با لە داتاکردن و دیجیتاڵکردنی کاروبارەکان دوا نەکەوین

11:15 - 2023-11-23
هاشم غەمگین
373 خوێندراوەتەوە

هاشم غەمگین


لە جیهانی هاوچەرخ و مۆدێرندا هەموو سێکتەرەکان بە دوای میکانیزم و رێگایەکی نوێدا دەگەڕێن بۆ باشتر بەڕێوبردنی کارەکانیان، بە واتایەکی تر لە پێناو هاوسەنگی پێشکەوتندا حکومەتەکان لە هەوڵدان تەکنۆلۆجیای نوێ دابینبکەن بۆ خزمەتکردن و ئاسانکاریی لە راییکردنی کاروبارەکانیاندا، بۆ ئەوەی بتوانن دەستکەوتی باشتر بەدەست بهێنن و خزمەتگوزاری باشتر پێشکەشی خەڵکەکەی خۆیان بکەن و لە رەوتی پێشکەوتنی سەردەمەکەش دوا نەکەون.
ئامرازی زیرەکی تایبەت بە راییکردنی کاروباری دەوڵەت، کە مەبەست لێی کۆمپیوتەر و هەموو ئەو ئامێرانەیە کە بە شێوازی دیجیتاڵی کاردەکەن، داهێنانێکی تا رادەیەک نوێیە و لەم ساڵانەی دواییدا لە زۆربەی وڵاتان جێگەی خۆی کردۆتەوە، ئەمەش ئاسانکارییەکی گەورەی کردووە بۆ باشتر راپەڕاندنی کاروبارەکان، بە رێگەی دیجیتاڵی و بەکارهێنانی تەکنۆلۆجیای پێشکەوتوو بۆ شیکاری داتای ئۆتۆماتیکی و گواستنەوەی کاڵاو خزمەتگوزارییەکان لە دابینکەرانەوە بۆ بەکارهێنەران.
وڵاتانی خۆرئاوای ئەوروپا بە شێوەیەکی نموونەیی سوودیان لەم داهێنانە وەرگرتووە و بەمەش توانیویانە لە هەموو کایە ئیداری و تایبەتەکانی بواری بەرێوەبردندا نموونە بن و بە ئاسانی هەر سیستمێک جێبەجێ بکەن بۆ سەرکەوتنی گۆڕانکاریی پڕۆسەکان و بەئاگابن لە هەر تاکێکی کۆمەڵگە، ئەویش پەیوەستە بە رێکخستن و دانانی ژمارە و ناو لێنانی شەقام و کۆڵان و دانانی پۆست کۆد بۆ یەکەکانی نیشتەجێبوون و بەستنەوەیان بەمانگی دەستکردەوە. 
هەرچەندە لە هەریمی کوردستان هێشتا وەک پێویست سوود لە تەکنۆلۆجیا وەرنەگیراوە، بەڵام بە گشتی ئێستا لە ناوچەکە باس و خواسی بە دیجیتاڵکردنی دامەزراوەکان و رێکخستنی کەرتی تایبەت و بە داتاکردنی پڕۆسەی بازرگانی و ئابووری لە ئارادایە، ئەمەش هەنگاوێکی ئەرێنییە ئەگەر بەجدی کار بۆ بەرجەستەکردنی بکرێت، چونکە هەنووکە شۆڕشێکی تەکنۆلۆجیا بەرێوەیە، دەبێت ئێمەش گۆڕنکاریی لە بواری بەرێوبردن و بە دیجیتاڵیکردن و داتاکردنی کاروبارەکان خۆماندا بکەین. ئەویش لە رێگەی چەند هەنگاوێکی وەک بە ئەلیکترۆنیکردنی دامەزراوەکان و سیستمی یەکپەنجەرە لە دەمەزراوە حکومییەکاندا و بەستنەوەی سەرجەم سێکتەرەکان بە یەک تۆڕی گشتییەوە. ئومێد دەکەین لە ئایندەدا دەرئەنجام و دەرکەوتەی نموونەی پیادەکردنی ئەم سیستمانە ببینین و شانازی بە دەستکەوتەکانیانەوە بکەین.

وتارەکانی نوسەر