کۆمێنت

ئه‌حلامێكی تر

11:25 - 2023-11-16
شیرین. ک
287 خوێندراوەتەوە

شیرین. ک

 

(76)

له‌ یه‌كێك له‌ ژماره‌كانی گۆڤاری النهج-دا ساڵی 1996 بۆ یه‌كه‌مجار ناوی ئه‌حلام مسته‌غانمی-م به‌رچاوكه‌وت، وتارێكی نووسیبوو له‌باره‌ی شه‌ڕی ناوخۆی جه‌زائیر و تیرۆركردنی ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ند و رۆژنامه‌نووسانی وڵاته‌كه‌ی له‌لایه‌ن هێزه‌ ئیسلامییه‌ توندڕه‌وه‌كانه‌وه‌، وتارێكی سیاسی بوو به‌ڵام لەڕووی شێواز و وێناكردنی رووداوه‌كانه‌وه‌، هه‌ستمكرد نووسه‌ری وتاره‌كه‌ ئه‌دیبه‌، دواتر له ‌نێوان ساڵی 1998 بۆ 2019 حه‌وت كتێبی ئه‌م نووسه‌ره‌م خوێنده‌وه‌، سێ كتێبی یه‌كه‌می سێ رۆمانه‌ كه‌ ته‌واوكه‌ری یه‌كن و ده‌شكرێت هه‌ر یه‌كه‌یان وه‌كو رۆمانێكی سه‌ربه‌خۆ بخوێنرێنه‌وه‌ كه‌ به‌ڕای من به‌شی دووه‌میان (پشێوی هه‌سته‌كان) لووتكه‌ی ئه‌و سیانه‌یه‌یه‌، ئه‌حلام مسته‌غانمیش وه‌كو گه‌لێك نووسه‌ری تر دنیای سۆسیال میدیا له‌گه‌ڵ خۆی بردی و بووه‌ به‌ یه‌كێك له‌ئه‌ستێره‌كانی ئه‌و دنیایه‌، ساڵی 2013 ئاهه‌نگی گێڕا به‌بۆنه‌ی ئه‌وه‌ی فۆڵۆوه‌ری گه‌یشته‌ دوو ملیۆن،  ئه‌و كاته‌ عه‌بده‌ وازن-ی نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس نووسینێكی ره‌خنه‌ ئامێزی له‌باره‌ی ئه‌م دیارده‌یه‌وه‌ نووسی و ره‌خنه‌ی له‌ئه‌حلام گرت: (ئه‌حلام خۆشی باش ده‌زانێت كه‌ ئه‌و دوو ملیۆن فۆڵۆوه‌ره‌ خوێنه‌ر نین، ئه‌مه‌ ئه‌و به‌دحاڵیبوونه‌یه‌ كه‌ ئینته‌رنێت دروستی كردووه‌، خوێنه‌ر و نووسه‌ری گریمانه‌ كراو، ئه‌و خوێنه‌ره‌ی به‌خێرایی ده‌خوێنێته‌وه‌ و به‌ئاسانیش له‌بیریده‌كات، خوێنه‌رێكه‌ نایه‌وێت به‌شداربێت له‌ كرده‌ی نووسیندا وه‌كو رۆلان بارت ده‌ڵێت، هه‌روه‌ها نایه‌وێت ته‌ئویلی ده‌قه‌كه‌ش بكات وه‌كو ئه‌مبرتۆ ئیكۆ ده‌ڵێت..).
منیش وه‌كو خوێنه‌رێكی مسته‌غانمی، تێبینیم كردووه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رقاڵبوونی به‌و دنیا گریمانه‌ كراوه‌-وه‌ به‌رهه‌مه‌كانی دووچاری جۆرێك له‌شاشی و خۆجووینه‌وه‌ بوون، ئه‌وه‌تا له‌ده‌فته‌ری  ساڵی2018دا له‌باره‌ی رۆمانی (به‌تام وه‌كو جیابوونه‌وه‌) نووسیوومه‌: (دوای شه‌ش ساڵ له‌رۆمانی (ره‌ش هه‌ر له‌خۆت دێ) چاوه‌ڕوانی رۆمانێكی تۆكمه‌ترم لێده‌كرد، كه‌چی كتێبه‌كه‌ كۆمه‌ڵێك رسته‌ی رۆمانسی له‌گه‌ڵ‌ چه‌ندین ئامۆژگاری و قسه‌ی گشتگیره‌ بۆ كچان و ژنان، به‌جۆرێك زیاتر له‌قاوه‌ گروه‌یه‌ك ده‌چێت نه‌ك رۆماننووس!! دوای سیانه‌كه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی تری ره‌گه‌زی گێڕانه‌وه‌ تیایاندا لاوازه‌ كه‌ مه‌رجێكی سه‌ره‌كی رۆمانه‌ و زیاتر له‌ شیعر ده‌چن..).

وتارەکانی نوسەر