وێستگەكانی شەمەندۆفەرێكی بێ ‌راوەستان

10:43 - 2023-11-26
ستران عەبدوڵڵا
412 خوێندراوەتەوە

ئەم زنجیرە نووسینە بیرەوەریی ژیانی كاك عیماد ئەحمەد نییە، ئەگەرچی ئەویش وەك تێكۆشەرێكی دێرین هەقی خۆیەتی بیرەوەری و بەسەرهاتەكانی ژیانی خۆی بنووسێتەوە، ئەم كتێبە شتێكی جیاوازە. هەم چەند وێستگەیەكی بەسەرهاتەكانی خانەقین و كوردستان و عیراقە بە تامی كۆمەڵە و یەكێتی، هەمیش بەسەركردنەوە و وەفادارییە بەرامبەر هاوخەبات و هاوڕێ و دۆستەكانی لەم كاروانە دوورودرێژەی تێكۆشاندا لە دەورانی گەشەی چۆنایەتیی كوردایەتی لە خانەقی بۆ خامۆشیی ساتەوەختی هەرەس تا تێهەڵچوونەوەی ئەڵقە خەباتگێڕییەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان بۆ شۆڕشی نوێ لە كوردستان تا بەغدای شانۆی فیگەرەكانی هەڵۆی سوور، كە خانەقین لەو ناوەڕاستەدا هەر رووباری ئەڵوەن و پردی پەیوەندیی نێوان پایتەختی كەینوبەینەكانی سیاسەتی بەغدا و پایتەختی سەرهەڵدانەوەی شۆڕش نییە، بەڵكو شارەكە خۆشی كێلێكی بەرزی خۆڕاگری و كارخانەیەكی  بەرهەمهێنانی كارەكتەر و پاڵەوانی ئەم داستانە مەزنەیە.
   كاك عیماد لە چیرۆكی ئەم وێستگانەدا بەگشتی  رۆڵە سەرەكییەكانی داوەتە رەفیقەكانی و كەمترینیشی بە خۆی رەوا نەبینیوە؛ ئەمەش نهێنیی جوانی ‌نووسینەكان و بەهای گێڕانەوەكانییەتی. خاكەڕایی و لەخۆبردوویی گێڕانەوە مانای ئەوە ناگەیەنێ هەڤاڵ كاك عیماد ستوونێكی تۆكمەی ئەم تەلارە بەرزەی یەكێتی و كۆمەڵە نەبێت لە خانەقی بۆ بەغدا و بۆ سەرتاسەری جوگرافیای ناوچە ئازادكراوەكانی خەباتی چەكداری و هەرێمی ئەزموونی حوكمڕانیی كوردستان لەدوای راپەڕینی 1991.
   نووسەری ئەم زنجیرە نووسینە خزمەتێكی بەرچاوی تریشی كردووە: هەر گێڕانەوەی یادەوەری لەسەر بەسەرهات و وێستگەكان و هاوسەنگەرەكانی نییە، بەڵكو شێوازی نووسینەوەی بێ‌ گرێ ‌و گۆڵ و هەمەڕەنگی بابەتەكانی، تایبەتمەندییەكی رۆژنامەوانیشی پێداوە.
كاك عیماد زیاتر سیاسییەكی كرداری و تێكۆشەرێكی كۆڕی مەیدانییە، بەڵام هاوتەریبـی ئەم مەیدانی بوونە، هەمیشە نووسین و ستوون و هەڵوێستی لە سەكۆی رۆژنامەكاندا دیتراوە. كاتی خۆی هەفتانە و دوای سەرقاڵیی زیاتریشی ناوەناوە لەسەر پەڕەی رۆژنامە كوردییەكانی وەك «كوردستانی نوێ» و هی ‌تریش، هەمیشە لە تەنیشت میدیا و رۆژنامەوانییەوە راوەستاوە. هاوڕێیەتی و هاموشۆی بێ خۆسەپاندنی لەگەڵ ناوەندی رۆشنبیری و رۆژنامەوانیدا، كردوویەتی بە دۆستێكی روح سووك و میوانێكی پێ‌ و قەدەم خۆشی سەكۆكانی میدیای كوردستانی. لەم دەروازەیەوە بەندە زۆرم پێخۆشبوو كاك عیماد ئەم نووسینانە بكاتە كتێب و لەپاڵ هەمەچەشنی و فرەیی وێستگەكانی «یەكێتیی بابەت»یشیان تیا زەق بكاتەوە. هەر ئەڵقەیەكم لێ خوێندبێتەوە ئەم داوایەم دووپاتكردۆتەوە. بۆ ئەوەی وەك پێویستییەكی گشتیی نووسینەوەی مێژووی یەكێتی بیخەمە بەرچاوی، نموونەی چەند كتێب و سەرچاوەیەكم لەبەردەست بوو. یەكێتیی بابەت و یەك ‌ریتمی لەم نووسینانەدا دەریدەخات كاك عیماد زۆر پێویستی بە هاندانی من نەبوو، چونكە بابەتەكان خۆی ماكی كتێبیان تیا بوو، كارێكی خاسیشی كرد كە ئێستا بۆتە ئەم بەرهەمە ناوازەیە.
ئەمەی گێڕامەوە لەسەر ماجەرای كتێبەكە بوو، دەنا چەند هەڵسەنگاندنی بۆ بكەم قەت ناگاتە ئەوی مامۆستا جەعفەر نووسیویەتی و پەسنی ناوەڕۆكی بەپێزی داوە.
 دەستخۆشی لە برای خۆشەویست و خەباتگێڕی بەهیممەتی یەكێتی و كوردستان كاك عیماد ئەحمەد دەكەین و خەرمان بەرەكەت.
6/10/2023

وتارەکانی نوسەر