وڵاتی بێ چین و ململانێی چینایەتی

10:30 - 2023-11-28
هیوا محەمەد
416 خوێندراوەتەوە

هیوا محەمەد

 

لە دروستبوونی مرۆڤایەتییەوە جیاوازیی نێوان مرۆڤەکان یان گروپەکانی ناو کۆمەڵگە هەبووە و تائێستاش هەر هەیە.
لە سەدەی رابردوودا و دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر، دەستەواژەی چینایەتی بووە وشەی سەرزاری هەرکەسێک کە سەری لە سیاسەت دەخورا.
بە دروستی جیهان دابەش بوو بەسەر سەرمایەداری و سوشیالیستیدا، ئەمەیان ئەوانەی لێکۆبۆوە کە لایەنگری بیروباوەڕی چینی پڕۆلیتار واتا کرێکاران و جووتیاران بوون.
لەدوای داڕمانی بلۆکی سۆشیالیستی ژێر هەژموونی یەکێتیی سۆڤیەت، ئیتر چینی پڕۆلیتاریا و هەموو ئەو حزبانەش کە هەڵگری ئەو باوەڕە بوون، بەرەو لاوازی و نەمان چوون لە هەموو جیهان.
هاوکات لەگەڵ پێشکەوتنی رەوتی سەرمایەداری و زاڵبوونی بەسەر هەموو چەمکەکانی ژیاندا لە جیهاندا و هاتنەکایەی تەکنۆلۆژیایەکی پێشکەوتووی نوێ کە بووە جێگرەوەی دەستی کرێکار، ئیتر ئەم چینە پەرت بوو، زۆریان خۆیان لە چینی بۆرژوای نارێکخراودا بینییەوە.
چینی سەرمایەداری ئێستا، وەک چین نین، بەڵکو پێکدێن لە چەند لووتکەیەک و لە رێگەی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیهانەوە پێشبڕکێی بەدەستهێنانی هەرچی زیاترن بۆ خۆیان، جەنگەکانیش کە روودەدەن، بەشێکن لەو ململانێیانەی لووتکە سەرمایەدارییەکان سەرپەرشتییان دەکەن و خۆشیان لە زۆر قۆناغدا هاوڕا نین.
لە ناو وڵاتەکانیشدا، سەرمایەدارەکان دابەشبووی ئەو سەرمایەدارە زەبەلاحانە بوون، بە دەگمەن هەڵدەکەوێت لە وڵاتێکی وەک عیراق سێ سەرمایەدار هاو بەرژەوەندیی بن و پێکەوە یەک پڕۆژەیان هەبێت، لەکاتێکدا کە لەناو حزبە پڕۆلیتارییەکاندا بیروباوەڕ ملیۆنان کەسی یەک دەخست و لە یەک وەحدەی فیکریدا کۆیدەکردنەوە.
چینی پڕۆلیتاریا، یان چینی کرێکاران و جووتیاران لەم سەردەمەدا رێکخراو نین لەسەر ئاستی جیهان یان وڵاتێک، چونکە ئەو شوێنە پیشەسازییانەی کە لەوێوە کۆدەبوونەوە بەهۆی کارەکانیان، ئێستا رۆبۆت و مەکینە و دەزگای مۆدێرن جێگەی گرتوونەتەوە.
جاران حزبی بۆرژوا هەبوو کە هەموو بۆرژوازییەکان لەپێناوی پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان تێیدا کۆدەبوونەوە و پاڵپشتییان دەکرد تا سەرکەوێت و ببێتە قەڵای بەدیهاتنی خواستەکانیان، هەروا چینی کرێکاران حزبی چالاک و گەورەی هەبوو، سەرمایەدارنیش لە رێگەی ئەو لووتکانەوە کە بەدەستیانەوە بوو، یارییان بە هەموو رووداوەکان دەکرد و درزیان دەخستە نێو شۆڕش و جووڵانەوەکانی چینی پڕۆلیتاریاوە لە رێگەی بۆرژوازییەکانەوە، چونکە ئەمان ئامادە بوون بۆ رازیکردنی سەرمایەداران هەنگاوی دژبە پڕۆلیتاران بنێن و تووشی کارەساتیان بکەن.
بۆرژوازییەکان بە ورد و گەورەیانەوە، لە خزمەتی سەرمایەداریدا دەبن و ئەوان نایانەوێت بۆ دواوە بگەڕێنەوە و بە هیوان ببنە سەرمایەدار.
سەرمایەدارانی وڵاتی ئێمەش نەیانتوانیوە وەک چینێک پێکەوە کار بکەن، بە پێچەوانەوە بەشێکیان لە دژی بەرژەوەندییەکانی یەکتری هەنگاو دەنێن و لە هەوڵی زیاتر خۆ نزیککردنەوەدان لە جومگە هەستیارەکانی حکومەت تا لەو رێگەیەوە پڕۆژەی زیاتر بەدەست بهێنن و باجی کەمتریش بدەن.
 ئەگەر خاڵێکی هاوبەشیش کۆیانبکاتەوە کە بەرژەوەندیی و سوودە، ئەوا هەر لەوێوە دەکەونە کێبڕکێی یەکتر و پاشقول لەیەکتری گرتن بۆ بەدەستهێنانی پشکی زیاتری پڕۆژەکان.
لەم کۆمەڵگەیەی ئێمەدا چینەکان بە پێی هەڵکەوتەکەیان نەماون و پەرت بوون.
جووتیاران کەم بوونەتەوە، کۆچیان کردووە بۆ شار، زۆربەیان ئێستا لەناو بۆرژوا و سەرمایەداراندان، خودی ئەمانیش لە ململانێدان لەگەڵ یەکتری، کەوابوو چینەکان و ململانێ چینایەتییەکان لەم قۆناغەدا لەجێی نەبوانن.

وتارەکانی نوسەر