سوریا وەكو گۆڕەپانێكی كراوە بۆ ململانێ ئیقلیمییەكان

10:25 - 2023-11-01
فەتحوڵڵا حوسێنی
175 خوێندراوەتەوە

لەكاتێكدا فادیم كۆدیمی جێگری سەرۆکی سەنتەری روسی بۆ ئاشتەوایی لەنێوان لایەنە بەشەڕهاتووەكانی سوریا، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا، بە پێشێلكردنی ئاسمانی سوریا تۆمەتبار دەكات، لەرێگەی فڕۆكەی جەنگییەوە، ئەوا ئیسرائیل فڕۆكەخانەی دیمەشق و ئەدلیبی بۆردمان كرد و هەردوو فڕۆكەخانەشی لەكارخست، وەكو دەرهاویشتەیەكی شەڕ و ململانێی لەگەڵ رێكخراوی حەماس.
ئاسمانی سوریا پێشێل دەكرێت
 ئەمە واتای ئەوە دەگەیەنێت، هەموو ئاسمانی سوریا پێشێل دەكرێت لە دیمەشقەوە تا قامیشلۆ، لە رێگەی فڕۆکەی ئیسرائیل و هەروەها توركیاوە، ئەمەش ئەو وڵاتەی كردووە بە گۆڕەپانێكی كراوە بۆ ململانێی لایەنە ئیقلیمییەكان و هەندێك وڵاتی تری ناوچەكە، ئەو  لەسوریاش هەیە، وایكردووە جوگرافیاكەی لەبەردەم هەڕەشەی بۆردومانی رۆژانەدا بێت،  لەلایەن فڕۆکەی جەنگییەوە بێت یان فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (درۆن)، ئەو بارودۆخەش مەترسی ئەوەی لێدەكرێت، ململانێی سوریا فراوان بێت و وڵاتانی تری ناوچەكەش بگرێتەوە.
هێزەكانی سوریا دیموكرات شەڕی تیرۆر دەكەن
لەكاتێكدا كە هێزەكانی سوریای دیموكرات شەڕی تیرۆر دەكەن لە خۆرهەڵاتی رووباری فورات، راپۆرتە نێودەوڵەتییە نوێکان باس لە دەركەوتنەوەی داعش لە خۆرئاوای فورات و خۆڕێكخستنەوەی ئەو ریكخراوە دەكەن لەو ناوچەیە، بەتایبەت كە ناوچەكە لەژێر كۆنترۆڵی روسیایە و حكومەتی دیمەشقیش توانای روبەڕوبوونەوەی رێكخراوە تیرۆریستییەكانی نییە، روسیاش بەردەوامە لە جەنگی تەقلیدیی دژ بە ئەمریكا و بەتایبەتیش لە سوریادا.
حكومەتی دیمەشق كۆنترۆڵی سوریای پێ ناكرێت 
لە راستیدا حكومەتی سوریا و ئەسەد كۆنترۆڵی ناوچەكانی سوریایان لەدەستدا نییە، چونكە ئەو وڵاتە بووەتە گۆڕەپانی جەنگ و ئەمەش لێكدانەوەیەكی زاڵمانە نییە و راستییە، بەتایبەت كە گروپگەلی تیرۆریستی جارێكی تر لە خۆرئاوای سوریا سەریان هەڵداوەتەوە، ئەمە  چ جای زیادبوونی ململانێی توركیا - روسیا لەسەر نفوز لە پارێزگای ئەدلیب و رێگای  نێودەوڵەتی ئێم 5.

 

 

لەكاتێكدا كە هێزەكانی سوریای دیموكرات شەڕی تیرۆر دەكەن لە خۆرهەلاتی فورات، راپۆرتە نێودەوڵەتییە تازەكان باس لە دەركەوتنەوەی داعش لە خۆرئاوای فورات و خۆرێكخستنەوەی ئەو ریكخراوە دەكەن لەو ناوچەیە

 

سێ گریمانە لە سوریا
لەبەر هەموو ئەمانە گریمانە بۆ سێ سیناریۆ دەكرێت لە سوریادا: یەكەم، دۆزینەوەی نەخشەرێگەیەك بۆ چارەسەری ناوخۆیی لەنێوان هێزەكانی خۆرهەڵات و خۆرئاوای فورات، بۆ رێگرتن لە چالاكبوونەوەی گروپە تیرۆریستییەكان و بەرێكەوتن لەنێوان سوپای ئەسەد و هێزەكانی سوریای دیموكرات، دووەم: دانانی پلانی خێرا بۆ رێگرتن لەو ململانێ خوێناوییە لە سوریادا هەیە و پەنابردنە بەر دانوستان لەنێوان ئەسەد و كورد بە سەرپەرشتی روسیا و ئەمریكا، دوور لە بەرژەوەندیی وڵاتانی ئیقلیمی، سێیەم: سوریا بەیەك پارچە سەیر بكرێت، نەك وەكو وڵاتێكی پارچەپارچەكراو لەنێوان هێز و لایەنی جیاجیادا، دوای ئەوەی ساڵانێكە دابەش بووە لەنێوان گروپ و وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدا، كە رێكەوتنێكی گشتگیری نێودەوڵەتی دەوێت، ئەمەش نزیكترین و خێراترین سیناریۆیە بۆ جێبەجێكردن.
واقعێكی تر
لەنێو ئەو سێ سیناریۆیەدا، واقیعێكی تر هەیە كە دەبێت ئاگاداری بین، ئەویش ئەوەیە، قەیرانی سوریا بەردەوامە و چارەسەری بۆ نەدۆزراوەتەوە، ئەوەش وایكردووە تارمایی شەڕ باڵ بەسەر هەموو ناوچەكەدا بكێشێت، لەبەر جوگرافیای سوریا و فرەیی نەتەوەیی تێیدا، بۆیە دروستبوونی سەقامگیری لە سوریا كاریگەریی باشی لەسەر ناوچەكەش بەگشتی دەبێت و رێگریش دەبێت لە هەوڵی فراوانخوازی هەندێ وڵات لە نەخشەی نوێ خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، كە ئێستا كاری بۆ دەكرێت، دواجاریش رێگر دەبێت لە دەركەوتنەوە و بەهێزبوونی رێكخراوە تیرۆریستییەكان لە سوریا، كە ئێستا هەوڵ بۆ دۆزینەوەی كەلێنێك دەدەن بۆ رێكخستنەوەی ریزەكانیان.

و: گۆران

بەردەوامیی پێشێلکاریی وڵاتانی ئیقلیمی بۆ سەروەریی خاکی سوریا

وتارەکانی نوسەر