كەركوك لەبەردەم هەڵبژاردنێكی چارەنووسازدا

12:19 - 2023-11-15
هاشم غەمگین
418 خوێندراوەتەوە

كەركوك بۆ گەلی كوردستان و یەكێتی قەڵاو شورای پشتە، چەندین شەهید و بریندار و قوربانی و فیداكاریی و دەربەدەری لەپێناودا بەخشیووە، دەبێت بە پتەوی ئەو پەیوەندییە رابگرین و بیپارێزین، نەهێڵێن ئەو شارە جارێكی تر رووبەڕووی چەوسانەوە و ژێردەستەیی ببێتەوە.
هەندێک هەوڵی لابەلا لە دەرەوەی دەستوور و یاساکان لەئارادایە کە پێگە و قورسایی كورد لە كەكوك لاوازبکرێت و عەرەبی هاوردە لە شار و ناوچەی دیکەوە لەو شارە نیشتەجێ بكرێن، چونكە بەشێک لە ئیدارە و پارێزگاری شارەكە لەدەستی كوردا نەماوە، بۆیە ئەم هەڵبژاردنە بۆ كورد لە كەركوك چارەنووسسازە بۆئەوەی پێگەی کورد لە شارەكە وەك پێشتر هاوسەنگیی بۆ بگەڕێتەوە.
كەركوك پرسێكی  گرنگ و چارەنووسسازە  بۆ کورد و هەرگیز کورد دەستبەرداری كوردستانیبوونی نابێت، لە رابردووشدا سەلماندوێتی کە پارێزەری مافی هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی  شارەکە دەبێت و برایەتی و پێكەوەژیانی دیموكراسیانە و ئاشتیانەش بەرنامە و سیاسەتی لەمێژینەی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستانە لە كەركوك.
دەبێت خەڵكی كەركوك ئەو راستییە بە باشی بزانن، ئەگەر هێزی پێشمەرگە و یەكێتی نەبوایە، لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا، جگە لەوێرانبوونی شارەكە، خەڵكانێكی ئێجگار زۆر هاوشێوەی پارێزگای موسڵ ئاوارە و سەرگەردان دەبوون و دووچاری كاولكاریی و چەندین زیان و مەینەتی و مامەڵەی توندی نامرۆڤانە و دڕندانەی ئەو گروپە تیرۆریستییە دەبوونەوە، بەڵام بۆ پاراستنی شارەكە، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەرگرییەکی قارەمانانەیان كرد بۆ روبەڕوبوونەوە و تێکشکاندنی تیرۆریستان، لەو پێناوەشدا چەندین فەرماندە و پێشمەرگەی قارەمانی یەكێتی شەهیدبوون، تا زیان بە شارەكە نەگات و خەڵك بەگشتی لە كەركوك بەئارامی و ئاسایش بژین.
ئەو دەمەی پۆستی پارێزگاری كەركوك لە دەستی یەكێتییدا بوو، لەسەر فەرمانی خوالێخۆشبوو سەرۆک مام جەلال چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری وەك فراوانكردنی رێگاوبان و دروستكردنی شەقام و پرد و ئاوەڕۆ و پارك و كۆمەڵگەی نیشتەجێبوون و...هتد، بەشێوەیەكی نموونەیی بۆ شارەكە و خەڵكەكەی دروستكران و ئێستاش دیار و بەرچاون، مافی هەموو پێكهاتە و نەتەوەكان بەبێ جیاوازی دەستەبەركرابوو، بەڵام چەند ساڵێكە دەستی خزمەتكردن لە کەرکوک دوورە و وەك پێویست خزمەت نەكراوە و بگرە پشتگوێخراوە، بۆیە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك یەكلاییكەرەوە دەبێت بۆ وەرگرتنەوەی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی پارێزگای كەركوك و خزمەتكردنی خەڵكی دڵسۆز و رەسەنی شارەكە بە سەرجەم پێکهاتەکانەوە، بۆئەوەش دەبێت هەموومان بە پەرۆشییەوە بەشداریی هەڵبژاردن بكەین و بە حەماسەتێکی زۆرەوە بچینە سەر سندوقەكانی دەنگدان و دەنگ بدەین بە لیستی (١٤٢ کەرکوک هێز و ئیرادەمانە) کە کاندیدانی یەكێتیی نیشتمانیی  كوردستان و حزبی شیوعی لەخۆدەگرێت تا پارێزگاریی لە كوردستانیبوونی كەركوك بكەین و ماف و خزمەتكردن بۆ خەڵكی شارەكە بەبێ جیاوازی پێشکەش بکرێت.

وتارەکانی نوسەر