لە رۆژئاڤاوە

جەنگ لەسوریا كورت خایەن نییە

10:39 - 2023-11-07
فەتحوڵڵا حوسێنی
188 خوێندراوەتەوە

فەتحوڵڵا حوسێنی

ئەو وڵاتانەی لە ململانێدان لە سوریا دەستیان بە فراوانكردنی ناوچەی هەژموونی خۆیاندا كردووە، لە ناوچە عەرەبی و كوردییەكان، لە ناوچە عەرەبییەكان دانیشتوانی شارەكانی باشوور دەگوازنەوە و لە باكووری وڵات نیشتەجێیان دەكەن، لە ناوچە كوردییەكانیش پڕۆسەی دەركردن و ئاوارەكردن و پاكتاوی رەگەزی پەیڕەودەكەن، دەستیشیان كردووە بە دروستكردنی ژمارەیەكی زیاتری كەمپی نیشتەجێبوون بۆ عەرەب لە ناوچە كوردییە داگیركراوەكان، بەتایبەتی لە «عەفرین»، بە پاساوی گێڕانەوەی ئاوارە سورییەكان لە وڵاتانی دەوروبەرەوە، لەكاتێكدا بەو كارەیان كەلێن دەخەنە نێوان پێكهاتەكانی گەلی سوریاوە و گوشاریش دەخەنە سەر حكومەتی دیمەشق، بۆ رازیبوون بە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ توركیادا، لەكاتێكدا ئەو وڵاتە تەنها وڵاتە كە قەیرانی سوریا قووڵتر دەكاتەوە. 
لێرەدا بەرپرسیارێتییەكی زیاتر دەچێتە سەر شانی ئەو وڵاتانەی كاریگەرییان بەسەر دۆخی سوریاوە هەیە، بەتایبەتی روسیا و ئەمریكا، بۆ راگرتنی ئەو ململانێ خوێناوییەی هەیە و هەروەها بۆ رێگری لە گەورەبوون و فراوانبوونی قەیران و ململانێ لەو وڵاتە، چونكە یەكێتیی نەخشەی سوریا لەبەردەم مەحەكدایە و بەئاشكرا كار بۆ دابەشكردنی دەكرێت.
توركیاش سوود لە هەموو هەوڵێك دەبینێت بۆ چەسپاندنی سیاسەتی فراوانخوازیی خۆی لە سوریا و ئەوەی لەم قۆناغەشدا گرنگە بەلایەوە، لەباربردنی پڕۆژەی ئیدارەی خۆسەرییە لە سوریا، لەكاتێكدا ئەو پڕۆژەیە تەنها دەرچەیە بۆ دەرچوون لەو بارودۆخە پڕ كارەساتەی ئەو وڵاتەی تێكەتووە، ئەمەش بە روونی لەو هێرشانەی دوایی توركیادا دەردەكەوێت بۆسەر ژێرخانی ئابووری و ژیانیی باكوور و خۆرهەڵاتی سوریا، بەبێ بوونی هیچ هەڵوێستێكی نێودەوڵەتی و ئیدانەیەك بەرامبەری، ئەمەش كارەساتێكی مرۆیی ترە رووبەڕووی پێنج ملیۆن هاووڵاتی دەبێتەوە، كە هەڕەشەی بۆردومانی ئاسمانی و زەمینییان لەسەرە لەكاتێكدا ئابووریی ئەو وڵاتە بە تەواوی لە داڕماندایە.
لەسایەی نەبوونی چارەسەری ئاشتییانەی ناوخۆییش لە سوریا، بە ئامانجگرتنی ئەوەی لەسەر ئەرزی واقیع هەیە لەلایەن وڵاتانی ئیقلیمی و بە هاندانی وڵاتانی زلهێز، لەباربردنی پڕۆژەیەكی سیاسییە كە چارەسەری دادپەروەرانەی پێیە بۆ مافی رەوای گەلی كورد و مافی پێكهاتەكانی تر، ئەوەش بە واتای ئەوەیە سوریا و خەڵكەكەی بۆ چارەنووسێكی نادیار بەجێبهێڵرێت، دەرگاش واڵا دەكات بۆ پشێویی و ئاڵۆزیی گەورە، دوای پەیدابوونی چەندین میلیشیا و باندی رادیكاڵی نوێ، ئەمەش دوای ئەوەی قەیرانی درێژخایەنی سوریا رێگەی بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ستەم و تایفەگەری لە زۆرێك شار لە ناوەڕاست و باشووری سوریا خۆشكرد، ئەمە چ جای دابەشكاریی نێودەوڵەتی لە سوریا لە خۆرهەڵات و خۆرئاوای فورات.
بەمجۆرە سوریا بەرەو دۆخی چارەسەرنەبوون و تەشەنەكردنی ململانێكان دەچێت، لە «بنكەی تنەف» لە باشوور و «ئەدلیب» لە ناوەڕاست و پەراوێزخستنی «پڕۆژەی ئێستا لە باكوور و خۆرهەڵات»، ئەوەش نامانگەیەنێت بە هیچ چارەسەرێكی خێرا بۆ بارودۆخی پڕ قەیران و كارەساتی سوریا، دواجاریش رەنگە هەموومان بەرەو سەرەتای جەنگێكی ناوخۆی درێژخایەن بەرێت، كە سوریاییەكان لێی دەترسن و بێ ئیرادەی ئەوان رێگەی بۆ خۆش دەكرێت.
 سەرەتاكانی ئەو جەنگەش بەڕوونی لەو فراوانخوازییە ئیقلیمییەی ئێستادا دەركەوتووە، لەسایەی نەبوونی دەستپێشخەریی ناوخۆیی بۆ چارەسەر.

و:گۆران

وتارەکانی نوسەر