رووداوەکاندا

ئیمپراتۆریی ئەمریکا دوای هێرشەکەی حەماس

10:43 - 2023-11-06
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
279 خوێندراوەتەوە


سبەینێ، مانگێک تێپەڕدەبێت بەسەر هێرشەکەی باڵی سەربازی حەماسدا بۆ سەر ئیسرائیل، لەدوای ئەم هێرشەوە، گەورە لێپرسراوانی ئەمریکا وەک جۆ بایدن و هەردوو وەزیری بەرگری و دەرەوەی ئەمریکا گەیشتنە ئەو وڵاتە و پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئیسرائیل دووپاتکردەوە، ئەم زوو هاتنە دەنگەی ئەمریکا پێش هەر شتێک خوێندنەوەی پێگەی خۆیەتی لە ناوچەکەدا، بۆیە هەر لێدانێک لە ئیسرائیل، دەنگدانەوەکەی لە گوێی ئەمریکادایە.
لەدوای هەڵوەشانەوەی سۆڤیەت لە ساڵی 1990دا، نووسەری بەناوبانگی ئەمریکی ئیمانوێل تود، کتێبێکی نووسی بەناوی (ئیمپراتۆریی ئەمریکا)، ئەم نووسەرە پێیوابوو «لەدوای سۆڤیەت، پێویستە ئەمریکا ئیمپراتۆرییەک دروستبکات توانای گۆڕینی نەخشەی جیهانی هەبێت و بەشێوەیەک زەخرەفەکەی دابڕێژێتەوە کە هەموو گۆشەیەکی ئەم جیهانە نوێیە تەنها بە ئەمریکا بەڕێوەبچێت»، ئەو نووسەرە لە بەشێکی دیکەی کتێبەکەیدا دەڵێت: «پێویستە ئەمریکا کارێک بکات، جیهانی پڕ ژاوەژاوی فرەجەمسەریی و شەڕ کۆتایی بێت و ئاشتی باڵ بکێشێت بەسەر جیهاندا».
ئێستا بە ویستی ئەمریکا بێت یان هەرچۆنێک هاتبێتە ئاراوە، نەخشەی سیاسی و سەربازی و دیپلۆماسی جیهانی، بە ئەندازەیەکی زۆر، جێ پەنجەی ئەمریکای پێوەدەبینرێت، بە تێگەشتنی سیاسی و خوێندنەوەی قووڵی سەربازی بێت یان بە گوزارەیەکی کۆمەڵایەتیش بێت، لەم رۆژگارەدا هەر رووداوێک روودەدات، دەگوترێت ئەمریکای لە پشتە، یان دەستی ئەمریکای تێدایە، کەواتە دوور نییە ئەمە ئەو ئیمپراتۆرییە بەهێزە بێت کە ناوی ئەمریکایە و لەرێگەی هێزی نەرم، رەق و زیرەکەوە (دیپلۆماسی)، هەموو رووداوەکانی جیهان دەجوڵێنێت و سەرپەرشتییان دەکات.
لە کۆندا لەناو ئەمریکییەکاندا ئیدیۆمێکی باو هەبوو، دەوترا «هەرشتێک لە سوودی کۆمپانیای مۆتۆڕس بێت، واتە لە سوودی ئەمریکاشە»، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا ئەم دەربڕینە کۆتایی هات و ئێستا دەگوترێت «هەر شتێک سوودی ئەمریکای تێدابێت، کەواتە سوودی جیهانیشی تێدایە»، لە روانگەی نەخشەی سیاسی و ئابووری و سەربازی و دیپلۆماسییەوە ئەم قسەیە لۆجیکی و ژیربێژییە، هەر رووداوێک لە جیهاندا روودەدات، ئەگەر سوودی ئەمریکای تێدابێت، ئەوا سوودی جیهانیشی تێدایە و رەنگە بۆ هەموان ببێتە مایەی خێروبێر. 
نەخشەی ئابووری و سیاسی جیهانی وادەخوازێت تەریب بێت بە سیاسەتی ئەمریکی، ئەگینا بە زیان بۆ جیهان دەشکێتەوە و کەس لەسایەی ئاشتیی ئەمریکیدا ناحەوێتەوە.
ئەمریکا ئەمڕۆ لە گشت کات و قۆناغێک زیاتر لە هەوڵی بەرهەمهێنانی ئەو ئیمپراتۆرییەدایە و لە گشت کاتێک زیاتر خۆی بۆ ئەوە تەرخانکردووە کارێکی وەها بکات کە جیهان لە سوودی ئەو بێت، ئینجا لە سوودی گشتی. 
بەرگریکردنی ئەمریکا لە نەخشەی سیاسی و پێگە و وێنەی خۆی لەناو جیهانێکی لەم شێوەیەشدا کە جەمسەرە ناتەواوەکانی وەک چین، هند، روسیا و کۆریا، دەرکەوتوون، بەڵگەی ئەوەیە تەنها ئەمریکا جەمسەری تەواوە لە رووی ئابووری، سەربازیی، دیپلۆماسییەوە، بەم دواییانەش وەک شرۆڤەکارانی سیاسی و شارەزایان دەڵێن پرسی میدیاش، یەکێکیترە لەو خاڵانەی کە ئەمریکا دەکاتە جەمسەری تەواو و هەر یەکێکیش لەو چوار وڵاتەی باسمانکرد لەو چوار خاڵەدا نابنە ئەمریکا، واتە نەبوونەتە جەمسەری تەواو.

وتارەکانی نوسەر