سێکوچکەی بووژانەوە

10:10 - 2023-11-21
ئەرسەلان مەحمود
246 خوێندراوەتەوە

 ئەرسەلان مەحمود

کەرکوک و کەرکوکییەکان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سێکوچکەی یەک هاوکێشەی نیشتمانی و یەک شوناسی کوردستانی و یەک رەگەزی قووڵکردنەوەی تەبایی و پێکەوەژیان و لەیەک رەگی خاکی قبووڵکردنی جیاوازییەکان و کاری پێکەوەیی و هزری کۆدەنگی و رەتکەرەوەی عەقڵییەتی شۆڤێنی و تاکڕەهەندیی خۆسەپێنن.
کەرکوکی قودسی کوردستان، هێز و ئیرادە نیشتمانییە لەبن نەهاتووەکەی کوردستانیان و یەکێتی هەوێنی هاوسەنگکردنەوەی رەوشە ئیداری و ئامرازە سەوزەکەی پڕۆسەی بنیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوە و بوژێنەرەوەی ژێرخان و سەرخان و ژیانی خەڵکە کۆڵنەدەر و تێکۆشەر و رەسەنەکەیەتی و بەیەکەوە لیستی ژمارە ١٤٢ی هاوپەیمانییەکەی «هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە» سەردەخەن و مژدانەی سەرکەوتن لە قەڵاوە بەگوێی ئەوانەدا دەدەن کە لەپێناوی دەستکەوتی رووتی حزبیدا دەنگی کەرکوکییەکان پەرت و چەوت دەکەن و دەبنە مایەی دڵخۆشکردنی نەیاران و هەموو ئەوانەی خەون بە شێواندنی شوناسی شارەکە و بەتاڵانبردنی ماڵ و موڵک و داڕماندنی مەعدەنەکەیەوە دەبینن. 

هەندێک لایەن رێگری لە دەنگدانی کەرکوکییەکان دەکەن
ئەوانەی نایانەوێ کەرکوکییەکان لەم دۆخ و پڕۆسە هەستیارەدا بەشدارییەکی کارا بکەن، کار لەسەر دڵ ساردکردنەوە و بێ رۆڵکردنیان دەکەن، نایانەوێ خەڵکە رەسەنەکەی کەرکوک گرنگی بە ئێستا و ئایندەی ژیان بدەن، نایانەوێ کەرکوکییەکان بەدوای ژینگە و ژیان و تەندروستییەکی باشتردا بگەڕێن، نایانەوێ کەرکوک لەئاشتی و ئارامی و سەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بژی، نایانەوێ کەرکوکییەکان کار و ماف و ئازادییان دەستەبەر و سەلامەت بمێنێتەوە، ئەم دەنگ و رەنگە نەشاز و نەسازانە وەک هەمیشە لەبری چارەسەر بەدوای نانەوەی کێشە و بێشە و ئاشوبەوەن، بەڵام خەڵکە رەسەنەکەی کەرکوک هۆشیارن و تێدەگەن نەیار بەدوای چ گۆبەند و خەراباتێکەوەیە. 

پشتگیریکردن لە لیستی ١٤٢
با بەیەکەوە پشتگیری لە لیستی ١٤٢ی هاوپەیمانیی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە بکەین و وەڵامە راستەقینەکە وەربگرینەوە، با نەهێڵین دژ و دوژمنان و نەیار مەشغوڵمان بکەن بەخۆیانەوە و بە لۆمە و لۆمەکاری بێ مروەتانە و ناعەقڵانەی رابردووی دوور و نزیکەوە، ئەرکی ئێمە ئایندەسازی و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی قۆناغەکە و تێگەیشتنە لە بەهای پڕۆسەکە، بەبێ ئەم حەقیقەتە، داهاتوو وەک ئەوەی دەبێ هەبین، قبووڵمان ناکات، هاوشاری رەسەن، تاکی زیندوو، با بەیەکەوە بڕیار بدەین باشترین نوێنەرایەتی و ئیدارە هەڵبژێرین و سندووقەکانی دەنگدان لەو پێناوەدا پڕ بکەین لەو دەنگە خاکڕایانەی ژیان لە شارەکەدا دروست دەکەنەوە و سەرلەنوێ دەیبووژێننەوە، با بەیەکەوە لیستی ١٤٢ی «هاوپەیمانیی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە» سەرخەین.

گێڕانەوەی هاوسەنگیی بۆ کەرکوک لە هەڵبژاردندا

وتارەکانی نوسەر