ئەمریکا وەك هێزی یەكەم كۆتایی هاتووە؟

10:14 - 2023-11-23
سەروەر کەمال رەسوڵ
612 خوێندراوەتەوە

سەروەر كەمال رەسوڵ 

دوای كۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی دووەم، باڵادەستیی ئەمریکا وەك هێزی یەكەمی جیهان زیاتر دەركەوت، سات بە سات رووی لە هەڵكشان كرد، بەجۆرێك ئەمریکا وەك سەرداری جیهان ناسێندرا لە رووی سەربازیی و ئابوورییەوە.
میدیاكانی ئەمریکا و پاڵنەرەكانیان رۆڵی گەورەیان گێڕا لەوەی ناوی ئەمریکا وەك ناوێكی ئەفسانەیی جیهانی بگاتە گوێی جیهان، بەوەی هەر كەناوی ئەمریکا بێت ترس و شۆك دڵ و هزری خەڵك دەگرێت.
ئەمە وایكرد سیاسییەكانی ئەمریکا دەستبكەن بە پەلهاویشتن و داگیركردن، تاڕادەیەكی زۆر لەوە سەركەوتوو بوون.
بە بیانووی پاراستنی وڵاتانی ئەوروپا هێزی لە زۆربەی ئەو وڵاتانە جێگركرد، ئەوانیش ئەمریكایان وەك پارێزەری خۆیان سەیر دەكرد.

هەژموونی بەسەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا سەپاند
جگە لە وڵاتانی ئەوروپا ئەمریکا لە بەشێك لە وڵاتانی ئاسیا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هێزەكانی بڵاوە پێكرد، بۆ ئەوەی بەربەرەكانی تەواوی ئەو وڵاتانە بكات كە بە نەیاری دەزانی، لە نموونەی سۆڤیەتی ئەوکات و چین كە هەمیشە دوو بەرهەڵستكاری ئەمریکا بوون، ئەو دوو وڵاتە بە خێرایی گەشەیان كرد لە رووی ئابووری و سەربازی و تەكنۆلۆژیا، جگە لەمان رووبەڕووی كۆریای باكوور و ئێرانیش بۆوە.
پێشكەوتنەكانی روسیای ئێستا و چین لە رووی ئابوورییەوە، گورزێكی گەورەی لە ئەمریکادا، لە هەمانكاتدا ئێران و كۆریای باكووریش کە لە رووی سەربازییەوە پێشكەوتنی گەورەیان تۆماركردووە و چەندین وڵاتی كەش لە رووی سەربازی و ئابوورییەوە گەشەی بەرچاویانكردووە، لە نموونەی ئەڵمانیا.
دواجار ئەو فكرەی لە مێشك و دەروونی خەڵكدا لە جیهان گەشەی كردبوو، بەوەی ئەمریکا تاكە زلهێزی جیهانە و دەبێت هەموان لەبەرامبەری لاواز و سەركز دەركەون، بەرەو كاڵبوونەوە هەنگاوی نا، وشەی تاكە زلهێزی جیهان بۆیان بایەخی نەماوە، بۆیە ئێستا كار بۆ ئەوە دەكات پارێزگاری لە پێگەی خۆی بكات، بۆ ئەوەی لەوە زیاتر پێگەی لاواز نەبێت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، ئێستا ئەمریکا دەستبەرداری ئەوە بووە پەلبهاوێژێت و ناوچەی زیاتری جیهان داگیربكات.


ئەمریکا لەبەرامبەر نەیارەكانی دەستەوستانە
ئەمریکا لە دۆخێكدایە بەرامبەر ئەو چەند وڵاتەی باسمانكردن كە بوونە ركابەرێكی گەورە بۆی بەتایبەتی چین و روسیا، توانای جڵەوی جیهانی وەك هێزی یەكەم هاوشێوەی رابردوو لەدەستداوە، لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست رووبەڕووی دۆخێكی تەواو نا هەموار بۆتەوە، گروپە بەرهەڵستكارەكانی ناوچەكە دژی ئەمریکا چالاكییەكانیان بەتەواوی زیادیكردووە، لە نموونەی عیراق و سوریا و یەمەن و لوبنان كە زۆر بەئاشكرا چالاكی دەکەن لە دژی ئەمریکا. 
جەنگی روسیا و ئۆکرانیا بۆتە بەشێكی تر لە لەمپەڕەكانی بەردەم ئەمریکا، بەجۆرێك كەوتۆتە ژێر بارگرانییەكی گەورەوە، هەم لەناوخۆی ئەمریکا هەم لە دەرەوەی،
لەناوخۆیدا ئاستی جەماوەری ئیدارەی بایدن زۆر دابەزیوە و شانسی مانەوەی لە خولی داهاتوو لاوازكردووە، دەنگی ناڕەزایی شەقام بەرزبۆتەوە بەوەی كە وڵاتەكەیان جیهانی رووبەڕووی قەیران و جەنگ كردۆتەوە، بەمەش مەترسی كەوتۆتە سەر ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکاش.
لەسەر ئاستی دەرەوەش لەلایەن بەشێكی بەرچاو لەدۆستەكانی گوشاری لەسەرە، ئێستا لەلایەك وابەستەی جەنگێكە لە ئۆکرانیا كە زیاتر لە ساڵێكە درێژەی هەیە، لەناو ئەو هێزانەی هاوكاری ئۆکرانیا دەكەن زۆرترین پشکی بەردەکەوێت.
لەلایەكی تر جەنگی غەزە بەرەیەكی ترە كە ئەمریکا ناچارە زۆرترین هاوكاری ئیسڕائیل بكات وەك تاكە پارێزەری راستەقینە و مانەوەی ئیسڕائیل، هەردووك بەرەی جەنگەكە بۆتە ئاستەنگێكی گەورە بۆ ئەمریکا.

