مەسەلەکە هەرچۆن بێت

فەردەیەک کێشە و هەزاران ״ئاهـ״

10:18 - 2023-11-21
خەڵەف غەفور
280 خوێندراوەتەوە

خەڵەف غەفور

پەرلەمانی تورکیا بۆتە جێگەی گفتوگۆی توندی نێوان پارتەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، زۆر بابەتی گەرم هەن، بەتایبەتی پڕۆژەی نووسینی دەستوورێکی نوێ، لەپێش ئەوەش بودجەی 2024 و قۆناغ بە قۆناغ گفتوگۆ لەسەرکردنی.
پەرلەمانتارانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان- هەدەپ، فراکسیۆنێکی کارای ناو پەرلەمانی تورکیان، بە توندی قسە لەسەر هەر بڕگە و بابەتێک دەکەن کە راستەوخۆ پەیوەندییان بە دوو سێ پرسی گرنگەوە هەبێت ئەوانیش پرسەکانی کورد، دیموکراسی و خزمەتگوزارییەکانی شارۆچکە و شارە کوردییەکان، لە پەراوێزی ئەوانەشدا دانانی قەیومەکان لەسەر شارەوانییە کوردییەکان.
محەمەد کاماچ، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان- هەدەپ لە میانەی بەشداریکردنیدا لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی تورکیا، لەبارەی کێشەکانی شاری ئامەدەوە بەم شێوەیە قسەی کرد "بێگومان چڕکردنەوەی کێشەکانی پارێزگایەکی دوو ملیۆن کەسی وەکو ئامەد کە 17 شارۆچکە و 1046 گوندی بەسەرەوەیە، لە پێنج خولەکدا رێی تێناچێت. 
لە ئامەد دەست لە هەر کەسێک بدەیت گوێت لە هەزاران "ئاهـ" دەبێت، ئێمەش وتمان کەوایە وا باشترە کێشەکانی ئامەد بە فەردەیەک بهێنینە پەرلەمان، بۆیە بەم فەردەیەوە هاتوومەتە سەر سەکۆی پەرلەمان".
ئامەد لە مێژووی شۆڕشەکانی کورددا جێگە و سەنگی زۆری هەیە، هەروەها لە سەردەمی تازەی دەسەڵاتی داد و گەشەپێدان- ئەکەپە دا، ئامەد بووە جێی ململانێی نێوان هەردوولایان، لە زیاتر لە 12 هەڵبژاردنی یەک لەدوای یەکدا، ئەردۆغان هەموو هێزی خۆی خستە سەر بردنەوەی ئامەد، بەڵام نەیتوانی، تەنانەت باکگراوندێکی ئایینیشی بەخشییە هەڵبژاردنەکان و دەیووت "دیاربەکر فەتح دەکەین"، بەڵام نەیتوانی و هەر شکستی دەچنییەوە.
ساڵی 2005، بۆ راکێشانی سۆزی شەقامی کوردی، ئەردۆغان سەردانی ئامەدی کرد و وتی "کێشەی کورد، کێشەی منە" و چارەسەری دەکەم، بەڵام لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 2007 یشدا هەر نەیتوانی لە هەدەپە زیاتر دەنگ بهێنێت، زنجیرەی شکستەکانی ئەردۆغان لە ئامەد هێشتا ئەڵقەی دیکەی دەچێتە سەر.
قسەکردن لەسەر ئامەد تەنها وەکو شار نییە، بەڵکو سیمبول و چەقی کێشەی کوردە، بەکارهێنانی زاراوەی فەتحکردن تەنها پێدانی رەهەندێکی ئایینی نییە و بیەوێ بزووتنەوەی چەپی کوردیی پێ لە قاڵب بدات کە پەکەکە و هەدەپ لە تورکیا نوێنەرایەتیی دەکەن، بەڵکو بۆ ئەوەی رەوایەتی لە دۆزی کورد وەربگرێتەوە، تاوا حەق بەسەر باتڵ دا سەرکەوێ.
بۆ ئەو کارە ئەردۆغان سەرکێشیی زۆری کردووە، سەرکوتکاری و پەرواێزخستنی لە رووی خزمەتگوزارییەوە، هەروەها بە بیانوو لادانی سەرۆک شارەوانییە کوردەکانی سنووری پارێزگای ئامەد کە زۆرینەی هەدەپە دەیانباتەوە، بەدوای ئەوەشدا "قەیوم"یان لە شوێن دادەنێت و ئیتر هەروەکو ئەوە وایە هەڵبژاردن نەکرابێت.
گرفتی دیموکراسی لە تورکیا ئەوەیە کە ئەگەر دەسەڵات بە دەنگ تیایدا سەرکەوتوو نەبێت، ئەوە لە رێگەی هێزەوە دەستکەوتەکان دەچنێتەوە، ئەوە رێگە هەڵەکەیە و وایانکردووە کێشەکانی ئامەد "فەردەیەک" بن و "هەزاران ئاهـ"یش دەرەنجامەکەی بێت، لەگەڵ ئەوەی مانایەکی بۆ دیموکراسی و مافی مرۆڤ نەهێشتووەتەوە، بۆتە هۆکاری ئەوەش نیشانەی پرسیار بکەوێتە سەر پڕۆسەی سیاسی لە تورکیا، بەڵام کورد بەئاسانی ناکەوێ.


وتارەکانی نوسەر