هەستیار مارف ئاغا
وریای و ئاگاداربوون و خۆئامادەکردن بۆ پێشهاتە مەترسیدارەکان لە شوێنی کار و کۆمپانیا و کارگەکاندا، زۆر گرنگ و چارەنووسسازن. لە شوێنی کارکردندا پاراستنی ژیانی کەسە ئاساییەکان دەکەوێتە ئەستۆی کەسە لێپرسراو بەرپرس و خاوەن پڕۆژەکان، چونکە بچووکترین کەمتەرخەمی، کارەساتی گەورەی گیانی و مرۆیی لێدەکەوێتەوە.
لە رۆژانی رابردوودا بینیمان یەکێک لە کارگەکانی بەرهەمهێنانی قیر و سووتەمەنی بە هۆکارێکی بچووکی گەرمکردنەوەی قیر گڕی گرت و دوکەڵی رەش بەرزبۆوە بۆ کەشکەلان، ئاگرەکە هێندە گەورە و بەتین بوو تاوەکو خۆی نەکوژایەوە هیچ ئاو و فۆمێک نەیتوانی بیکوژێنێتەوە، بەداخەوە ئەم کارەساتە بووە هۆی ئەوەی سێ کەس گیان لەدەستبدەن و چەندین کەس بریندارببن، هەر لەم رووداوەدا سەرەڕای قوربانیی گیانی و مردنی مرۆڤەکان و بێ باوکبوونی چەندین منداڵی چاوگەش، ژینگەش پڕ بوو لە دوکەڵ، هەروەها بەرهەمێکی زۆر سووتاو و لە کەمترین ماوەدا سەرمایەیەکی زۆر بێهوودە لە دەستچوو.
دابینکردنی ستاف و کەرەستەکانی سەلامەتی کارکردن و پاراستنی ژینگە لە کارگە و شوێنی کارکردنەکاندا زۆر گرنگن چونکە ئەم خۆئامادەکردنانە دەبنە رێگری لە درووستبوونی مەترسییەکان و بە کەمترین زیان مەترسییەکان چارەسەردەکرێن و ژیان و سەرمایەی مرۆییش دەپارێزرێن.
ئەرکی حکومەت و لیژنەکانی پارێزگار و قائیمقامیەت و بەرگری شارستانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانە کەڵک لەم رووداوە دڵتەزێنانە وەربگرن و بیکەن بە پەندێک بۆ گشت لایەک تا ئامادەکاریی بکرێت بۆ دووبارەنەبوونەوەی کارەساتەکان.
پشتبەستن بە رێنماییەکانی (نیبۆش و ئایۆش) و کردنەوەی خولی راهێنان و دروستکردنی ستافی تایبەتی ئاگرکوژاندنەوە و دابینکردنی کەرەستەوە و ئامێری پێشکەوتووی تایبەت بە کۆنترۆڵکردن و خۆپارێزی و پاراستنی سەلامەتی کرێکاران، یارمەتیدەردەبن بۆ پاراستنی ژیانی خەڵكی و زامنکردنی ژینگەی دروستی کارکردن بۆ هەمووان.
ئەگەر چی پاراستنی گیانی خەڵك لە پێش هەموو زیانێکی مادییە، بەڵام ئەگەر بە وردی و بە ئاگایی ژینگەی سەلاتی کارکردن بپارێزرێت و هۆکاری مەترسییەکان کەمبکرێنەوە و ئەگەر خۆئامادەکردنی پێشوەختە هەبێت بۆ پێشهاتەکان و کەمتەرخەمی نەکرێت بەرامبەر بە بچووکترین هەڵە، ئەوا سەر و گیان سەلامەت دەبێت و سامانەکان بەفیڕۆ ناچن و ژینگە و ئاوهەواش بە پاکژی دەمێنێتەوە، توانای مرۆیی لە کاردا دەبێت و ژێرخانی ئابووریش پتەوتر دەبێت.