لێم دەپرسن؟

09:53 - 2023-12-05
د.شوان ئادەم ئەیڤەس
294 خوێندراوەتەوە

د.شوان ئادەم ئەیڤەس

(37)

 

*رۆژنامەگەری سەربەخۆ لە وڵاتانی پاش ململانێ و تازەپێگەیشتوودا، پیشەیەکی ئاسانە؟
-لە رۆژگارێکدا بەرهەمهێنان و بڵاوبوونەوەی زانیاری و هەواڵی ساختەی مەبەستدار، بووبێتە پرسێکی گەرمی میدیای نوێی نێوخۆی و هەرێمی و نێودەوڵەتی و دۆزینەوەی سەرچاوەی متمانەپێکراو تابێت کەم و سنووردارتربێت، بەدڵنیاییەوە بوون بە رۆژنامەوان و رۆژنامەگەرییەکی سەربەخۆ پیشەیەکی هەروا سادە و ئاسان نییە، بگرە پێویستی بە تێکشکاندنی دەیان بەربەستی سروشتی و دەستکرد هەیە. ئەوە جگەلەوەی لەمێژە، وردی رۆژنامەگەری بە (پیشەی گەڕان بە دوای سەرئێشەدا) ناوزەدکراوە!
هەڵبەتە سەرئێشەی پیشەی رۆژنامەگەری زۆر و فرەڕەهەندە و گرێدراوی کەلتور و نەتەوە و رەنگ و رەگەزێکی دیاریکراو نییە، چونکە سەربەخۆیی بڕیاردان و  سەربەخۆیی ژینگەی کارکردن رێگە بە رۆژنامەوان دەدات ئازایی و ئازادی وروژاندن و بەدواداچوونی ئەو چیرۆکە هەواڵانەی هەبێت بۆ خۆی و خەڵکی گرنگن. لەم رۆژگارەشدا، سەربەخۆیی رۆژنامەوان زۆرتر بە بەرژەوەندییەکانی کۆمپانیاکانەوە بەستراونەتەوە هەندێکجار کاریگەرییان لەسەر بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی میدیایی دەبێت. بۆ نموونە، لە هەرێمی کوردستاندا ساڵانێکە بەهۆی سپۆنسەرکردنی پەخشنامەی هەواڵەکانەوە، هەندێک دەزگای میدیایی زاتی دەستبردن بۆ گەندەیی و گەندەڵییەکانی ئەو کۆمپانیایانەیان نییە کە بوون بە سەرچاوەیەک لە سەرچاوەکانی داهاتیان.
سەربەخۆیی، رێگە بۆ لێپرسینەوە لە کەسانی دەسەڵاتدار دەکات و دەیانخاتە ژێر چاوی چاودێری رۆژنامەوان و رۆژنامەگەری بنکۆڵکاری و بەوەش رێگە لە وەرگر دەگرێت لە بێئاگاییدا بمێنێتەوە و بەشداری کارای لە دروستکردنی بڕیار و بەڕێوەبردنی وڵاتدا نەبێت.
دیارە ئەوەش ئامانجێکی دیاری سەربەخۆیی رۆژنامەوان و رۆژنامەگەرییە رۆڵێکی چارەنووسسازیان لە کەلتور و سیستمی دیموکراسییدا هەیە، چونکە لە رێگەی دەستەبەرکردنی مافی دەستکەوتنی زانیارییە گشتییەکانەوە بۆ وەرگر، متمانەی رۆژنامەوان زیاد دەکات و رۆژنامەگەریش دەبێتە شاخوێنبەری سیستمەکە و هۆکاری ژیاندنەوەی. بەتایبەت لە وڵاتانی پاش ململانێ یاخود تازەپێگەیشتوودا، رۆژنامەگەریی سەربەخۆ دەتوانێت چالاکتربێت.
دەکرێت دیارترین هەنگاوەکان بۆ بوون بە رۆژنامەوانێکی سەربەخۆ، لەم چەند خاڵەدا چڕبکرێنەوە:
1-پەرەپێدانی تواناکان: لە رێگەی خوێندنی ئەکادیمی یاخود وەرگرتنی خولی پیشەیی بۆ پەرەدان بە بەهرە و تواناکانی نووسین و بەدواداچوون و چاوپێکەوتن.
2-پەرەپێدانی ناسنامەی پیشەیی: لە رێگەی بەرهەمهێنان و کەڵەکەکردنی ئەزموون و نووسینی بابەت و بڵاوکردنەوەیان بەشێوەی پۆستی بلۆگ یان ڤیدیۆیی.
3-پەرەپێدانی تۆڕی پەیوەندییەکان: لە رێگەی دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ رۆژنامەوانان و پیشەگەرەکانی دیکەدا.
4-پەرەپێدانی شوێنی تایبەت بە رۆژنامەوان: لە رێگەی بڕیاردان لەسەر ئەو بابەت و بوارانەی مەبەستیەتی و سەرنجی لەسەریانە. هەروەها پەیداکردنی پسپۆڕیی لە بوارێکی دیاریکراودا و پەرەپێدانی.
5-خستنەڕووی چیرۆکەکان: لە رێگەی گەیشتن بە دەزگاکانی پەخش، چاپکراوەکان و سەکۆکانی ئینتەرنێت و پێدانی بیرۆکەی چیرۆکە هەواڵەکان.
6-لەخۆگرتنی سەکۆ دیجیتاڵییەکان: لە رێگەی ئەپڵیکەیشنەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ماڵپەڕە کەسییەکان و بەکارهێنانی بلۆگ بۆ هاوبەشیپێکردنی بەرهەمەکان.
7-ئاگایی زیاتر: لە رێگەی درێژەدان بە روماڵی رووداوە هەنوکەییەکان، شوێنکەوتنی سەرچاوە هەواڵییە متمانەپێکراوەکان.
لەگەڵ هەموو ئەوانەدا، بوون بە رۆژنامەوانێکی سەربەخۆ لە ژینگەیەکی ناسەربەخۆی پڕ ململانێی نابەرامبەردا قورسترە و پێویستی بە شەونخونی و کۆڵنەدان و خولیای گەیشتن بە راستەقینەکان هەیە.

*پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە خوێندنی کەمیونیکەیشن، کەلتور و میدیا

وتارەکانی نوسەر