لێم دەپرسن

10:23 - 2023-12-10
د.شوان ئادەم ئەیڤەس
246 خوێندراوەتەوە

(38)

*خاڵی لێکچوون و جیاوازی نێوان وێنەی زەینی و وێنەی میدیایی چییە؟
-وێنەی میدیایی، درێژەپێدەری وێنەی زەینی تاکەکانە یاخود وێناکردنێکی نوێیە لەسەر کەس و دیاردە و دەرکەوتەکانی کۆمەڵگە، ئەوەش وایکردووە خاڵی لێکچوون و جیاوازی نێوانیان لەیەک نزیکبن و لە هەندێک دۆخیشدا تەواوکەری وێنەیەکی گەورەتری کۆن یاخود نوێبن.
بەپێی سەرچاوە زانستییەکان، بەها و بەرژەوەندیی وێنەی زەینی سنووردارە و بە چاودێریکردنی وێنەی خەڵک بۆ شتەکان بەرهەمدێت مەبەست لێی ئەو کۆمەڵە وێناکردنەیە لە مێشکدا و لەبارەی هەندێک بەهای سیاسی یان کەسی درووستدەبن و یارمەتی بەدەنگهێنانی ئەو شتانە دەدەن کە لە رێگەی پەیوەندی جەماوەرییەوە پەخش و بڵاودەکرێنەوە. واتا وێناکردنێکە لەسەر بنەمای خەیاڵ یان یادەوەری، کەسێک لە مێشکیدا دروستی دەکات، وەک ئەوەی شتێک لە خەیاڵیدابێت بەبێ ئەوەی لە راستیدا بیبینێت یان هەستی پێبکات. کەواتە دەکرێت هۆکارێک بێت بۆ بینینی شتەکان یان بیرهێنانەوەی ئەزموونەکانی رابردوو.
وێنەی زانیاری یاخود میدیایی، شێوازێکە لە وێناکردنی پەیام و زانیاری لەچوارچێوەی سیاسەتی میدیایی چەناڵێکدا جێگەی دەکرێتەوە و کاریگەری لەسەر زانیاری باو و بەکارهێنراو هەیە، چونکە بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی وێنە پڕۆسەیەکی مەعریفی رێژەیی کەلتورییە، لەسەر بنەمای تێگەیشتنی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی تاکەکان و لە رێگەی دامەزراوەیەک، کۆمپانیایەک، تاکێک، کۆمەڵگەیەک یان چەند کۆمەڵگەیەک و بە ئاڕاستەی سۆزدارییەکی پۆزەتیڤ یان نێگەتیڤ دەگوێزرێتەوە و کاریگەری لەسەر بیرکردنەوە و رەفتاری کەسەکان بەجێدەهێڵێت. واتە پەیوەندی بە پڕۆسەی چاودێریکردنی وێنەی کەسێک، دەستەیەک، رووداوێک یاخود پرسێکی دیاریکراوەوە هەیە لە رێگەی ئامڕازەکانی میدیای چاپکراو یان پەخشکراو و دیجیتاڵییەوە پێشکەشدەکرێت.
ئەگەرچی هەردوو وێنەی زەینی و میدیایی، نوێنەرایەتی رەهەندی بینراو دەکەن، بەڵام هەندێک جیاوازی سەرەکی لە نێوانیاندا هەیە، لەوانە: وێنەی زەینی لە ناوەوە و لەلایەن مێشکەوە دروست دەبێت، لەکاتێکدا وێنەی میدیایی دیمەنی دەرەکی لەخۆدەگرێت و لەلایەن کەسانی دیکەوە دروستدەکرێت و بڵاودەکرێتەوە. هەردووکیان دەتوانن رۆڵیان لە داڕشتنی تێڕوانین و تێگەیشتنی کەسەکان بۆ  خۆیان و جیهانی دەوروبەریان هەبێت، چونکە میدیا دەتوانێت کاریگەری لەسەر وێنە زەینییەکانی تاکەکەس هەبێت، ئەو وێنانەی لە میدیاکاندا دەبینرێن دەتوانن تێڕوانین و بیروباوەڕ و تەنانەت تەندروستی دەروونیشیان لە قاڵب بدەن کە چۆن سەیری خۆیان و کەسانی دیکە و جیهانی دەوروبەریان بکەن. بۆ نموونە ئەگەر میدیاکان بە بەردەوامی جۆرێکی دیاریکراوی جەستەی کچە مۆدێلێک وەک نموونەیەکی پێشەنگ نیشانبدەن، ئەوە دەتوانێت بەشداری لە وێنەی نێگەتیڤ جەستە و پرسەکانی خۆبەگەورەزانیندا بکات. بە هەمانشێوە ئەگەر میدیاکان بەردەوام هەندێک کەس بەشێوەیەکی نێگەتیڤ یان کۆنەپەرستانە نیشانبدەن، ئەوا دەتوانێت لایەنگری و بڕیاردانی پێشوەختەیان لەسەر زیاد بکات. 
گرنگە وەرگر ئاگاداری ئەو کاریگەرییانەبن میدیا دەتوانێت لەسەر وێنە زەینییەکانی هەیانبێت و بەشێوەیەکی رەخنەگرانە شیکاری ئەو پەیامانە بکەن کە وەریدەگرین. زۆرجار وێنەکانی میدیا، زۆر بە وردی و بە پیلان کۆدەکرێنەوە و پێشکەشدەکرێن لەوانەیە رەنگدانەوەی تەواوەتی واقیع نەبن. هەربۆیە پشوودان لە میدیادا و هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکان و بەشداریکردن لە وتوێژی پۆزەتیڤ دەتوانێت لە پاراستنی دیدگەیەکی روون و رەوان و واقیعیدا یارمەتیدەربێت.

*پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە خوێندنی کەمیونیکەیشن، کەلتور و میدیا



وتارەکانی نوسەر