لەناو رووداوەکاندا

کورد لە نێوان نەخشەی وزە و جەنگدا

10:11 - 2023-11-13
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
325 خوێندراوەتەوە

بەگشتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، غاز و نەوتەکەی کە بۆ جیهان بۆتە مایەی خێر و بێر، بۆ خۆی و هاووڵاتیانی، دەمێک ساڵە بۆتە مایەی شەڕ و ئاشووب، هەموو ئەو دەرهاویشتە نەرێنییەی وزە و نەوت و غاز بە دۆخە گشتییەکەی خۆرهەڵاتی بەخشیوە، نیشانەی هەڵەیەکی روون و نەبوونی ستراتیژێکی بەهێزە لە سیاسەتی نەوت و غازی وڵاتاندا، بە درێژایی مێژووی 100 ساڵی ناوچەکە، داگیرکاری و پێکدادانەکان ئەگەر لەسەر غاز و نەوتیش نەبووبێت، ئەوا وزە خراوەتە خزمەت ئەو جەنگانەوە و بەهێزێکی گەورەی نەوت و غاز، شەڕەکانی ناوچەکە درێژەیان پێدراوە و خوێنی هەزاران مرۆڤی تێدا رژاوە. ئەوەش بەو رێگایەی کە زۆرێکی دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە، لە بری خزمەتی هاووڵاتیانی خۆیان، بە پارەی زۆری نەوت و غاز سوپای گەورەیان بۆ خۆیان دروستکرد و بوونە هۆی هەڵگیرساندنی جەنگە تاقەت پڕوکێنەکان. 
ئەوەی لێرەدا بۆ ئێمە گرنگ و جێگەی هەڵوێستە لەسەر کردنە، کوردە، یاریکردنی کورد لەناو ئەم نەخشە خۆرهەڵاتییەدا، وردەکارییەکی زۆر و بەرچاوڕوونییەکی تەواوی دەوێت، کورد لە هەر وڵاتێکی خاوەن هێز و پێگەی سیاسی و ئابووری، زیاتر پێویستە رەچاوی لێکەوتەکانی جەنگ بکات، باشترین سیاسەتێک کە بۆ کورد گرنگە «سیاسەتی خۆدوورگرتن»ە لە بەکارهێنانی هێزی وزەکەی لە بەرامبەرکێی جەمسەر و زلهێزەکاندا، روونتریش بڵێین کورد پێش ئەوەی دەست بۆ بەکارهێنانی وزەکەی بەرێت و پاش دەرهێنانی نەوت و ئەگەری بەکارهێنانی غازەکەیشی، لەسەر نەخشەیەکی گەورەی جەنگ بووە و قوربانی ناو پێکدادانە گەورەکانی جەنگە، ئەگەر وریایانە دەست بۆ وزەکەی نەبات، ئەوا لە یەک کاتدا لەسەر دوو نەخشەی مەترسیدار دەبێت کە هەم نەخشەی وزەیە و هەم لەسەر نەخشەی جەنگە مێژووییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەشی دەمێنێتەوە و هەمان رووداوە مێژووییەکانی دووبارە دەکاتەوە. 
لە دیدی نوێدا بۆ هەڵگیرسانی جەنگ، ئیدیۆمێک هەیە، دەڵێت «جەنگ، هەمیشە رەهەندێکی ئابووری هەیە»، یان ئەو بۆچوونەش دروستە کە شەڕ ئابوورییە، بەڵام بە رێگەی جیاواز و هۆکاری دیکە، کەواتە ئەوەی لەپێش کورددایە بەتەنها نە نەخشەی جەنگە و نە نەخشەی ئابووری، بەڵکو لەبەردەم دنیابینی تاودانی کورەی خۆرهەڵاتدایە بە هۆیەکانی جەنگ لەپێناوی دەستکەوتی زیاتر و تاڵانیی ئابووری، واتە بەرگریی کورد لەسەر ئەو نەخشەیەی جەنگ کە خۆرهەڵاتە، تەنها ئەوەندە نییە کە نەچێتە جەنگێکەوە و تێوە نەگلێت، بەڵکو هێندەش گرنگە کە وزە و نەوت و غازەکەی خۆشی بخاتە دەرەوەی چاوتێبڕینەکانی وڵاتە زلهێزەکان و کۆمپانیاکانی هەڵلوشینی نەوتەوە لە ناوچەکەدا. 
گەورەترین هەڵەیەک لێپرسراوانی کورد لە پرسی وزەدا بیکەن ئەوەیە، پێیانوابێت «نەوت و غازی هەرێمی کوردستان، دەبێتە جێگرەوەی نەوت و غازی وڵاتانی دیکە و دەتوانێت بۆشایی ئەوروپا پڕبکاتەوە»، ئەم تێڕوانینە بە روون و رەوانی تێوەگلانی کوردە بۆ ناو بازنەی جەنگ و دابەشکردنی کوردستان بەسەر نەخشەی جەنگ و وزەدا، ئەمەش پێچەوانەی سیاسەتی خۆدوورگرتنە لە جەنگ و بەکارنەهێنانی وزە لە نێوان وڵاتانی زلهێزدا.

وتارەکانی نوسەر