كورد و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان

10:30 - 2023-11-05
گۆران فەتحی
418 خوێندراوەتەوە

 
هەر هەڵبژاردنێك لەناوچە جێناكۆكەكان و كەركوك وەكو سەنتەری ئەو ناوچانە، گرنگی گەورەی بۆ كورد هەیە لەسەر ئاستی عیراق، بەتایبەت كە ئەو ناوچانە ئێستاشی لەگەڵدا بێت، كێشەی هەرە سەرەكی نێوان كورد و بەغدان، ئەنجامی هەڵبژاردنیش دواجار كاریگەری لەسەر هێز و نفوزی ئەم نەتەوەیە دەبێت لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان، بۆیە هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی پارێزگاكانیش كە بڕیارە 18-12ی ئەمساڵ بكرێت، گرنگییەكی زۆری دەبێت بۆ كورد و رێگر دەبێت لەنەیارانی ئەم میللەتە بۆ قوتدانی ئەو ناوچانە و هەروەها ئەزێـتدانی خەڵكەكەی.
ئێستا كە بانگشەی هەڵبژاردن دەستیپێكردووە لە 15 پارێزگای عیراق، جگە لەهەرێمی كوردستان، كە بڕیارە هەڵبژاردنی تێدا بكرێت، كورد لە چوار پارێزگایان بە هاوپەیمانی و قەوارەی جیاجیا بەشداری دەكات،  كە ئەوانیش (كەركوك و نەینەوا و دیالە و سەڵاحەدین)ن، بردنەوەی كوردیش لەو پارێزگایانە دواجار رۆڵی دەبێت لەسەر هێزی كورد لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان بەتایبەتی و لەهەموو عیراق بەگشتی.
هەرچەندە هەڵبژاردنی پارێزگاكانیش چەند جارێك كراوە دوای روخانی رژێمی بەعس، لە 2005 و 2009 و 2014، بەڵام دوای هەڵبژاردنی یەكەم كە كورد زۆرینەی كورسییەكانی كەركوكی بەدەستهێنا، بەغدا نەیهێشت هەڵبژاردنی تری ئەنجومەنی تێدابكرێت، بە پاساوی جیاجیا و بۆ رێگرتن لە بردنەوەی كورد لەو پارێزگایە، بۆیە هەڵبژاردنی ئەمجارە كە بەغدا رازی بووە لەكەركوكیش بكرێت، (بەو بڕوایەی كورد ناتوانێت دەنگی زۆری تێدا بهێنێت، بەهۆی لێكەوتەكانی دوای راپرسی و رووداوەكانی ساڵی 2017)، سەنگی مەحەك دەبێت بۆ كورد بۆ ئەوەی دەری بخات زۆرینەی دانیشتوانی ئەو ناوچانە پێكدەهێنێت، بۆ هێزە كوردییەكان و بەتایبەتیش یەكێتی كە خۆی بەخاوەنی كەركوك و ئەو ناوچانە دەزانێت، گرنگییەكەی لەوەدایە، جارێكی تر بیسەلمێنێت كە قاعیدەی جەماوەری گەورەی ئەم حزبە لەو ناوچانەیە و هەردەمیش یەكێتی پارێزگاری هەرە بەهێزی ئەو ناوچانە بووە لە رابردوو و ئێستاشدا.
لەبەر هەموو ئەوانەی باسمان كرد، زۆر گرنگە وەكو هاووڵاتی كەركوك و ئەو ناوچانە روو لەسندوقەكانی دەنگدان بكەین، بۆ سەلماندنی كوردستانی بوونی كەركوك و خانەقین و خورماتو و شەنگال و باقی ناوچە جێناكۆكەكان، كە ئێستا مەترسی تەعریبێكی نوێیان لەسەرەو خوانەخواستە ئەگەر كورد دەنگی كەم لەهەڵبژاردندا بهێنێت، ئەوا نەیارانی كورد و لایەنە شۆفێنییەكان هەوڵی دابڕینی زیاتری ئەو ناوچانە دەدەن لە هەرێمی كوردستان و بارودۆخی خەڵكی كوردیش كە پێكهاتەی رەسەنی ئەو ناوچانەیە خراپتر دەبێت.

وتارەکانی نوسەر