یەکێتی و کەرکوکییەکان لێکدانابڕێن

10:24 - 2023-11-20
ئەرسەلان مەحمود
331 خوێندراوەتەوە

کەرکوک و کەرکوکییەکان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سێکوچکەی یەک هاوکێشەی نیشتمانی و یەک شوناسی کوردستانی و یەک رەگەزی قووڵکردنەوەی تەبایی و پێکەوەژیان  و لەیەک رەگی خاکی قبووڵکردنی جیاوازییەکان و کاری پێکەوەیی و هزری کۆدەنگی و رەتکەرەوەی عەقڵییەتی شۆڤێنی و تاکڕەهەندی خۆسەپێنەرن.
 کەرکوکی قودسی کوردستان، هێز و ئیرادە نیشتمانییە لەبن نەهاتووەکەی کورد و یەکێتیی، هەوێنی هاوسەنگکردنەوەی رەوشە ئیداری و ئامڕازە سەوزەکەی پڕۆسەی بونیادنانەوە و ئاوەدانکردنەوە و بوژێنەرەوەی ژێرخان و سەرخان و ژیانی خەڵکە کۆڵنەدەر و تێکۆشەر و رەسەنەکەیەتی و بەیەکەوە لیستی ژمارە ١٤٢ی  «هاوپەیمانیی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە» سەردەخەن و مژدەی سەرکەوتن لە قەڵاوە بەگوێی ئەوانەدا دەدەن لەپێناوی دەستکەوتی حزبیدا کەرکوک و کێشەکانی شارەکە و خەڵکەکەی بچووکتر لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەبینن.
ئەوانەی نایانەوێ کەرکوکییەکان لەم دۆخ و پڕۆسە هەستیارەدا بەشدارییەکی کارا بکەن و کار لەسەر دڵ ساردکردنەوە و بێ رۆڵکردنیان دەکەن، نایانەوێ خەڵکە رەسەنەکەی کەرکوک گرنگی بە ئێستا و ئایندەی ژیانیان بدەن، نایانەوێ کەرکوک لە ئاشتی و ئارامی و سەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بژی و کار و ماف و ئازادییان دەستەبەر و سەلامەت بمێنێتەوە. 
کەس و گروپە شۆڤێنیستەکان، وەک هەمیشە لەبری چارەسەر بەدوای نانەوەی کێشە و ئاشووبەوەن، بەڵام خەڵکە رەسەنەکەی کەرکوک هۆشیارن و تێدەگەن نەیار بەدوای چ گۆبەند و خراپکارییەکەوەیە.
با بەیەکەوە پشتگیری لە لیستی ژمارە ١٤٢ بکەین و وەڵامە راستەقینەکە وەربگرینەوە، با نەهێڵین نەیاران سەرقاڵمان بکەن بەخۆیان و لۆمە و لۆمەکاریی بێمروەتانە و ناژیرانەی رابردوەوە. 
ئەرکی ئێمە ئایندەسازی و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی قۆناغەکە و تێگەیشتنە لە بەهای پڕۆسەکە، بەبێ ئەم حقیقەتە داهاتوو وەک ئەوەی پێویستە ببین، قبووڵمان ناکات.
با بەیەکەوە بڕیار بدەین باشترین نوێنەرایەتی و ئیدارە هەڵبژێرین و سندوقەکانی دەنگدان پڕ بکەین لەو دەنگانەی کە کاندیدەکانی هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە سەردەخات، تا بتوانن ژیان لە شارەکە سەرلەنوێ ببوژێننەوە و تەبایی و پێکەوە ژیان بکەنە لۆگۆ و ناسنامەی کەرکوک.

 بۆ شادکردنی رۆحی مام جەلال، یەکێتی بەرز رادەگرین

وتارەکانی نوسەر