زووم

کۆتاییەکی تراژیدی بۆ ئەکتەرێکی کۆمیدی

10:51 - 2023-11-06
رۆزا دڵشاد مەریوانی
265 خوێندراوەتەوە

وەک زۆرجار باسم کردووە حەزم لە کۆمیدیایە، لە زنجیرە دراماشدا ئەو جۆرەی ماوەی ئەڵقەکانیان کەمە، بەڵام ژمارەی وەرزەکانیان زۆرە و چەندین ساڵ پەخشکردنیان بەردەوام دەبێت، بێگومان دیارترین و بەناوبانگترین زنجیرەی کۆمیدی درامای «Friends- هاوڕێکانە» ئەم درامایە ساڵی 1994 دەست بە پەخشکردنی کراوە و تا ساڵی 2004 بەردەوام بووە، یەکێک بووە لەو درامایانەی لە ساڵی 2000 دا زۆرترین تەماشاکردنی هەبووە و ساڵی 2004 کاتێک ئەڵقەی کۆتایی دراماکە پەخشکراوە بووە بە پێنجەم دراما لە مێژووی پەخشی تەلەفزیۆنیدا کە زۆرترین تەماشاکردنی هەبێت، بێگومان من بۆ خۆم لە کەناڵی ئێم بی سی بە ژێرنووسی عەرەبی لە ساڵانی کۆتایی نەوەدەکاندا نمایشدەکرا تەماشام کردووە، ئەو درامایە یەکێکە لەو جۆرە کۆمیدیایەی چەندین بارە بیبینیت، بەڵام هێشتا هەر دەتهێنێتە پێکەنین و کۆمیدیایەکە لەو جۆرەی کۆن نابێت و چەندین کەس بۆ بەرهەمهێنانی ئەو کارە هونەرییە کاریان تێدا کردووە و لەو جۆرە درامایانە ئەکتەرەکان و ستافی کارکردن تێیدا دوای چەندین ساڵ لە پەخشکردن وەک خێزانیان لێدێت.
بەڵام بە داخەوە لە 29 مانگی رابردوودا یەکێک لە ئەندامانی ئەو خێزانە و پاڵەوانێکی دراماکە بە رووداوێکی تراژیدی گیانی لەدەستدا دوای ئەوەی بە خنکاویی لە جاکوزی ماڵەکەیدا دۆزرایەوە، ماسیۆ پێری تەمەن 54 ساڵ کە لە دراماکەدا بە کارەکتەری «چاندلەر» ناسرابوو یەکێک بوو لە کۆمیدیترین کارەکتەرەکان و بۆ ئەو رۆڵەی چەندین خەڵاتی وەرگرتووە، لەوانە ساڵی 2002 خەڵاتی ئێمی ئەمریکی بۆ دراما وەک باشترین ئەکتەر پێبەخشرا، ماسیۆ بەوە ناسرابوو بەڕاستی خۆی کارەکتەرێکی کۆمیدی هەبوو، بەڵام ئەو ئەکتەرە وەک زۆرێک لە ئەستێرەکان چەندین ساڵ بەدەست ئالوودەبوونەوە ناڵاندبووی، کاتێکیش ناونیشانی هەواڵەکەم خوێندەوە کە رستەیەکی کارەکتەرەکەی وەرگیرابوو دەڵێت:«دەترسم بەتەنیا بمرم» و نووسرابوو ئەوە تەنیا دراما نییە، بەڵکو بوو بەڕاستی. ئەوە تووشی شۆکی کردم، کاتێک ئەو کۆتاییە خۆشەی لە دراماکەدا کارەکتەرەکەی پێیگەیشت، لە ژیانی راستەقینەدا بەدەستی نەهێنا و بە تەنیا ماڵئاوایی لە ژیان کرد.  
لەگەڵ مردنی ئەو ئەستێرەیەدا ئەوەی جێی سەرنجە زۆرجار دەبینین و دەبیستین کۆمیدیانەکان لە ژیانی راستەقینەدا کۆتاییەکی تراژیدییان دەبێت، چونکە زۆرجار ئەو کەسەی دەبێت بە کۆمیدیان هەوڵدەدات لەڕێی ئەو رۆڵە کۆمیدیانەوە لە تراژیدیای نێو ناخی و ژیانی راستەقینەی خۆی هەڵبێت، هەمیشەش مردنی ماسیۆ یان هەر ئەکتەرێکی دیکەی کۆمیدی و خاوەن بەهرەی ناوازە جێی داخە بۆ هەوادارنی کۆمیدیا و لەدەستدانێکی گەورەیە بۆ ئەو هونەرەی هەموو کەسێک ناتوانێت پێشکەشی بکات، وەک دەڵێن: ئاسانە بینەر بهێنیتە گریان، بەڵام زۆر زەحمەتە بیانهێنیتە پێکەنین.

وتارەکانی نوسەر