شەهید کێیە؟

10:16 - 2023-11-21
هیوا محەمەد
718 خوێندراوەتەوە

هیوا محەمەد


لەپێناوی بەدەستهێنانی ماف و داکۆکیکردن لەخەڵک و خاک، کەسەکان پێکەوە لە گروپێکدا یان حزبێکدا کۆدەبنەوە، ئامانجێک یەکیان دەخات و بەبەرنامە دەکەونە هەنگاونان بۆ گەیشتن پێی.
ئەو کەسانە ئامادەن گیانی خۆیان بەخت بکەن تا گەلێک بە ئامانج بگەیەنن، مەرامیان راستە، ئەوانەی ئەمان لە دژیان وەستاون، دوژمنن، دوژمن بەو مانایە نا کە ئەمان قینیان لێیە بۆیە بە دوژمنیان دەزانن، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەوان دوژمنی گەلن، بکوژ و سەرکوتکەرن، وێرانکەرن، زۆرێک لەو شەهیدانەی کە بۆ خاک شەهیدبوون، خۆیان راستەوخۆ هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ دوژمنەکەدا نەبووە، بەڵکو کێشەی نەتەوەیەکیان بە هی خۆیان زانیوە بۆیە خەباتیان لە ریزەکانی گەلدا کردووە و لەو پێناوەدا شەهید بوون.
شەهید ئەو کەسەیە کە بە رووی دوژمندا وەستاوەتەوە و هەوڵی داوە رێگریی بکات لێی، ئەو کەسە کە بە سنگی خۆی خاک و خەڵکەکەی پاراستووە.
ئەو خەباتگێڕانەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەموو ئەوانەش کە لەناو ریزەکانی بزووتنەوەی رزگارییخوازیی کوردستاندا، گیانیان بەخشیوە، دەیانزانی هەر ساتێک بێت شەهید دەبن. 
ئەوان کاتێک بەرەو هێرشکردن بۆسەر مۆڵگەیەکی دوژمن دەچوون، گەردن ئازاییان لەیەکتر دەکرد، چونکە ئامادە بوون بۆ شەهید بوون، هەرکاتیش دەگەڕانەوە بە سەرکەوتوویی، باوەشیان بەیەکدا دەکرد و دەیانووت : خۆشبەختانە ماوین بۆ هێرشێکی تریش، نەک بۆ چەند ساتێکی تر لە ژیان.
یەکێک دەیووت: بەڵێن بێت ئەم جارە شەهید نەبم جارێکی تریش دێمەوە سەرتان، کەس نەیدەووت: خۆشبەختانە ئەمجارەش رزگارم بوو نەمردم!
پێشمەرگە کە رووبەڕووی دوژمن دەبۆوە و تێکیدەشکاندن و دوو شەهیدی دەدا، خوێنی ئەو دوانە دەبووە هەوێنی سەرکەوتنی پێشمەرگەکان، کەواتە ئێستاش کە خۆمان دەبینینەوە و دەتوانین بدوێین و لەسەر هەمان رێی ئەو شەهیدانە خەبات دەکەین، دەبێت بە خۆمان بڵێین ئەگەرچی ئێمەش هاوڕێی خەباتی ئەو کاتیان بووین، بەڵام مانەوەمان بەهۆی ئەو قەڵغان و شوورایە بووە کە شەهیدەکان بۆ رزگاربوونی هەموان دروستیان کرد.
لەبیرکردنی شەهید و خێزانیان، هەموو بیروباوەڕ و خەباتە لە مێژینەکە دەخاتە ژێر پرسیارەوە، ئەو نانەی ئێستا دەیخۆین، ئەو ئاوەی تینوێتی پێدەشکێنین لە پای ئەو شەهیدانەیە کە دەیان هەزارن.
لە هۆڵەندە و روسیا، ئێستاش ئەوانەی پاشماوەی جەنگی جیهانی دووەمن و ماون، رێزیان لێدەگیرێت و لە بۆنە رەسمییەکاندا بانگهێشتیان دەکەن و لە ریزی پێشەوە دایان دەنێن، گەنجانی وڵات پێیان دەڵێن: ئێوە شانازیی ئێمەن، ئێوە خاک و خەڵکتان پاراست، ئێمە ئێستا بەهۆی ئێوەوە هەین، ئیتر دەبێت چی بە شەهیدەکان بووترێت؟
سڵاویان بۆ دەنێرین، خوێنیان بەرز دەنرخێنین، رێز لە خێزان و منداڵیان دەگرین، دڵنەوایی باوک و دایکیان دەدەینەوە و دەڵێین: ئەوان بەرز و پیرۆزن لەلای حزبەکەیان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ هەمیشەیی.

وتارەکانی نوسەر