ئابووریی ئەمریکا  بەرەو لاوازی دەڕوات
لە رووی ئابوورییەوە تا ئێستاش یەكێكە لەو وڵاتانەی ئابوورییەكی بەهێزی هەیە، بەڵام ئاڵۆزییەكانی جیهان و هاتنە پێشەوەی ركابەرەكانی و دەست بەسەرداگرتنی بەشێك لەو پێگە ئابوورییانەی پێشتر لەژێر هەژموونیدا بوون، بۆتە ئاستەنگێكی گەورە لەبەردەم ئابوورییەکەی و داڕمانی لە داهاتوودا، بەوەی ئەو پێگە گەورەیەی هەیەتی لە بواری ئابووری، بەرە بەرە بەرەو دابەزین هەنگاو دەنێت.
تازەترین نموونە كۆمپانیاكانی چین، جێگەی ئیكسۆن مۆبیلی ئەمریكیان گرتەوە لە عیراق، چین ئاماژەی بەوەكردووە كە بوونە خاوەن پێگەیەكی گەورە لە عیراق و رۆڵیان دەبێت لە داهاتوودا لە هەموو سێكترەكانی پەیوەست بە ئابووریی عیراق و گەشەكردنی بەرەو باشتر لەوەی هەیە.
جگە لە چین، روسیاش هەمان كاردەكات بۆ جێگربوونی پێگەی خۆی بەسەر ئابووریی عیراقدا، ئێرانیش رۆڵی یەكلارەوەی هەیە لەسەر دۆخی عیراق.
ئێستا دۆخێك هاتۆتە ئاراوە رۆژانە پێگەكانی ئەمریکا هێرشیان دەكرێتە سەر و دەنگێکی زۆر هەیە كە داوای دەركردنی ئەمریکا دەكەن لە عیراق.

ئایا ئەمریکا هەر وا تەماشاكەر دەبێت؟
ئەو جۆرە لە مامەڵەی ركابەرەكانی ئەمریکای شەكەت كردووە، جەنگێكی سارد لە نێوانیاندا هەیە كە هێزەکانی بەوەكالەت بۆیان بەڕێوەدەبەن. 
تا كەی و تا كوێ ئەمریکا رازی دەبێت بە هاتنە پێشەوەی ركابەرەكانی لە جیهان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست؟ تا كەی ئەمریکا رازی دەبێت بە پاشەكشەی پێگەی ئابووریی خۆی، چونكە ركابەرەكانی بە خێرایی هەوڵی كۆنتڕۆڵكردنی ئەو جێگایانە دەدەن كە ساڵانێكە ئەمریکا دەی دۆشێت و گەلەكەی خۆی پێ تێر دەكات و پێگەی خۆی پێ بەهێز كردووە.
نەیارەكانی ئێستای ئیدارەی بایدن لەناوخۆی ئەمریکا كە دیارترینیان ترەمپە، بەپێی ئامارەكان  زۆرترین شانسی هەیە لەناو كاندیدەكان ببێتە ركابەری بایدن بۆ خولی داهاتووی هەڵبژاردنەكانی ئەمریکا. 
ئەگەر ئەوان بگەنەوە دەسەڵات مێزی گفتو و گۆ هەڵدەبژێرن و جیهان لە جەنگ دوور دەخەنەوە، چونكە تێگەیشتوون لەوەی كە چیتر ناتوانن بەتەنیا رابەرایەتی جیهان بكەن، بەڵام هەرچی ئیدارەی ئێستای ئەمریکایە كە بایدن رابەرایەتی دەكات، لەسەر ئەو سیاسەتەیان سوورن كە دەبێت تەنیا بەهێز مانەوەی خۆیان درێژە پێبدەن و بەتەواوی رایان نەگۆڕە لەسەر ئەو بابەتە، هەر بۆیە هێزێكی زۆریان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو وڵاتانەش كە هێزی ئەمریکای لێبووە كۆكردۆتەوە، بانگەشەی ئەوە دەكەن ئامادەن بۆ هەموو ئەگەرێك، ئەو جۆرە بیركردنەوەش ئایندەی مرۆڤایەتی بەتەواوی خستۆتە بەردەم تونێلێكی نادیار و تاریك.
ئەگەر ئەو رایە سەركەوێت بە دڵنیاییەوە مرۆڤایەتی رووبەڕووی جەنگی گەورە دەبێتەوە و جیهان دەگرێتەوە، یان ئەوەتا دەبێت ئەمریکا بەوە رازی بێت كە تاكە زلهێزی جیهان نەماوە و لەگەڵ ركابەرەكانی مێزی ئاشتی كۆیان بكاتەوە، ئەگەر نا دۆخی مرۆڤایەتی لە مەترسیی گەورەدایە.

 


وتارەکانی نوسەر