پشووی هاوین بڕایەوە دەرگای مەکتەب نەکرایەوە

10:26 - 2023-11-05
ماردین عه‌بدولكه‌ریم
258 خوێندراوەتەوە

نزیكەی دوو مانگە لە دەڤەری سلێمانی و ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان و هەڵەبجەدا، بەهۆی بایكۆتی مامۆستایانەوە، دەرگای مەكتەبەكان بەداخراوی ماونەتەوە و پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن بەتەواوی پەكخراوە.
 ئەمساڵ بەهۆی بایكۆت و ئەوێ‌ ساڵێ‌ بەهۆی كۆرۆناو پێشووتریش بەهۆی داعش و بەوجۆرە ساڵ دوای ساڵ چەند نەوەیەكی كورد بەرەو نیمچە نەخوێندەواری دەبرێن، مامۆستایانیش كەپایەی سەرەكی پڕۆسەی خوێندنن لە دووڕیاندان، لەلایەك نیگەرانی مووچە و قووتی خۆیان و خێزانەكانیانن و لەلایەكیش نیگەرانی لە دەستچوونی ساڵێكی خوێندنی جگەرگۆشەكانن، دوورنییە لەم نێوەندەدا منداڵی خۆشیان زەرەرمەندی بایكۆت بن.
مامۆستا سومبولی پیرۆزییە
لە مێژوودا مامۆستا سومبولی پیرۆزیی بووە و پیشەكەی پڕبەهاو بێهاوتا هەژماركراوە، هەروەها دەوترێت وشەی مامۆستا لە مام وەستاوە هاتووە واتا وەستای پێگەیاندنی هەموو پیشە و پیرۆزییەكانی ترە، نەجیب مەحفوز نووسەر و ئەدیبی میسری دەڵێت:» مامۆستا خاوەنی مەزنترین پیشەیە و هەموو پیشەكانی تریش لەسەر دەستی ئەو پێدەگەن». مەلیك فەیسەڵی ئەوسای عیراقیش لەبارەی مامۆستاوە دەڵێت:» ئەگەر مەلیك نەبوومایە مامۆستا دەبووم». ئەمانە و چەندین وتەی بەنرخی تر لەبارەی مامۆستاوە وتراوە، بەڵام ئەمڕۆ لەسایەی دەسەڵاتی كوردی شكۆی مامۆستا بەجۆرێك شكێندراوە، خوێندكار و خەڵك، دەزانن مامۆستا گیرفانی بەتاڵە و بۆتە جێی سۆز و بەزەیی هەموان.
لێرەدا سەرباری هەموو ئاڵنگارییەكان، دەبێت بەوپەڕی رێزەوە داوا لە مامۆستایان بكرێت دەرگای مەكتەب بكەنەوە و پێیان بڵێن، دەمێكە پشووی هاوین بڕاوەتەوە و خوێندكاران چاویان چاوەڕێی كردنەوەی دەرگا داخراوەكانی مەكتەبە، مامۆستاش دەبێت بە گەورەیی خۆی بیری لای ئەوە بێت بەبایكۆتكردن هەردوولا مامۆستا و خوێندکار زەرەرمەند دەبن، بەپێچەوانەوە بەكردنەوەی دەرگای مەكتەب تەنیا مامۆستا زەرەرەومەند دەبێت و كوردیش دەڵێت:» زەرەر لە نیوەی بگەڕێتەوە باشترە».

هاندان بەرەو هەموو  جۆرەكانی ناڕەزایی
لەڕووی  هەڵوێستیشەوە هەمیشە مامۆستایان بەخۆڕاگری و سەربەرزی ناسراون، بەڵام لەم هەلومەرجەدا سەرباری كەموكورتییەكانی حكومەتی هەرێم، پێویستە مامۆستایان لە هەموو گۆشەنیگاکانەوە سەیری ئەم قەیرانە بكەن و بیریان لەلای ئەو راستییە بێت‌، دوژمنانی كورد چاویان لەسەر لەباربردنی ئەم نیمچە سەربەخۆییەیە، مامۆستایانیش كە توێژی رۆشنبیر و زیندوی كۆمەڵن، دەبێ‌ درك بەو راستییە بكەن، بەڵێ‌ حكومەتی هەرێم كەمتەرخەمە، بەڵام حكومەتی ناوەندیش هەر رۆژەی بە بەهانەیەك مووچە دوادەخات، بێگومان مەبەست لەم دواخستنە بەشێكی بەپڕۆگرامە و مەبەست لێی هاندانی هاووڵاتی كوردە بەرەو خۆپیشاندان، بایكۆت، مانگرتن و هەموو جۆرەكانی ناڕەزایی، ئەوەی زۆر ئاشكرایە حكومەتی هەرێم هۆكاری بەدەستەوەدانی خاڵی لاوازە بەرانبەر حكومەتی ناوەندی، بەڵام تێكچوونی باری ئاسایش و پەروەردە و تەندروستی و بازاڕ و لایەنی سیاسی و كۆمەڵایەتی ئەم هەرێمە ئاواتی هەموو عەرەبێكی شۆڤێنییە بەر لە هەر نەیارێكی تر.
لەمبارەیەوە دەروونناسان دەڵێن، توندوتیژی، توندوتیژی بەرهەم دێنێتەوە، بەم پێوەرەبێت حكومەتی ناوەند، حكومەتی هەرێم دەچەوسێنێتەوە، ئەوانیش مامۆستا و مامۆستاش خوێندكاران دەچەوسێننەوە، بەڵام مامۆستایان توێژی رۆشبیر و حەكیمی كۆمەڵگەن، سەرباری رەوایی داواكانیان، بۆیان روونبۆتەوە یەكێتیی نیشتمانیی لە زۆنی دەسەڵاتی خۆیدا رێگر نەبووە لە دەربڕینی ناڕەزاییەكانیان، بۆیە هەقی خۆیەتی هەم كۆتایی بە دەستی ئاژاوەی نەیاران بهێنن هەم كۆتایی بەپشووی هاوین بێنن و دەرگای مەكتەب بكەنەوە.

وتارەکانی نوسەر