چارەنووسی غەزە چۆن دەبێت؟

10:50 - 2023-11-09
گۆران فەتحی
338 خوێندراوەتەوە

گۆران فەتحی


جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس چووە مانگی دووەمەوە، قوربانیانی ئەو جەنگەش لە ریزی خەڵکی مەدەنیدا تا دێت زیاد دەبێت و تائێستاش دەرچەی راگرتنی جەنگەکە دیار نییە، بەتایبەتی كە بەرپرسانی ئیسرائیل سوورن لەسەر جەنگ و بە وتەی خۆیان "تا نەهێشتنی حەماس" بەردەوام دەبن، هەرچەندە ئەوە رەنگە قورس بێت، بەتایبەتی كە ئەوان خاوەنی چەكدار و چەك و تەقەمەنیی زۆرن و هەندێك وڵاتیشیان لەپشتە، بەڵام دواجار زەرەمەندی سەرەكی لەم جەنگە خەڵكی مەدەنییە کەرتی غەزەیە، كە بە پێی هەواڵ و راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان، ئیسرائیل پلانی بۆ ئایندەی كەرتی غەزە داناوە.
جووڵەی حەماس بەهێرشكردنە سەر ناوچەكانی ئیسرائیل، هەر ئامانجێكی هەبووبێت، دەرگای بۆ جەنگێكی كراوە لە نێوان خۆیان و ئیسرائیلدا كردەوە، لەكاتێكدا ساڵانێك بوو نیمچە ئاشتییەكی لەرزۆک لەئارادابوو، ئەگەرچی جاروبار دۆخەکە گرژیی تێدەکەوت بەهۆی هەڵمەتی دەستگیرکردنی فەلەستینییەکان و هەڵدانی مووشەكەوە بۆ ئیسرائیل و زوو هێور دەبۆوە، بەڵام ئەمەی ئەمجارە، وایكردووە سوپای ئیسرائیل هەموو هێزی خۆی بجووڵێنێت و سوپای یەدەک بانگ بکات و بەچڕی لە زەمین و ئاسمان و دەریاوە هێرش بكاتە سەر كەرتی غەزە.
 ئەو وێرانكارییەی لەغەزە دروستبووە، گومانی ئەوە لای شرۆڤەکاران دروست دەكات کە ئیسرائیل دەیەوێت بەتەواوی غەزە تەخت بكات و خەڵكەكەی بەیەکجاری لەو ناوچەیە دووربخاتەوە.
وەک ئاماژەمان پێدا لە سەرەتاوە لەم جەنگەدا زیانی گەورەی بەر خەڵکی مەدەنی و دامەزراوە ژیانییەکان و ژێرخان و سەرخانی غەزە  کەوتووە جگە لە قوربانیی و زیانە گیانییەکان، ئەمەش وایكردووە ژمارەیەكی زۆر خێزان هەوڵ بدەن كەرتی غەزە بەجێبهێڵن و هەوڵی پەڕینەوە بۆ میسر بدەن لەرێگەی دەروازەی رەفحەوە، ئەوەش هەوڵێكی ئیسرائیلە بۆ چۆڵکردنی غەزە لە خەڵكەكەی، بەمەبەستی گرتنەدەستی ئیدارەی ناوچەکە لەرووی ئەمنییەوە.
گەڕانەوەی سوپا و هێزی ئەمنی ئیسرائیلیش بۆ غەزە، جەدەلێكی گەورەی دروستكردووە، لەوەی ئایە تەلئەبیب بەنیازی چییە لەو كەرتەدا، كە پێشتر بەپێی رێكەوتن ئیدارەدانی بەجێهێشتبوو، نەتانیاهوی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بەئاشكرا رایگەیاندووە "ئیسرائیل لە دوای جەنگەکە بۆ ماوەیەكی نادیار بەرپرسیارێتی فراوانی ئەمنی غەزە لەئەستۆ دەگرێت"، ئەوەشی گێڕایەوە بۆ ئەوەی "ئەگەر بەرپرسیارێتی ئەمنی لەوێ نەگرنە دەست، ئەوا رووبەڕووی تیرۆری حەماس دەبنەوە بەشێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو"، كە ئەوەش لەلایەن ئەمریكاوە رەتدەكرێتەوە، لەو رووەوە جۆن كێربی وتەبێژی كۆشكی سپی دەڵێت: جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا دژی گەڕانەوەی داگیركاریی ئیسرائیلە بۆ غەزە، چونكە ئەوە بۆ ئیسرائیل و گەلەكەشی باش نابێت".
لای خۆیەوە ئەنتۆنی بلینكن-ی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە سەردانەكەیدا بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند: شێوەی ئیدارەدانی غەزە لەدوای ئەم جەنگەی ئێستا بەو جۆرە نابێت كە هەبووە و بۆ حەماسیش وەكو جاران نابێت".
سیناریۆ و پلانی ئیسرائیل بۆ غەزە چۆن دەبێت ئەوە ئایندە ئاشكرای دەكات، بەڵام گومانی تێدا نییە،  تەلئەبیب هەوڵدەدات بەتەواوی كۆنترۆڵی ئەو ناوچەیە بكات و  لە رووی ئەمنی و بەڕێوەبردنەوە ئیدارەی بدات، ئەوەش ململانێكان وەكو خۆی بەكراوەی دەهێڵێتەوە.

وتارەکانی نوسەر