لێم دەپرسن

10:28 - 2023-12-17
د.شوان ئادەم ئەیڤەس
245 خوێندراوەتەوە

(39)

لە رۆژی دەنگدانی تایبەت و گشتیدا، ئەرک و مافی رۆژنامەوانان چین و چۆن بەرگرییان لێبکات؟
-ئەگەر لە رۆژانی ئاسایی و لە بەرامبەر گواستنەوە و گەیاندنی زانیاری گشتیدا، رۆژنامەوان مافی رووماڵی میدیایی و ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەری هەبێت، ئەوا لە رۆژانی دەنگدانی تایبەت و گشتیدا، ماف و ئەرکی زیاتر دەبێت. هەرجۆرە کەمتەرخەمییەکی رۆژنامەوان لە بەدەستهێنانی مافە پیشەییەکانیدا، دەبێتە هۆی رێگریکردن لە رایکردنی ئەرکەکانی کە دواتر بە زیانی وەرگر و بێبەشبوونی لە زانیاری راست و دروست دەشکێتەوە. ئەو کەمتەرخەمییەش، بە مەبەست بێت یان بەبێ مەبەست، دەبێتە دەستپێکی دەستتێوەردانی هێز و هەژمونی لیستە رکەبەرەکانی هەڵبژاردن، بۆ گۆڕینی ئاڕاستەی دەنگدەر و شێواندنی رێڕەوی دەنگدان!
لە رۆژی دەنگداندا، ئەرکی رۆژنامەوان ئەوەیە ببێت بە گەیەنەری دەنگی بێدەنگان و رەنگی بێڕەنگان. بە جۆرێک لە هەر بنکە و وێستگەیەکی دەنگداندا، پەیی بە پێشێلکاری بەربژێر و لیستەکەی برد یاخود رێگری لە دەنگدانی نهێنی دەنگدەر بۆ دەنگدان بە لیست و بەربژێری دڵخوازی خۆی کرا، ئەوا ئەرکی گەورە و گرنگی رۆژنامەوان دەبێتە وروژاندنی ئاست و ئاڕاستەی پێشلکارییەکان و بە دەنگهێنانی بەرپرسانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و لایەنی دیکەی پەیوەندیدار لەسەریان.
لەو سۆنگەیەوە، رۆژنامەوان و رۆژنامەگەری کوردی پێویستە زۆر بە وردی و وریاییەوە روماڵی رووداوێکی میدیایی وەک هەڵبژاردنی گشتی و رۆژانی دەنگدان بکەن، تا لە دەرئەنجامدا بە قازانجی پڕۆسەی سیاسی و دەستاودەستی ئاشتییانەی دەسەڵات بشکێتەوە. لە پێناو ئەو ئامانجە نیشتمانییەشدا، گرنگە رەچاوی ئەم چەند پێشنیازەی خوارەوە بکەن:
1-روماڵکردنی بەردەوام: لە رۆژانی دەنگدانی تایبەت و گشتیدا، هەموو ئامڕازەکانی میدیای باو و جێگرەوە دەخرێنە خزمەت پڕۆسەی هەڵبژاردن و هەر دەزگا و دامەزراوەیەک بەپێی سیاسەتی میدیایی خۆی، روماڵی بایکۆت و بەشداری دەنگدەر و سندوقەکانی دەنگدان دەکات.
2-هەمەڕەنگ کردنی سەرچاوەکان: لە زانستی راگەیاندندا بە بەردەوامی پێداگری لەسەر چییەتی و چەندێتی سەرچاوەی جیاوازی زانیاری دەکرێتەوە، تاوەکو لە کۆتاییدا هەواڵی هاوسەنگی پڕ زانیاری چاپ و پەخش و بڵاوبکرێتەوە، چونکە (هەواڵی یەک سەرچاوە، هەواڵ نییە) بەتایبەت لە رۆژانی دەنگداندا.
3-وردبینیکردنی زانیاری: لە روماڵکردنی میدیاییدا و لە قۆناغەکانی کۆکردنەوە و داڕشتنەوە و بڵاوکردنەوەی زانیاریدا، زۆر گرنگە لە هەردوو رووی بابەتی و تەکنیکییەوە لە زانیارییەکان وردببنەوە و هەڵسەنگاندن بۆ راست و ناڕاستی و رونی و ناڕونی زانیارییەکان بکرێن.
4-راگرتنی هاوسەنگی: لە رۆژانی دەنگداندا چەندین لیستی رکەبەر بە خۆیان و بەربژێرەکانیانەوە بەشداری دەکەن، هەندێکیان خاوەنی هێز و هەژموونی سیاسی و سەربازی و دارایین و رەنگە سوودی خراپ لە پێگەی خۆیان وەربگرن.
5-پاراستنی پیشەگەرێتی: پاراستن و پێشێلکردنی بنەماکانی یاسا بەرکارەکان و پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن لە رۆژانی دەنگدان و تەنانەت پێش و پاش هەڵبژاردنیش دەبێتە سەنگی مەحەک بۆ دەرکەوتنی ئاست و ئاڕاستەی کارکردنی پیشەیی هەر میدیاوان و میدیایەک.
بەدەر لەو پێشنیازانە، سەلیقە و ئەتەکێتی کەسی رۆژنامەوان رۆڵێکی بەرچاو لە دۆزینەوەی سەرچاوەی نوێ و کەمکردنەوەی هەستیاری کەسەکان و درێژەدان بە روماڵی میدیایی دەنگدان هەیە.

*پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە خوێندنی کەمیونیکەیشن، کەلتور و میدیا

وتارەکانی نوسەر