لیستی ژمارە ١٤٢ تینوێتی کەرکوک دەشکێنێت

12:17 - 2023-11-15
هەستیار مارف ئاغا
355 خوێندراوەتەوە

‎کەرکوک و یەکێتیی دوانەی خەباتن، بێ یەکدی نابن، هەندێکجار بەهۆی زوڵم و زۆری دیکتاتۆریی و رووداو و پێشهاتە ئاڵۆزەکانەوە دابڕانی کاتی لە نێوان ئەم دوو دۆستە دێرینەدا دروستبووە، بەڵام لە رووی رۆحییەوە، یەکێتی و کەرکوکییەکان هەمیشە لە خۆشی و ناخۆشییەکاندا یەکتریان لەبیرە و زۆر زوو بە یەکتری دەگەنەوە و دەست لە ناودەست خەبات دەکەن و هەرگیز لەیەکتریی دانابڕێن.
 کەرکوکییەکان باش دەزانن تەنها یەکێتییە کە خەمخۆر و دڵسۆزیی هەتاسەرێتی، یەکێتیش باش دەزانێت کەرکوکییەکان باسکی بەهێزین و کەرکوکیش تەنها بە دەستی یەکێتی تینوێتی دەشکێت و ‎تەنها بە چارەسەر و تەگبیری یەکێتی، خەم و ئازار و زامەکانیان ساڕێژدەبێت. هەروەک سەرۆک مام جەلال دەڵێت: «کەرکوک قودسی کوردستانە، لە دەستووری عیراقدا مادەی 140 تەرخانکراوە بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانی دیکە و دەبێت بە دەستوور سەرجەم کێشەکانی شاری کەرکوک و ئەو ناوچانە چارەسەر بکرێن و ئەم مافانە بپارێزرێن. 
هەمووان باش دەزانین چەند ساڵێکی دوای پڕۆسەی ئازادیی عیراق پارێزگاری کەرکوک کورد بوو و  یەکێتیی بوو، تا کارگەشتە ئاستێک کورد راستەوخۆ حوکمڕانیی کەرکوکی دەکرد و بڕیاری دەدا.
‎ئێستاش سەرلەنوێ دۆستەکەی کەرکوک لە شۆرجە و ئیمام قاسم و رەحیماوا بە لیستی ژمارە ١٤٢ی پێکهێناوە و بۆ سەرخستن و هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە سەرجەم چین و توێژەکان بە وردی سازکراوە و دەڵێت هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە.
‎هێز هێزی خەڵکی کەرکوکە و ئیرادە ئیرادەی یەکێتییە، سەرجەم هەوڵەکان یەکدەخرێنەوە بۆ رێکخستنەوەی متمانە و بۆ خزمەت و بۆ بەهێزبوون و داکۆکیکردن لە مافە رەواکانی دانیشتوانی شارەکە، ئەو شارەی چەندین ساڵە کورد خەباتی بۆ دەکات و قوربانی بۆ دەدات، ئەو شارەی رۆڵەکانی سەرمەشقن و لە هەموو شار و شوێن و جێگەیەکی کوردستاندا شەهیدیان داوە و خوێنیان بەبێ جیاوازی بۆ رزگارکردنی خاکی کوردستان پێشکەشکردووە.
‎کەرکوک شاری کوردستان و شاری پێکەوە ژیانە، پێکەوەژیانێکی شارستانی بێ خەوش و بێ دەستکاری و بێ دەستوەردانی دەرەکی، ئەگەر ناحەزان بهێڵن ئەم شارە زیاتر دەبێت بە پێشەنگ و وەک عیراقێکی بچووک دەژی، رێز لە یەکتردەگرن و پێکەوە شارەکە ئاوەدان دەکەنەوە.
‎سیاسەت و بەرنامەی کاری لیستی ١٤٢، هەمان سیاسەت و رێبازی سەرۆک مام جەلال و یەکێتییە و دەیەوێت کەرکوک بۆ کەرکوکییەکان بکات بە شارێکی نموونەیی پێکەوەژیانی مۆدێرنی کەم وێنە، کەرکوک بکاتەوە بە خاوەن خزمەتگوزاریی رەها و ئاوەدان و سەقامگیر و دووبارە سەروەریی بگەڕێنێتەوە بۆ پارێزگاکە و داینشتوانە خۆڕاگرەکەی.

وتارەکانی نوسەر