پێشنیازێک بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی

10:26 - 2023-11-05
هەستیار مارف ئاغا
537 خوێندراوەتەوە

کورد هەمیشە وتویەتی تەنها دۆستمان شاخەکانە، بۆیە شکاندن و کەلکردن و تەختکردنی شاخەکان بۆ هەر مەرازێک بێت، ئازاربەخشە.
زۆرجار دەوترێت هەندێک شاخ و کێو هەیە بۆ هیچ مەبەستێک بەکارناهێنرێن و تەنها دارێکیش لەخۆ ناگرن، بەڵام ئەگەر ئاوڕێک لە زنجیرە شاخەکانی گۆیژە و ئەزمەڕ بدەینەوە دەبینین هێدی هێدی کەل دەکرێن و بەکاردەهێنرێن بۆ شوێنی سیتی و ئاپارتمانە گەورەکان.

دیمەنێکی ناوازەن بۆ شار
ئەم زنجیرە شاخانە، شاخەکانی ئەزمەڕ و گۆیژە، سەرەڕای جوانی و سەوزی و زۆری دارستان و پاوەن و بەرزی و بەپیتییان، دیمەنێکی ناوازە دەدەن بە شاری سلێمانی و بوون بە رەمز و ناسنامە بۆ شارەکە، ئەم دوو شاخە ئەو زنجیرەیەن پێکەوە دەست لەملان بوون و تائێستا لەیەک جودانەبوونەتەوە، بەداخەوە رۆژانە دەبینین چەندین شاخ و گردۆڵکە و بەرزایی ئەم دەڤەرە، بنکەن دەکرێن و دەشکێنرێن و لێک دەترازێن، تەنانەت لە هەندێک شوێن دیوار، راگر یان بەربەستێکیان بۆ دروستناکەن تا ببنە پاڵپشت بۆیان و لە هەرەس و تۆفان و زریان و داڕمان بیانپارێزن.
 ئەم دوو شاخە، ئەو دوو دیمەنەن هەمیشە پیرەمێردی شاعیر لە هۆنراوەکانیدا زۆر بەجوانی باسیان دەکات و وەک تارای سپی سەر بووکی سلێمانی ناویان دەبات.

دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی گەشتیاری
چەندین کۆمپانیای وەبەرهێنەر سوود لەم دوو زنجیرە شاخە وەردەگرن بۆ دروستکردنی بینا و سیتی و ئاپارتمانی بەرز و شوێنی گەشتیاری لەناو و لە دامێنی شاخدا، بۆیە حەق وایە شارەوانی سلێمانی داوابکات لە سەرجەم ئەو کۆمپانیایانەی کۆمەڵگە و پڕۆژەکانیان کەوتۆتە نێو ئەم دوو زنجیرە شاخەوە، خزمەتێک بەم شاخانە بکەن و لەداڕمان بیانپارێزن، لە هەمانکاتدا وەک دیارییەک بە شاری سلێمانی و شارەوانی سلێمانی و دانیشتوانەکەی، با سەرجەم ئەو کۆمپانیایانەی وەبەرهێنان دەکەن لە نێو و لە سنووری ئەم دوو زنجیرە شاخانەدا کۆمەڵگەیەکی گەشتیاری بکەنەوە لەسەر جادەی سەرکەوتن بۆ سەر شاخی گۆیژە، هەروەک ئەو پڕۆژە گەشتیارییانەی لە تاخی کۆهی دهۆک و شاخی ئابیاری شاری سنە و تاقوستانی شاری کرماشاندا هەیە، تاوەکو جوانییەکی ناوازەتر بدەن بە شاخی گۆیژە و دەستکەوت و دەرامەتێکیش بگەڕێتەوە بۆ شار و هاووڵاتی و دانیشتوانی شار و گەشتیاران زیاتر سوود وەربگرن لە دیمەنی سەرکەشی شاخی گۆیژە و جوانی شاخی ئەزمەڕ، ناوچەکە بەگشتی بەشێوازێکی مۆدێرنی شارستانی ئاوەدان بێتەوە و ببێت بە دەروازەیەکی گەشتیاریی پێشکەوتوو بۆ شاخی گۆیژە و سەردانکەرانی.

شاخی گۆیژە

وتارەکانی نوسەر