخلاق و ئابووری و سیاسەت، بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی قوتابخانەی کلاسیکی ئابووری دادەنرێت. لەبەر گرنگییدانی زیاتری بە ئابووریی سیاسی، کردییە یەکێک لە سیمبولەکانی هزری لیبراڵی خۆرئاوا، بەدوایشیدا هزری مێڵ بەو شێوەیە داڕێژرایەوە کە خزمەتی سەرمایەداری بکات، لەبەرئەوە لەگەڵ گۆڕانی هزرییدا، بۆچوونەکانی بۆ بەرگری لە پارێزگاران خستەگەڕ، کە پێشتر رەخنەی لێدەگرتن.
لەمەڕ ئازادی
لە ساڵی 1844دا وتاری (هەندێک پرسی ئابووریی سیاسیی چارەسەرنەکراو)ی بڵاوکردەوە، تێیدا چارەسەری بۆ چەندین کێشەی ئاڵۆز خستۆتەڕو، وەک کاریگەریی بەکاربردن لەسەر بەرهەمهێنان و پەیوەندیی وردی نێوان قازانج و کرێ، پێناسەکردنی کاری بەرهەمهێن و کاری نابەرهەمهێن، لە بەشێکی زۆری بۆچوونەکانیدا لە ژێر کاریگەریی دەیڤد ریکاردۆ-دا بووە. لە ساڵی ١٨٤٨دا کتێبی (پڕەنسیپەکانی ئابووریی سیاسی)ی بڵاوکردەوە، تێیدا پڕەنسیپەکانی ئابووریی سیاسی و پراکتیزەکردنیان لەسەر گرنگترین پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەوکات خستۆتەڕوو. لەو کتێبەیدا بەرگری لە سوسیالیستی کردووە و باس لە تیۆرەکانی بەها و خستنەڕوو خواست و دەستکەوتی داشکاو لە خستنەگەڕی دەرامەتەکان وەک مەدخەلاتی ئابووری دەکات، لەسەر بنچینەی کەڵکگەرایی مامەڵەی لەگەڵ پرسی دابەشکردنەوەی سامان کرد.
لە ساڵی 1859دا کتێبی لەمەڕ ئازادی (On Liberty) بڵاودەکاتەوە، تێیدا باس لە شێوەکانی ئازادی دەکات، مێڵ لەم کتێبەیدا داوای فەراهەمکردنی ئازادی بۆ تاک دەکات، بەوەی پانتاییەکی فراوان بۆ گەشەپێدانی بەهرەکان و بەهێزکردنی توانای تاکەکان فەراهەم دەکات، مێڵ رای وایە کەڵکی تاکەکەس تەنها بە ئازادبوونی زامن دەکرێت، کۆمەڵگەش بە ئازادی و سەربەخۆیی تاکەکانی دەوڵەمەند دەبێت، ئازادیی تاک تەنها لە سنووری ئازادیی ئەوانیتردا دەوەستێت.
کتێبی بیرەوەرییەکان
لە ساڵی 1863دا کتێبی (رێبازی کەڵک)ی بڵاوکردەوە، پاشان لە ساڵی 1865دا بووە ئەندامی ئەنجومەنی گشتی لەسەر ناوچەی وێستمنستەر. داوای مافی ژنانی لە هەڵبژاردنەکاندا کرد، ئەم بابەتەی لە کتێبی (کۆیلایەتی ژنان)دا باسکردووە، هەروەها داوای ئازادی بۆ ژنان و یەکسانکردنی بە پیاوان کرد، پشتیوانی خوێندنی ئیلزامی کرد، لێبڕاوانە کاری بۆ باشکردنی گوزەرانی چینی کرێکاران دەکرد.
بەر لە مردنی، کتێبی (بیرەوەرییەکان)ی بڵاوکردەوە، بایەخی ئەم بیرەوەرییانەی لەو زانیارییە مێژووییانەدا بوو، کە پەیوەست بوون بەو سەردەمەی تێیدا ژیاوە. دوای سەرنەکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی گشتی، گەڕایەوە بۆ ماڵە بچوکەکەی خۆی لە ئافینیون، درێژەی بە خوێندنەوە و نووسین دا، تا لە ساڵی 1873دا کۆچی دوایی کرد.