یەکبێژ

تاکتیکی سیاسیی ژیرانەی ژێر بە ژێر

10:17 - 2023-11-23
هیوا محەمەد
419 خوێندراوەتەوە

هیوا محەمەد

لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دوو حزب دەستاودەستی دەسەڵات دەکەن و حزبێکی تر نەیتوانیوە ببێتە سێیەم و چەند ساڵێک حکومڕانی بکات.
کۆمارییەکان و دیموکراتەکان خەڵکیان بەسەر خۆیاندا دابەشکردووە، ئەمەش بەو مانایە نییە ئیتر حزبەکانی تر پێگە و لایەنگریان نییە، بەڵام هێندە نین تا بگەنە دەسەڵات.
هەموو ئەوانەی لە دەرەوەی ئەو دوو حزبەن، پێیان باشە کە هەرچی زیاتر ئارامی و ئاساییش و خزمەتگوزارییەکان فراوان بێت و تاکەکانی ئەو وڵاتە لێی سوودمەند بن و بحەوێنەوە، لەوانە گەورەترینیان بێکاری و بیمەی تەندروستییە.
ئەوان بەوە خۆشحاڵ نین کە نێوانی ئەو دوو حزبە کێشەی گەورەی تێبکەوێت، چونکە بەمە لە پێگەی جیهانیی وڵاتەکەیان کەم دەبێتەوە و لەناو خۆشیاندا لاواز دەبن.
دەتوانین ئەمە ناو بنێین تەسلیم بوون بە ئەمری واقع.
لە هەرێمی کوردستانی خۆشمان لە دوای راپەڕینەوە تا ئێستاش هەر دوو حزبی سەرەکی هەن و بەشداریی کارایان هەبووە لە حکومڕانی و هەژموونی خۆیان هەیە لە هەرێم و عیراق و ناوچەکەش.
لێرە خەڵکی دەرەوەی سیاسەت و حزبایەتی، حکومڕانییەکی دەوێت کە دووری بخاتەوە لە کێشەی ئەمنی، ناسەقامگیریی بازاڕ و خزمەتگوزارییەکان دەستەبەر بکات لە هەموو روویەکەوە، ئیتر بەلایەوە گرنگ نییە کام حزب دەسەڵاتی زیاترە!
ململانێ سیاسییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لە رابردوودا و بەدرێژایی 32 ساڵی دوای راپەڕین، کاریگەریی خراپیان هەبووە و هۆکار بوون بۆ گەیشتن بە هەموو خاڵە نێگەتیڤەکانی پەیوەست بە هەرێم و پێگەکەی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا، ئەمە راستییەکە و ناشاردرێتەوە و کارمان بەوە نییە کە کامیان زیاتر هەڵەی هەبووە و هۆکار بووە، چونکە بابەتەکەمان ئەوە نییە.
هەرچی پەیوەستە بەخەڵک، چاوەڕوانیی لەم دوو حزبە هەیە کە بەرەو ئارامی و خۆشگوزەرانیی بەرێت، چونکە کەوتوونەتە ئەمری واقیعەوە و دەزانن دەسەڵات لای ئەمان دەمێنێتەوە، بەپێی ئەو پێگەیەی کە هەریەکەیان هەیەتی و دۆخی ئۆپۆزسیونیش وەک نەبوو وایە. 
هەرچی پەیوەستیشە بەم دوو حزبەوە، پێویستە درێژە بە قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانیان بدەن، بەڵام بە نهێنییەکی زۆر پارێزراو، چونکە لە هەموو رێکەوتنێکی بەرهەمدار کە تێیدا بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی تێدا بپارێزرێت، دەستە دەرەکییەکان تێکی دەدەن، باشترین هەنگاوی تاکتیک ئامێز و ژیرانەی سیاسی ئەوەیە کە رێکەوتنەکان بۆ بەرژەوەندیی خەڵک ژێربەژێر بن و لە رێیەوە زاڵ بن بەسەر تەشەنە سەندنی کێشە زیانبەخشەکان.
دەستی نەیاری دەرەکی ئەگەر دژی تەبایی سیاسی بێت لە هەرێم، بەڵام ناتوانێت دژی ئاوەدانکردنەوە، فراوانکردنی خزمەتگوزارییەکان، نەهێشتنی بێکاری، پیشەسازی و کشتوکاڵ پێشخستن بێت. ئەمانەش لە راستیدا پێویستییەکانی خەڵکن و دەبنە هۆکاری هێنانەکایەی چەمکەکانی دیکەی ژیان.
با کێشەکان نەبنە زمانی هەڕەشە و یەکتر تۆمەتبارکردن و کەمکردنەوەی پێگەی یەکتر، چونکە ئێمە هەموومان ئەم جەماوەرەمان هەیە و بە لەدەستدانی دەبینە خاوەن حکومڕانییەکی بێ بنەما و پێگە لەناو خەڵک و خەڵک ئاوات بە نەمان و لەناوچوونی دەخوازێت.
ئەگەر خەڵکیش حکومەت بە بەشێک لە خۆی نازانێت، بەبەرچاوییەوە زیانی پێبگەیەنرێت، داکۆکی لێناکات!

وتارەکانی نوسەر