پەیوەندیی نێوان دوو هەڵبژاردن

10:39 - 2023-11-06
دانـا لوقـمان بـۆتـانی
427 خوێندراوەتەوە

خولی هەڵبژاردنەکان چەندە بۆ لایەنە سیاسییەکان گرنگ بێت لە دیاریکردنی کادیری بە توانا و لێهاتوو و هەڵکەوتووی نێو جەماوەر، هێندەش بۆ هاووڵاتییان گرنگە لە دیاریکردنی نوێنەری راستەقینەی خۆیان و بەخشینی متمانەیان بۆ چوار ساڵی داهاتوو.
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، هەمان گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە کە لەدوای ساڵی 2003 بۆ یەکەمین جار کرا، چونکە ئێستا کۆمەڵێک گۆڕانکاریی نوێ لە هاوکێشەی سیاسی عیراق و هەرێمی کوردستـان دروستبووە کە دووبارە کـورد پێویستی بە خۆسازدانەوە و رێکخستنەوەی وتار و سیاسـەتی نیشتمانی هەیە چونکە :-
 -1 کەرکوک لەمێژووی خۆیدا دووەمین جارە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای تێدا بەڕێوەدەچێـت، بەڵام ئەوەی ئێستا دەبینرێت هاوکێشەیەکی تەواو پێچەوانەیـە، نەکردنی هەڵبژاردن لەم شارە کۆمەلێک گرفتی هێنایە ئاراوە لەبەرژەوەندیی کـورد نەبوو.
-2 زیادبوونی دەست وەردانی دەرەکی لەسەر بارودۆخی عیراق بەتایبەتیش کوردستان، تا گەیشتە بەزاندنی سنوور و سـەروەریی خـاک، کاریگەری نەرێنی بەجێهێشت لەسەر پڕۆسـەی سیاسی و ئیدارەدانی وڵات و لاوازکردنی پێگەی نێودەوڵەتیی.
-3 ناکۆکیی سیاسی و هاتنی چەکدارانی داعش و تێکچوونی دۆخی ئەمنی بەتایبەتی ناوچە کێشە لەسەرەکـان، بـارگرانییەکی زۆری دروستکرد لەسەر سیاسـەتی گــشتی و خزمەتگوزارییە گشـتییەکان.
ئەم هۆکارانە و چەندین هۆکاری تریش کاریگەریی ئەرێنی و نەرێنیان لەسەر هاوکێشە سیاسییەکانی هەرێم و پێگەی هەرێم دروستکـرد. 
ئەمڕۆ قۆناغێکی نوێ هاتۆتەوە ئاراوە کە دووبارە سەلماندنی پێویستە لە نێو هەمووشیاندا زیادکردنی سەنگی کوردە لەهەر چوار پارێزگای (کەرکوک -سەڵاحەدین -دیالە-نەینەوا) و گەڕانەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک بۆ کورد گرنگی خۆی هەیە بۆ چارەسەرکردنی سـەرجەم کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند.
ئەنجومەنی پارێزگاکان پەرلەمانی بچووکراوە و ئەنجومەنی نوێنەران (پەرلەمانی عیراق) تەواوکەری یەکترن، هاوبەشیی یەکگوتاری هەردوو ئەنجومەن لەسەر خاک و ئەمنیەت و بژێوی و پرسی مووچە و بودجە، کاریگەریی خۆی هەیە لەسەر خزمەتگوزارییە گشتییەکان و بەهێزکردنی پێگەی هەرێم و وەستاندنی هێرشە ناڕەواکان.
 لەماوەی رابردوودا بینیمان یەکـدەنگیی فراکسیۆنە کوردییەکان لە پرسی مووچە و یاسای بودجە، بەتایبەتیش پێداگریی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عیراق، رەنگدانەوەی هەمان خواست و پێداویستی کۆمەڵگە بوو، تەرکیزی زیاتریش لەسەر ناوچە کێشە لەسەرەکان بوو کە کورد تووشی زۆر گرفت دەبووەوە لە رووی دۆخی ئەمنی و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە کورد نشینەکان و کێشەی جوتیاران و زەوی وزاری هاووڵاتیان.
ئەکتیڤ و کارابوونەوەی هەردوو ئەنجومەنی پارێزگاکان و نوێنەران لەم قۆناغەدا تایبەتمەندی خۆی دەبێت کە پێکەوە دووبارە هاوکێشەیەکی نوێی هێز و پڕ ئیرادە دەبەخشێتەوە بە خەڵک و گەڕانەوەی پێگە و سەنگی کـورد، بەتایبەتیش جێبەجێ کردنی مادەی140 و بە کوردستانیبوونی ئەو ناوچانە و هەموو ئەو پرسانەی کە تا ئێستا بە هەڵپەسێردراوی لە نێوان هەردوو حکومەت ماونەتەوە.
 هەڵبژاردنی ئەم جارە تایبەتمەندی خۆی دەبێت لە کۆی پرسەکان کە چارەسەر نەکراون.


سەرکەوتنی کاندیدەکانی یەکێتی، کوردستانیبوونی خانەقین دەپارێزرێت

وتارەکانی نوسەر