بەردەوامی هێرشەكانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر غەززەو زیادبوونی ژمارەی قوربانیانی مەدەنی لەو ناوچەیە، بووەتە هۆی تووڕەیی بەریتانیاو فەرەنسا و كەنەدا و هەندێ وڵاتی تریش، داوای راگرتنی ئەو شەڕەو هێرشانە دەكەن لە ئیسرائیل، ئەو وڵاتانە هەڕەشەی هەڵوێستی توندیان كرد بەرامبەر بەتەل ئەبیب ئەگەر بەردەوام بێت لە شەڕ لە غەززەدا.
لەو رووەوە بەریتانیاو فەرەنسا و كەنەدا رۆژی دووشەممەی رابردوو بەیاننامەیەكی هاوبەشیان دەركرد، تێیدا هەڕەشەیان كرد لەوەی، رێ و شوێنی توند بەرامبەر بە تەل ئەبیب دەگرنە بەر ئەگەر ئیسرائیل هێرشەكانی بۆ سەر غەززە رانەگرێت و رێگە بە یارمەتییە مرۆییەكان نەدات بۆ خەڵكی غەززە، لیژنەی وەزاری لوتكەی عەرەبیش پێشوازی لە بەیاننامە هاوبەشەكەی بەریتانیا و فەرەنسا و كەنەدا كرد.
ئێستا گۆڕانكارییەكی دیار هەیە لەهەڵوێستی ئەوروپییەكان بەرامبەر بە جەنگی ئیسرائیل لەغەززەدا دروست بووە، دوای زیادبوونی هێرشەكانی ئیسرائیل و خراپبوونی بارودۆخیی مرۆیی لەو كەرتەی فەلەستین.
ئەوەی ئێستاش گۆڕانكارییەكی دیارە لە هەڵوێستی ئەوروپییەكان بەرامبەر بە جەنگی ئیسرائیل لەغەززەدا، دوای زیادبوونی هێرشەكان و خراپبوونی بارودۆخیی مرۆیی لە غەززە
رێككەوتننامەی بازرگانی ئازاد رادەگرێت
لای خۆیەوە دیڤید لامی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، رایگەیاند كە دانوستانەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ ئیسرائیل سەبارەت بە بازرگانی ئازاد رادەگرێت، لەبەر زیادبوونی قوربانی مەدەنی لەغەززە بەهۆی هێرشی بەردەوامی سوپای ئیسرائیل.
لە بەردەوامی هەڵوێستەكانی، حكومەتی بەریتانیا تسیپی حوتوفلی باڵیۆزی ئیسرائیلی لە لەندەن بانگهێشت كرد و نیگەرانی بەریتانیای پێ راگەیاند، بەرامبەر بە خراپی بارودۆخی مرۆیی لە غەززەو فراوانبوونی پرۆسە سەربازییەكانی ئیسرائیلی لەو كەرتە، لەندەن هەروەها سزای خستە سەر چەندین كەسایەتی و لایەنی ئیسرائیلی بە هۆی تێوەگلانیان لە توندوتیژی بەرامبەر بە فەلەستینیەكان لە كەرتی خۆرئاوا، لە نموونەی «بزووتنەوەی ناحالا» و دوو كۆمپانیای بیناسازیی.
لای خۆیەوە ماریا ماڵمەر ستینرگاری وەزیری دەرەوەی سوید ئاشكرای كرد، وڵاتەكەی لەناو یەكێتی ئەوروپادا، جووڵە دەستپێدەكات بۆ فشارخستنە سەر ئیسرائیل و سەپاندنی سزا بەسەر چەند وەزیرێكی ئیسرائیلدا، بەهۆی خراپ مامەڵەكردنیان لەگەڵ فەلەستیینییەكان لە غەززەدا، جان نوێل بارۆی وەزیری دەوڵەتی فەرەنساش ئاماژەی بەوەكرد، وڵاتەكەی بەنیازە دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێت و روونیشیكردەوە كە ئەو هەڵوێستەی وڵاتەكەی لە بەرژەوەندیی فەلەستینی و ئیسرائیلیەكانیشدایە، چاوەڕوانیش دەكرێت داننانی فەرەنسا بە فەلەستین لە كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی بێت بە هاوبەشی لەگەڵ سعودیەدا.
پێداچوونەوە بە رێككەوتننامەكان
لەگەڵ ئەم هەڵوێستانەی ئێستای بەشێك لەو وڵاتانە، تەل ئەبیب پاڵپشتییەكی گەورەی ئەوانی هەبووە لەجەنگی دژ بە حەماس لە غەززە، بەڵام زیادبوون و توندبوونی هێرشی سوپای ئیسرائیل توڕەیی زۆری لەخۆرئاوا دروست كردووە، ئەوەش وایكردووە ئەو وڵاتانە بە هەڵوێستەكانیاندا بچنەوەو هەڕەشەی سزا و پێداچوونەوە بە رێككەوتننامەكانی پێشوویان لەگەڵ تەلئەبیب بكەن.
هەڵوێستەكانی دژ بە شەڕی ئیسرائیل لە غەززە وڵاتانی ئیسپانیا و نەرویج و سویدیشی گرتۆتەوەو ئەم وڵاتانەش بڕیاریانداوە، بەو رێكکەوتننامانەدا بچنەوە كە پێشتر لەگەڵ ئیسرائیلدا ئیمزایان كردووە و مامەڵەی سەربازیش لەگەڵ ئیسرائیل دا رابگرن، وەک هەڵوێست دەربڕینێک دژی فراوانكردنی پرۆسە سەربازییەكانی ئیسرائیل لە غەززەدا.
جێی ئاماژەیە ژمارەی كوژراوانی كەرتی غەززە لە سەرەتای شەڕەكانەوە، دوای هێرشەكەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی ئۆكتۆبەری 2023 ، گەیشتۆتە 53 هەزار كەس، لە كاتێكدا حەماس 1218 كەسی كوشت لە هێرشەكەی گەردەلوولی ئەقسا بۆ سەر ئیسرائیل.
گوشاری دەرەكی كاریگەری نابێت
لەگەڵ هەموو ئەو هەڕەشانەی وڵاتانی ئەوروپا لە ئیسرائیل، بەڵام تەلئەبیب دەڵێت هیچ گوشارێكی دەرەكی نابێتە هۆی گۆڕان لە هەڵوێستەكانیدا سەبارەت بەبەردەوامی هێرشەکانی بۆ سەر غەززە.