عیراق و هەرێم پێویستیان بەکاری ئەمنی هاوبەشە

09:41 - 2023-10-25
دانـا لوقـمان بـۆتـانی
301 خوێندراوەتەوە

خۆرهەڵاتی ناوەڕاسـت روبەڕووی دۆخێکی ناسەقامگیر بۆتەوە ، بەتایبەت ئەوەی لە کەرتی غەزە دەگوزەرێت، هاوکێشەیەکی زۆرئاڵۆزتری هێناوەتە ئاراوە، لەلایەک بەرەی پشتیوانانی غەزە و لەلایەکی تر بەرەی پشتیوانی ئیسرائیل، رۆژ لەدوای رۆژیش پریشکی شەڕەکە درێژ و بڵاودەبێتەوە. 
عیراق لەڕووی جیۆپۆلەتیكییەوە سەنتەرێكی گرنگە لەناوچەكەدا، ئەگەر چەند دەیەیەك بگەڕێینەوە رابردوو لە جەنگی جیهانی یەكەمەوە تاوەكو روخاندنی رژێمی بەعس لە 2003 ، دۆخی ناسەقامگیری سیاسی و سەربازی و كۆمەلگەیی و دەستتێوەردانی وڵاتانی ئیقلیمی ساڵ لە دوای ساڵ زیادی كردووە، دوای بەجیهانیبوونیش وردتر ببینەوە پاش رژێمی بەعس ئەجێندای ناسەقامگیربوون لە عیراق بە فۆرم و شێوازێكی جیاوازتر دروست بووە.
پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی وڵاتان
 ئەوەی لەئێستادا زیاتر وڵاتانی جیهان جەختی لەسەر دەكەنەوە، پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی وڵاتەكانیانە، عیراقیش دوور نییە لەو تێكستە، چونكە ئەو پێكدادان و هێرشكردنە بەردەوامانەی غەزە، خەریكە ئاراستەی داواكردنی مافی فەلەستینییەكان و ئەو هێرشە چڕەی ئیسرائیل دەیكات لەپێناوی پاراستنی خۆی دەگۆڕدرێت. بۆیە ئێستا پێویستە لەهەموو كاتێك زیاتر جەخت لەسەر پاراستنی ئاسایشی عیراق بكرێتەوە و هەرچی بۆشایی ئەمنی هەیە لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەند بەهاوبەشی پڕبكرێتەوە، چونكە دەمێكە رابردوو ئاشكرای كردووە ئەو لێكتێنەگەیشتن و بۆشاییانەی نێوان هەردوولا بوونی هەیە و ئەگەر نەگەیشتنە دەرئەنجام و چارەسەرێكی ریشەیی ئەوا هاوبەشی بوون چارەسەرێكی باشی دۆخەكە دەكات، بەتایبەت ئەوەی لە ناوچە كێشەلەسەرەكان دەگوزەرێت لەڕووی ئەمنی و سیاسی و ئیداری ناوچەكە بەهاوبەشی بەڕێوەبچێت، بۆ ئەوەی هیچ رووداوێكی نەخوازراو وەك ئەوەی مەخمور روونەداتەوە. 
مانەوەی مەترسی گروپە تیرۆریستییەکان
عیراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە لە شانەی نووستووی قاعیدە و درێژكراوەكەی (داعش) بەتەواوی پاك نەبۆتەوە، زاڵبوونی تەواو بەسەر تیرۆرستاندا لەماوەیەكی كەمیشدا ئەستەمە، چونكە تیرۆر و كردەوەی تیرۆریستی بۆ چەندین ساڵی دوای خۆی كاریگەری جێدەهێڵێت، چونکە تیرۆریستان هەمیشە بۆ ئەو دۆخە دەگەڕێن كە ناكۆكییە سیاسی و ئەمنییەكان و تێكچوونی ئاسایشی وڵاتەكە بوار بداتە دەستیان، كە سوود لەو دۆخە ناسەقامگیرە وەربگرن و تۆڕی تیرۆریستانەی خۆیان فراوانتر بكەن.
کێشە سیاسییەکانی هەرێم و بەغدا
 بەبۆچوونی من گرنگە لەم قۆناغەدا رێگە نەدرێت كێشە سیاسییەكانی نێوان حكومەتی  هەرێم و بەغدا هێندە ئاڵۆزبێت، بە تایبەت ئەو كێشانەی پەیوەندیان بەژیانی رۆژانەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، وەکو پرسی مووچە كە مافی خەڵكی كوردستانە بدرێت بۆ ئەوەی ئاڵۆزی پەیوەندییەكان زیاتر نەبێت، چونكە لە رابردوودا بینیومانە چۆن تێكچوونی ئەمنیەت و تیرۆر هەموو كەرتەكانی خزمەتكردنی وڵاتی لەرزۆك كردووە، بۆیە پێویستە خاوەنی یەكگوتار بین و بە ئیرادە و تواناوە تیشك بخەینە سەر پاراستنی ئەمنیەتی عیراق و هەرێمی كوردستان.

وتارەکانی نوسەر