لەناو رووداوەکاندا

مێژووی ژێر خاکەکەی عیراق

10:45 - 2023-10-30
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
451 خوێندراوەتەوە

لەدوای مێژوویەکی دوور و درێژ، هەندێک پارچە شوێنەوار لەژێر خاکی عیراقدا دەدۆزرێنەوە دنەی عەقڵ و بیرکردنەوەمان دەدەن کە بڵێین «عیراق، تاکە وڵاتە رابردووەکەی گەلێک جوانترە لە ئەمڕۆی» ئەڵبەت رابردوویەکی نزیک نا کە لە پاشایەتی و دواتر سەردەمی بەعس و پاشانیش ساڵانی 1979دا سەدام دەگاتە ترۆپکی دەسەڵات، بەڵکو رابردوویەک کە لە رێگەی ئەو تابلۆ و شوێنەوارانەوە دەیبینین لەژێر خاکی عیراقدا دەدۆزرێنەوە، یان پێشتر دۆزراونەتەوە و ئێستا لە مۆزەخانەکاندا پارێزراون.
بەپێی هەواڵی میدیا عیراقییەکان، لە رۆژانی رابردوودا، لە پارێزگای نەینەوا لە باکووری عیراق، پەیکەری گامێشێکی باڵدار لەژێر خاکدا دۆزرایەوە کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی ئاشوورییەکان دەگەڕێتەوە، لە راستیدا ئەوە مێژووی عیراقە، ئەوە سەردەمی جوانی عیراق و ئێستاتیکا و شیعر و هونەری عیراقە، نەک ئەم مێژووەی کە دەسەڵاتە سیاسییە یەک لەدوای یەکەکانی عیراق ئەوەندە دژی یەکتر وەستاونەتەوە و لەیەکتریان کوشتووە، هەموو شتێکی عیراقی لە بەرامبەردا دژێک و نەیارێکی هەیە، تەنانەت دیکتاتۆر سەدام ئەوەندە ململانێ مەزهەبی و حزبییەکەی توندکردبۆوە لە نێوان عیراقییەکاندا، دەیووت «وەلائی حزبی گرنگترە لە خوێن و رۆح و نیشتمان و هەر شتێکی دیکە».
ئەوەی ئەم عیراقەی لە وێنەیەکی پڕ بەرهەم و عیراقی دۆڵی دوو رووبارەکەوە گەیاند بەم رۆژە رەشە، ئەوەبوو عیراق دابڕێنرا لەو مێژووە چەند هەزار ساڵەیەی خۆی کە ئێستا لەژێر خاکەکەیدا دەدۆزرێتەوە، مێژوویەک کە سەرکردەی قەرامیتەکان بە چاوگەی رۆشنگەریی سەردەمی خۆیان ناودەبرد و مەغۆلەکانیش بۆئەوەی شتێک لەم رۆشنگەرییە ببەن بۆ خۆیان، پەلاماری عیراقیاندا و تەواوی مێژووەکەیان ئاوەژووکردەوە، تا گەیشتنی بەریتانییەکان و فەرەنسییەکان و هاتنی جەعفەری مەنسوور بۆ نەجەف و کەربەلای ئێستا، ئەم عیراقە یەکێک بوو لە هاوشانەکانی لوبنان (سویسرای خۆرهەڵات)، بەڵام وەک فریا ستارك دەڵێت : هەندێک راپەڕین و کودەتا، دەرگای دۆزەخی بەسەر عیراقدا کردەوە و ئیدی عیراق بۆ مێژوویەکی 100 ساڵە لە جوانییەکانی خۆی دابڕا.
بە شێوەیەک لە شێوەکان دەتوانین بڵێین، ئەوەی لەژێر خاکی عیراقدایە سیگناڵێکی روونە کە ئەم وڵاتە ژێر خاکەکەی لەسەر خاکەکەی دەوڵەمەندترە و جوانترە، چونکە ئەمە یەکەمجار نییە پرسی شوێنەوارە مێژووییەکانی عیراق راگەیاندنەکان و جیهان بەخۆیەوە سەرقاڵ دەکات، لە ساڵی 2020دا و بەپێی میدیا عیراقییەکان بێت لە جەنگی عیراق ــ ئێرانەوە تا دەرکەوتنی داعش لە 2014، تەنها لەو ماوەیەدا 20 هەزار پارچە شوێنەواری مێژوویی عیراق دزراوە، 330 پارچە شوێنەواریش کە هەندێکیان تاشەبەردبوون و بەخەتی بزماری لەسەریان نووسرابوو، دزرابوون و لەمۆزەخانەی (نابو)ی لوبنان نمایش کران.
نەک هەر ئەوەی وتمان، تەنانەت لە چەند رۆژی رابردووشدا، ئەحمەد عەلەوی وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری و شوێنەوارە دێرینەکانی عیراق رایگەیاند، وەزارەتەکەیان سەرکەوتوو بووە لە وەرگرتنەوەی 17 هەزار و 338 پارچە شوێنەوار لە  دوو ساڵی رابردووداو بڕی 6 هەزار پارچە شوێنەوار وەرگیراوەتەوە.
ئەمانە و چەندان شوێنەواریتریش کە گەڕێنراونەتەوە بۆ عیراق، جگە لەوەی هێمایە بۆ مێژووی ژێر خاکەکەی عیراق کە چەند دەوڵەمەندە، هیچیتر نییە.

وتارەکانی نوسەر