یەکبێژ

ئیسرائیل سزا نادرێت، کورد دەبێت وریا بێت

10:31 - 2023-11-30
هیوا محەمەد
378 خوێندراوەتەوە

هیوا محەمەد

ئەوەی حەماس کردی لە نەبوونی ژیریی سیاسیدا بوو، نەک پاڵەوانی شۆڕشگێڕ، چونکە ئەوان بەو ئامانجە لە حەوتی ئۆکتۆبەر ئۆپەراسیۆنیان کرد کە زیانی گیانی و ماڵی بگەیەنن بە ئیسرائیل، بەڵام بەداخەوە بەسەر خەڵکی غەزەدا شکایەوە و زیانیان پێگەیشت.
لە ماوەی 45 رۆژی رابردووی دەستپێکی ئەو جەنگەوە تا ئەمڕۆ، چەندین جار ئەنجومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی و زۆربەی وڵاتان داوایانکردووە ئیسرائیل دەست بپارێزێت لە خەڵکی مەدەنی، بەڵام لەژێر ناوی ئیبادەکردنی حەماسدا، تەڕ و وشکیان پێکەوە سووتاندووە.
ئیسرائیل بەمە حسابی بۆ کەس نەکرد و ناشیکات، هەرچی یاساکانی جەنگ هەیە پێشێلی کرد، لەهەر لاوە مووشەکێکیان تێگرتبێت، دەیانی ئاڕاستەکردۆتەوە، کەس نەیتوانی و نەیوێرا قەناعەتیان پێبکات رێگەبدەن تەنها خۆراک و سووتەمەنی بدەن بە خەڵکی غەزە.
ئەم رەفتارەی ئیسرائیل لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، رێگە خۆش دەکات لەبەردەم تورکیا و وڵاتانی دیکەش، کەی بیانەوێت هێرش بکەنە سەر شارێکی کوردستان و بەپێی سیناریۆیەکی داڕێژراو داگیری بکات یان وەک غەزەی لێبکات.
ئەوکات تا ئامانج نەپێکن گوێ لە کەس ناگرن و بۆشیان دەلوێت، چونکە رەزامەندی پەرلەمانی وڵاتەکەشیان هەیە بۆ چوونە ناو عیراق و سوریا، یان جێیەکی تر
گوناه نییە کورد ببێتە قوربانی و پارووی چەوری دوژمنەکانی لە ئەنجامی نەدۆزینەوەی رێگەچارەی خۆی و پەیوەستبوونی بە زلهێزەکانی جیهان و ناوچەکەوە؟
ساڵی 2016 لە سوید و لە زانکۆی ئورەبرو لە کۆڕێکدا کە بۆ ساڵەح موسلیم سەرۆکی ئەوکاتی پەیەدە رێکخرا بوو، پرسیارێکم بەم جۆرە لێکرد: ئێوە تەماشای ئەزموونی ئێمە ناکەن کە ئەمریکا تا ئەوکاتەی پێویستی پێمان بوو لەگەڵمان بوو کەچی ئێستا پشتی تێکردووین و بەغداش سنگی دەردەپەڕێنێ؟
وتی: ئێمە کارمان بەوە نییە، روسیا بیەوێت یان ئەمریکا لەگەڵمان بێت ئێمەش لەگەڵی دەبین، ئێمەش بە شوێن بەرژەوەندیی خۆماندا دەگەڕێین!
سیاسەتکردن ژیری و وریایی دەوێت، بەتایبەتی گەلێکی ستەملێکراو بەدوای دروشمی نەتەوەیی گڕداری سیاسییەکانییەوە بێت و دواییش کە تووشی شکست دەبن کەس خۆی ناکاتە ساحێبی هەڵە گەورەکان!
لە پەرلەمانی تورکیادا چەند ساڵ بەر لە ئێستا، پەرلەمانتارێکی هەدەپە هەستا وتی: (ئێوەی تورک دەبێت ئەم وڵاتە جێبهێڵن، ئێرە هی کوردە و هی ئێوە نییە). 
بەم وتانە هەموو شەقامی تورکیی تووڕە کرد بەوانەشەوە کە دۆستایەتییەکیان لەگەڵ کورد هەبوو.
پێویستە سیاسییەکان ژیرانە هەنگاو بنێن، لە رۆژئاوا، ئەمریکا بکەنە کارتی دەستیان تا هەژموونی لەسەر تورکیا هەبێت و چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکانیان بکەن، نەک کۆمەکی سەربازیی کە کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە و کاتین. 
پێویستە پەیەدە خۆی تێکەڵی کێشەی کورد لەناو تورکیا نەکات، با جارێ کێشەی خۆیان لەگەڵ سوریا رێکبخەن باشترە، چونکە ئەمریکا ناهێڵێت کورد لە سوریا بگاتە چارەسەری ئاشتی و هۆکارێک نەمێنێت بۆ مانەوەی لەناو خاکی سوریادا.
ئەگەر ژیرانە هەنگاو نەنێین، پێشبینی دەکەم، ئەوەی ئیسرائیل بە غەزەی کرد تورکیاش بەسەر کوردی بێنێ، بەتایبەتی لە رۆژئاوا، جا ژیری لەوەدایە چۆن رێگریی لە هۆکارە رێخۆشکەرەکان بکرێت؟ تا کار لەکار نەترازاوە! 

وتارەکانی نوسەر