لەناو رووداوەکاندا

کەرکوک و وێنەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا

09:53 - 2023-11-27
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
359 خوێندراوەتەوە

وێنەی یەکەم/ بەدەستهێنانەوەی پۆستی پارێزگار لەشێوە گشتییەکەیدا هەڵبژاردنی 18ی12 لە کەرکوک و پارێزگاکانی دیکەی عیراق پڕۆسەیەکی دیموکراسییە بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی خۆجێیی ئەنجومەنی ئەو پارێزگایەی 18 ساڵە بەبیانووی جیاواز هەڵبژاردنی تێدانەکراوە. 
کورد لە رێگەی لیستی (هاوپەیمانیی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە) بە ژمارە ١٤٢ دەیەوێت زۆرترین کورسی ئەنجومەنەکە و پۆستی پارێزگاری کەرکوک جارێکی دیکە بەدەستبهێنێتەوە، ئەمەش بەو هیوایەی وەک لە پێشوودا بینراوە لە رێگەی ئەو پۆستەوە، خزمەتی شارەکە و سەرجەم پێکهاتەکانی بکات.
وێنەی دووەم/ سەرژمێریی و دانیشتوانی رەسەن ئەم هەڵبژاردنە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی سەرژمێرییەکی باش دەبێت بۆ زانینی ژمارە و رێژەی دانیشتوان و هاووڵاتیانی پارێزگاکە، ئەگەر دەنگدەری کورد بە گرنگییەوە بەدەم پڕۆسەکەوە بچن، ئەوا بە رێژەیەکی زۆر دەچێتە خزمەت کورد و دانیشتوانی رەسەنی شارەکەوە و لە رێگەی سندوقی هەڵبژاردنەوە جارێکی دیکە کوردستانیبوونی شارەکە دەسەلمێننەوە و ئیدی هەموو تەونی ئەو حیکایەتانە دەبچڕێت بۆ کەرکوک هەیە، دواخستنی هەڵبژاردنیش لەچەندجاری پێشوودا لە کەرکوک هەر ئەو ترسەبووە لە دەرکەوتنی رێژەی دانیشتوانە رەسەنەکەی کە کوردە.
وێنەی سێیەم/ سیناریۆی ئیقلیمی دژی کەرکوک ویستی کورد لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکدا تەنها بابەتێک نییە لە نێوان دوو جەمسەری نەتەوەیی یان چەند پێکهاتەیەکی ناوخۆیی شارەکەدا بێت، هەڵبژاردن بۆ کورد لە کەرکوک بەجۆرێک لەجۆرەکان کۆتاییهێنانە بە هەموو دەستتێوەردانێکی دەرەکی و ئیقلیمییش لە کەرکوک، هاوکات کۆتاییهێنانە بەو یاری و زارهەڵدانەش کە وڵاتانی دەرەکی دەیانەوێت خاوەن بۆچوون و بڕیاربن لە دانانەوەی پارێزگارێکی نوێدا بۆ شارەکە.
وێنەی چوارەم/ کەرکوک و شەڕی شوناس
 ئەم هەڵبژاردنە لە هیچ پارێزگایەکی عیراقدا، هێندەی پارێزگای کەرکوک جێی بایەخی کۆی گشتی هێزە عیراقییەکان نییە، چونکە لەکاتێکدا بانگەشەی لیست و حزبە بەشداربووەکانی ئەو شارە لە روخساردا بە پڕۆسەیەکی دیموکراسی دەبینرێت، هاوکات شەڕی شوناس و ناسنامەشە، لەم پارێزگایەدا ئەوە تەنها هاوپەیمانییەکی کوردی نییە کە لە ململانێی لایەنەکانی دیکەی ناکوردیدایە، بەڵکو ئەوە زمان، کورد، مێژوو، جوگرافیا و هێزی نەرمی کوردیشە دەچنە ململانێی ئەم سەرخستنەوەی شوناسی کوردستانیبوونی کەرکوکەوە و رۆڵی گەورە دەگێڕن لە بەرگری لە پێگەی کورد لە پارێزگای کەرکوکدا.
وێنەی پێنجەم/ کەرکوک، حزبایەتی و کوردایەتی لە کەرکوکدا هەڵوێستی مەردانەی کوردانە، ئەو حزبە بوو پێگەی کوردبوونی پێش پێگەی حزبیبوونی خۆی خست، سەرەڕای ئەوەی هەموو لایەک باش دەزانن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هێزی یەکەمی ئەو شارەیە، بەڵام تا دوا چرکەکانی تۆمارکردنی قەوارەو لیستەکان، چاوەڕوانی ئەوەی لە هێزە کوردییەکانی تر کرد بەرژەوەندی حزبی پاش بەرژەوەندی نەتەوەیی بخەن، بەڵام مەخابن هەندێک هێز و لایەن نەچوون بەدەم داواکەی یەکێتییەوە، لەکاتێکدا ئەو حزبانە خۆشیان باش دەزانن کە تەنها یەک لیستی و یەک دەنگی دەتوانێت مافەکانمان وەک کورد لە کەرکوک بپارێزێت و ناسنامەکەی خۆی لەدەست نەدات.

وتارەکانی نوسەر