مەسەلەکە هەرچۆن بێت

لەنێوان حەماس و پەیەدە دا

09:48 - 2023-10-31
خەڵەف غەفور
282 خوێندراوەتەوە

خەڵەف غەفور

پارتی یەکێتیی دیموکراتیک- پەیەدە لە 20ی ئەیلولی ساڵی 2003 لە رۆژئاوای کوردستان دامەزراوە، لەدوای هەڵگیرسانی شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی و گەیشتنی بە سوریا، بەشداریی کارای هەبوو لە رزگارکردنی بەشێک لە ناوچە کوردییەکان، باڵی سەربازییەکەی ناوی هێزەکانی سوریای دیموکرات- هەسەدەیە، ئەمریکا پشتیوانیی دەکات و تورکیا دژیەتی.
بزووتنەوەی بەرگریی فەلەستین- حەماس لە 15ی ئەیلولی 1987 لە فەلەستین دامەزراوە، هێزە چەکدارەکەی بە کەتائیبی عیزەدین قەسام ناسراوە، رۆڵی دیاری لە جۆشدانەوەی خەباتی چەکداریی دژی ئیسرائیل هەیە، بە داگیرکەری خاک و نیشتمانی فەلەستین ناویان دەبەن، بۆیە بە هەموو شێوەیەک دژیان وەستاونەتەوە.
پرسی بە تیرۆرناساندنی هەریەکە لە پەیەدە و حەماس لە گەرمترین پرسە سیاسییەکانە، بەتایبەتی لە ساتەوەختی هەڵگیرسانەوەی شەڕی 7ی ئۆکتۆبەرەوە کە حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، تورکیاش هێرشەکانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان چڕتر کردۆتەوە، ئەو پرسە زیاتر بۆتە قسە و باسی نێوان زلهێزەکان. 
لە بە تیرۆریست ناساندنی حەماسدا، جیهان تووشی جەمسەربەندییەکی سەیر بووە، بەڵام لەسەر رۆژئاوای کوردستان و پەیەدە جیاوازییەکە لارە سەنگە، تای تەرازووەکە بەلای پەیەدە دا شکاوەتەوە، بەڵام لە هەموو بارەکاندا نادادپەروەرییەکی تێدایە و مافی نەتەوە و گەلان لەبەرچاو نەگیراوە.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت "یەپەگە و پەیەدە بەلای تورکیاوە دوو رێکخراوی تیرۆریستین، بەڵام هەندێک وڵات بە رێکخراوی تیرۆریستی نایناسێنن، بۆیە ئێمەش حەماس بە هێزێکی سیاسیی دەوڵەتی فەلەستین دەزانین و بە رێکخراوی تیرۆریستی نازانین".
فیدان پێوەرەکان پێچەوانە دەبینێت، مافی مرۆڤەکان جیادەکاتەوە لە نێوان دوو جوگرافیای حەماس و پەیەدەدا، دژی کوشتنە لە جوگرافیایەکدا کە حەماسی نزیک لێی تیایدا لە جەنگدایە، بەڵام رەوایەتی داوەتە کوشتن لە جوگرافیا کوردستانەییەکدا کە پەیەدە تیایدا فەرمانڕەوایی دەکات و دەیەوێت جیهان لە کوشتنی کوردانی رۆژئاوا بێدەنگ بێت، بەڵام لەسەر کوشتنی دانیشتوویەکی غەزە بە دەنگی بڵند هەڵوێست وەربگرێت "ئەوانەی ئەمڕۆ چاوپۆشی لە دەرکردنی فەلەستینییەکان لە خاکی خۆیان دەکەن، مافی ئەوەیان نییە سبەی باس لە ماف و ئازادییەکان بکەن".
دەرکردنی غەزەییەک تاوانە، بەڵام داگیرکردنی عەفرین ئاساییە، چونکە غەزە حەماسی جیهادی داکۆکی لێدەکات و عەفرین پەیەدەی تیرۆریست، کوشتنی غەزەییەک تاوانە و عەفرینییەک ئاسایی، جوگرافیای یەکەم خاکی مسوڵمانان و زەوی پیرۆزە، بەڵام خاکی کوردستان وا نییە، جگە لە یاسا و بنەماکانی سیاسەتی تاوانکاریی هیچ پێوەرێک دادپەروەریی لەو جیاوازییانەدا نابینێت.
لە زۆر رووەوە حەماس و پەیەدە جیاوازن، شوناس و بنەمای خەبات، شێوازی کارکردن و ئامانجی دوور و نزیک، بڕوابوون بە پێکەوەژیان و جێگیرکردنی سیستمێکی دیموکراسی کە گەل بڕیاردەری داهاتووی قۆناغەکانی ژیانی فەرمانڕەوایی بێت، پەیەدە بڕوای تەواوی بەو بنەمایانە هەیە، لە چەند ساڵی رابردوودا بێ پەنابردن بۆ توندوتیژیی کردوویەتییە کردار، چاوی لە خاکی کەسیش نەبووە و بۆ ئازادیی مرۆڤ خەبات دەکات.
هەڵەی باوی تورکیا لێرەدایە کە دەیەوێت پێناسەی نەگونجاو ببڕێتە باڵای پەیەدە و رۆژئاوای کوردستان، دەیەوێت بیکات و ناکرێ، دەیەوێ سەرکەوێ و دەکەوێ. 

وتارەکانی نوسەر