جەنگ بەرۆکی جیهان بەرنادات؛ ئاشتی بەڕەهایی جێگەی خۆی نەگرتووە، پانتایی جەنگ و بەرکەوتنی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ زیادیان کردووە.
ئەمڕۆ لە جیهانێکدا دەژین کە هیچ گەرەنتییەك نییە تا ئاشتی تاسەر بەردەوام بێت و «مەڕو گورگ پێکەوە بۆ یەک جاریش بێت ئاوبخۆنەوە»، جەنگ وەک بژاردە زاڵترە و مەترسیی جدی بۆ کەمکردنەوەی پانتایی ئاشتی دروستکردووە؛ شەڕی بەوەکالەتی زلهێزەکان لەڕێگەی گروپە چەکدارەکانەوە زیادی کردووە. کاریگەرییەکانی جەنگ زیاترە لەسەر سەقامگیریی گەلان و کۆمەڵگەکان.
جەنگ تا ئێستا لە چەند ناوچەیەكی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ناوەڕاستی ئەفریقا هەیە، بەم دواییە کەوتە ئەوروپاشەوە، لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش کڵپەکەی تەشەنەی سەندووە و کاریگەریی گەورەی لەسەر ئۆقرەیی جیهان بە گشتی دروستکردووە.
لە رابردوودا وا دەبینرا، کە چەكە ئەتۆمییەکان ئاشتی نوێیان خوڵقاندووە؛ بەڵام ئەمڕۆ ترس لە بەکارهێنانیان هەیە و مەترسی بۆ سەر سەقامگیریی جیهان دروستکردووە. لە ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمییشدا، جیهان قڵپ دەبێتەوە و ئەگەری کارەساتی مرۆیی گەورە و مەترسیی جدیی هەیە لەسەر سەقامگیری کۆی جیهان.
جەنگی ئۆکرانیا و روسیا و جەنگی ئیسرائیل و حەماس لە نوێترین کاریگەرییەکانیان ترسە لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆم بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو دوو جەنگە، جگە لەوە کۆمەڵکوژیی گەورە بەهۆی ئەو جەنگانەوە کراوە لە رێگەی بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو و کوشتنی خەڵکی مەدەنی.
ترسی گەورەتر ئەوەیە کە گۆڕانکاری لە بەرەکانی جەنگدا بکرێت و ببێتە جەنگێکی بەرفراوانی ناوچەیی و چەکی ئەتۆمییش بۆ یەکلایکردنەوەی جەنگەکان بەکاربهێنرێت.
تەكنەلۆژیا، بارودۆخی نوێی بۆ ئاڕاستەکردنی جەنگ دیاریكردووە، سەرباری ئەو مەترسییانەی خرانەڕوو؛ جەنگی ئەلەكترۆنیش پەرەی سەندووە.
ساڵی 2003 ئەوكاتەی ئەمریكا هێرشی كردە سەر عیراق و بۆردومانی موسڵ و بەغدای دەكرد، هیچ مووشەكێك بەر شارەکانی ئەمریکا نەكەوت، چونکە عیراق لە بواری تەكنۆلۆژیدا لاوازبوو بەرامبەر بە لایەنی بەرامبەری. بۆ نموونە ئەگەر وڵاتێکی وەك كۆریایی باكوور و ئێران لە جێگەی عیراق بوونایە، بەئاسانی دەیان توانی سوود لە بەكارهێنانی (جەنگی ئەلەکترۆنی) بەرامبەر دوژمنەکانیان وەربگرن، ئەوان بوونایە دەیانتوانی جەنگی ئەلەكترۆنی بکەن و هەوڵی تێكشاندنی كۆدەكان بدەن.
بەو شێوە جەنگەش، دەتوانرێت كارەبا لە یەكێك لە ویلایەتەكانی ئەمریكا بكوژێنرێتەوە، هەروەها دەتوانرێت ئاراستەی شەمەندۆفێرەكان بگۆڕدرێت و دەتوانرێت دزە بکرێتە ناو ئەو پڕۆگرامانەی ئاراستەی دەكەن و کارەساتێک و رووداوێک بە كلیكێك بخوڵقێنن.