دەمامکدانی نیشتمان!

10:14 - 2023-12-03
ئارێز عەبدوڵڵا
241 خوێندراوەتەوە

هێشتا لە کوردستان بە تەواوی ئاسەواری بە عەرەبکردن نەسڕاوەتەوە، کەچی دیاردەیەکی مەترسیدار تر سەریهەڵداوە. دەڵێم مەترسیدارتر، چونکە ئەوەی ئێستا دەکرێ بەدەست و خواستی خۆمانە. 
ئێمە رۆژانە لە کەناڵەکانی راگەیاندن ریکلامە بازرگانییە سەرمادارییەکان دەبینین و هەر رۆژە و ناوێکی نوێی بیانی بەسەر گەڕەکێک یان ئاواییەکی نوێدا دەسەپێندرێ! ئەو ناوە نوێیانە نەک هەر بە مێژوو و کەلتوری نیشتمانی ئێمە نامۆن، بگرە هەندێکیان بە ئاسانی هەر لەبەر ناکرێن و گۆکردنیشیان زەحمەتە.
 بێگومان، بنیاتنانی شار و گوند و ئاوایی نوێ مایەی خۆشحاڵی و ستایشە، بەڵام کاتێک ناوی بەشێک لەو ئاواییە نوێیانە دەبیستین، شۆک دەبین  و سەرمان سوڕدەمێنێ. لەوەش خراتر مێش میوانی دەسەڵات نییە و بگرە هاندەریشە. 
مەخابن تا ئێستا نەمزانیوە شارەوانییەک، ئەکادیمیای کوردی، دەزگایەکی رۆشنبیری، لەبەرامبەر ئەو دیاردە نامۆ و مۆدێلە پشت شکێنە بەدەنگ هاتبێ. 
شار کراوەتە سیتی و گوند کراوەتە ڤیلیج و ئاواییەکان بەناوی ئیتالی و ئەمریکی و ئیسپانی و ئینگلیزی و تەرەماش دەکرێن!
ئەرێ گەلۆ ئەوە دەمامکدانی رووی گەشی نیشتمان نییە؟
کورد دەڵێ: ئاو و ئاوەدانی، ئاواییش ئەو شوێنەیە کە مرۆڤی لێ نیشتەجێیە، کەچی هەروا بە سووک و ئاسانی دەستبەرداری ئەو چەمکە مێژووییە کوردەوارییەی خۆمان دەبن و دێن هەندێ ناوی ناڕەسەن هەڵدەبژێرن و دەیسەپێنن.
لەم یەک دوو رۆژە ریکلامێکم بینی بۆ ئاواییەک دەکرا، بۆ نموونە بەناوی تولیپ! ئایا بۆچی تولیپ؟ لە کاتێکدا تولیپ جۆرێکە لە شلێر و مێلاقی خۆمان. ئایا ئەو ئاواییە بەناوی شلێر یان مێلاق کرابایە جوانتر و رەسەنتر نەبوو؟ 
بە کوردی دەگوتری ئاوایی، ژاراوە، مەمکاوە، ئاشاوە، بەرزاوە ئەوانە و دەیان ناوی تری سەرتاسەری کوردستان، کەچی بەداخەوە خەریکە شار و ئاواییەکانمان لە جیاتی تەعریب تەغریب دەکرێن!

وتارەکانی نوسەر