د.شوان ئادەم ئەیڤەس
(33)
*چی وادەکات بۆچوون تێکەڵاوی زانیاری نەکرێت و ریکلامی بازرگانی وەک هەواڵ دەرخواردی وەرگر نەدرێت؟
-هەواڵ، ئەگەر لە روانگەی زانستی راگەیاندنەوە مەبەست لێی پێڕاگەیاندنی نوێترین زانیاری بێت لەبارەی رووداوێکی دیاریکراو، دوور لە هەرجۆرە بۆچوونێکی کەسی پەیامنێر و داڕێژەری هەواڵ، ئەوا بەپێی پێوەری جیاکاری و بێلایەنی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن، پێویستە بۆچوون لە چوارچێوەی لاپەڕە و پڕۆگرامی بیروبۆچوون ئامێز یاخود وتار و ستونی رۆژنامەوانیدا بڵاوبکرێتەوە و تێکەڵاوی ئەو زانیارییانە نەکرێت لە بارەی رووداوێکەوە وەک وەڵامگۆی رەگەز و بەهاکانی هەواڵ چاپ و پەخش و بڵاودەکرێنەوە. هەر ئەوەش هۆکارە بۆ ئەوەی ریکلامی بازرگانی براندێک، وەک هەواڵ دەرخواردی وەرگر نەدرێت و سەری لێ بشێوێنرێت!
وەرگر لە دامەزراوە میدیاییەکاندا، دەبێت رێز لێگیراوبێت و هەرگیز هەوڵی بەلاڕێدابردن و یاریکردن بە هەست و سۆزی یاخود بە کەم سەیرکردنی توانا و تێگەیشتنی نەدرێت و متمانەی نەدۆڕێنرێت، هەروەک چۆن پێویستە خواست و داوا رەواکانیشی بەهەند وەربگیرێن و ببن بە بەشێک لە پلان و پڕۆژە و پڕۆگرامی ستراتیژی سیاسەتی میدیایی و کارنامەی هەڵسوڕێنەر و بەڕێوەبەرانی ژووری هەواڵ.
بەپێچەوانەوە، ئەگەر ئەو رێزلێگرتنە نەبێت، ئەوا ئەو دۆخە پڕ پاشاگەردانی و سەرلێشێواوییە دروست دەبێت ساڵانێکە لەلای میدیاوان و میدیای کوردی دەبینرێت. دۆخێک هیچ پیشەوەرێکی هاوچەرخ ئیرەیی پێنابات و بگرە خۆشی لێ دەپارێزێت، چونکە کاتێک بە بەرنامە پەخشنامەی هەواڵ یان هەواڵنامەی میدیایەک لەلایەن کۆمپانیا بازرگانییەکانەوە سپۆنسەرکران، ئیتر لە برسا بێت یان لە ترسا، بۆچوونی کەسی هەواڵدەر و هەواڵنێر و هەواڵساز تێکەڵاو بە زانیارییە راستەقینەکان دەکرێن و بەوەش بێڕێزی بە وەرگر دەکرێت و سەری لێ دەشێوێنرێت چ بەشێکی هەواڵەکە، خودی زانیارییە راستەقینەکانی رووداوەکەیە و چ بەشێکی دیکەی، شیکردنەوە و بۆچوونی کەسییە لەسەر ئەو رووداوەی بۆی روماڵ و گواستراوەتەوە!
ساڵانێکە بەشێک لە میدیاوان و میدیای کوردی خاوەن جۆرێک لە بازرگانی دیاریکراوی خۆیانن، لە رێگەی پڕۆگرامە هەواڵی و ژانرە رۆژنامەوانییەکانی دیکەوە ریکلامی بازرگانی بۆ ئەو کاڵا و شمەک و براندانە دەکەن کە خۆیان راستەوخۆ خاوەنین یاخود ناڕاستەوخۆ لە خاوەندارێتییەکەی سوودمەندن. ئەوەش لە رووی تیۆرییەوە، دژ و پێچەوانەی بەرژەوەندییە گشتییەکان و بەها پیشەکان دەکەوێتەوە کە میدیا و میدیاوانی پیشەگەری پێشەنگ شەڕیان لەسەر دەکات، چونکە لە بنەمادا ریکلام سەرچاوەیەکی سەرەکی داهات و داراییە و بە پلەی یەکەم جەخت لە بازاڕسازی بیرۆکەیەک یان بەرهەمێک و برەوپێدانی دەکاتەوە. پڕۆگرام کردن لەسەر کار و چالاکی و بەرهەمەکانی کەس و کۆمپانیایەکی دیاریکراو یاخود هەواڵ کردن لەسەر مارکەی نوێی براندێک و وروژاندنی رایگشتی لەسەری، دەچنە چوارچێوەی ریکلامی بازرگانییەوە، هەربۆیە هەڵەیەکی پیشەیی گەورەیە وەک ژانرێکی رۆژنامەوانی، درێژە بە مانەوە و بەردەوامی ریکلامێک بدرێت کە ناوەڕۆکەکەی لەگەڵ پێوەرە زانستییەکانی پیشەی رۆژنامەگەرییەکی سەنگینی پیشەگەر و بەرپرسیاردا یەکناگرنەوە! دەتوانرێت رێگری لەوانە بکرێت ئەم بێڕێزییە چاپ و پەخش و بڵاودەکەنەوە، چیدیکە بە کەسێکی پیشەگەر و میدیاکەشی بە دەزگایەکی بێلایەن و بێهاوتا بە وەرگر نەناسێنرێن!
*پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە خوێندنی کەمیونیکەیشن، کەلتور و میدیا