رێگریی بکەین لە تێکدان

10:56 - 2023-11-20
هیوا محەمەد
350 خوێندراوەتەوە

بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عیراق سەبارەت بە سەندنەوەی ئەندامێتیی پەرلەمان لە محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، کە لە هەمانکاتدا سەرۆکی حزبی تەقەدومە، رەنگە کاریگەریی هەبێت لەسەر چۆنێتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عیراق و بیشێوێنێت.
تەنها مانگێکی ماوە بۆ هەڵبژاردن، حزبی تەقەدومیش وەک ئەوانی تر لە ئامادەکارییدا بووە بۆ هەڵبژاردن و دەرچواندنی کاندیدەکانی، بەڵام لە دوای دەرچوونی فەرمانی گرتنی حەلبوسی، وەک هەواڵەکان بڵاویانکردەوە، گوایە زۆرێک لە ئەفسەرە پلەباڵاکانی سەر بەو حزبە شوێنەکانی خۆیان بۆ جێگەی نادیار گواستۆتەوە، ئەمەش بەو مانایە دێت ئەو حزبە ناتوانێت بەدەستکراوەیی و ئازادانە سوود لە توانای ئەندامەکانی بە گشتی وەربگرێت، یان رەنگە سەرقاڵی ئەم کێشەیە بن و سەریان نەپەرژێتە سەر بانگەشەی پێویست بۆ خۆیان.
لە پاڵ ئەمانەشدا، نەیاری دەرەکیی ئیقلیمی زۆرن و نایانەوێت پڕۆسەی هەڵبژاردن بە باشی بەڕێوەبچێت، یان لایەنێکیان کردۆتە ئامانج کە رێگریی لە دەرچوونی بکەن، بۆ ئەمەش دەیان سایتی سێبەر و پەیجی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنن بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست کە لەسەر کاندیدەکە و لایەنەکەی دەکرێت.
زۆریشیان وایان داناوە کە سەربە یەکێک لە لایەنە سەرەکییەکانی بەشداربووی هەڵبژاردنن.
ئەو پەیجە فەیکانە، وا نیشان دەدەن کە سەرچاوەی یەکێک لە حزبە رکابەرەکانن و مێشکی هاووڵاتییان دەوروژێنن بە شتی نابەجێ و تۆمەت و بوختان هەڵبەستنەوە بۆ کاندید و پاڵێوراوانی لایەنەکانی دیکە، بەتایبەتی کاندید و لایەنە بەهێزەکان، بەڵام پێموانییە لە راستیدا ئەوانە سەربە حزبەکان بن و ئەوان ئاڕاستەیان بکەن بەو جۆرە بدوێن.
هەڵبژاردن بەتایبەتی لە کەرکوک و دەوروبەری، خانەقین و گەرمەسێر، نەینەوا، بۆ کورد گرنگە، ئەوان دەیانەوێت خەریک و سەرقاڵمان بکەن بە ململانێ و تۆمەت بەخشینەوەوە، دەیانەوێت ئێمە خۆمان یەکتر سووک بکەین لەناو خەڵکەکەکەدا کە دەبنە دەنگدەر، بۆیە پێویستە بۆئەوەی دەنگەکانمان نەفەوتێ، لەسەر ئاستی باڵا لێدوان بدرێت و ئەو پەیج و سایتانە حاشایان لێبکرێت و خۆیانی لێ بێبەری بکەن کە لە راستیدا سوود بە هیچ لایەنێک ناگەیەنێت و تەنها زیانی گەورەی بۆ کورد دەبێت لەو شوێنانە و کاردانەوەی بۆ سەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش دەبێت لە ئایندەدا.
هەنگاوی ژیرانە بۆ دەوڵەتداری ئەوەیە کە تاکی باش دروست بکەیت بۆ کۆمەڵگە پشتبەست بە بابەتی زانستی و واقیعبینانە بێت، ئەوەی ئەوان بەناوی ئێمەوە مێشکی خەڵک دەشواتەوە لە دژی بەرامبەرەکەمان، یان ئەوەی ئەوانیش بەناوی ئەوانەوە دەیکەن لە دژی ئێمە، هەمووی تۆمار دەبێت لای خەڵکی ئاسایی دەنگدەر (کە زۆرینەی کۆمەڵگەن) و لەسەر هەموان دەکەوێت وەک حزبەکان، ئەوەشی لەم نێوەندەدا قازانج دەکات، دوژمنان و ئەوانەن کە خەریکی پیلانگێڕانن لە کورد، چونکە لە بەرژەوەندییانە.

وتارەکانی نوسەر