لەناو رووداوەکاندا

جەنگ، لە غەریزەی مرۆڤەوە تا حەماس و ئیسرائیل

09:59 - 2023-12-04
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
390 خوێندراوەتەوە

گەورەترین گفتوگۆی دوو مرۆڤ لە بارەی (پاڵنەرەکانی جەنگ)ەوە کە تا ئێستا تۆماری ناو مێژوو کرابێت، گفتوگۆی نێوان (ئەلبێرت ئەنیشتاین)ی گەورە زانای بواری فیزیا و (سیگمۆند فرۆید)ی زانای دەروونناسە، مێژووی ئەم گفتوگۆیە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1932 لە نامەیەکدا کە ئەنیشتاین بۆ فرۆیدی دەنێرێت، لەم نامەیەدا زانا فیزیاییەکە پرسیار لەسەر هۆکارەکان و پاڵنەرەکانی جەنگ دەکات وەک شتێکی دانەبڕاو لە مێژووی مرۆڤ، لە بەرامبەردا زانا دەروونناسەکە ئەم بابەتە دەبەستێتەوە بە حاڵەتی دەروونیی مرۆڤەوە و پێیوایە «مرۆڤ غەریزەی بۆ جەنگ هەیە و مرۆڤ نەیتوانیوە ئایدیالێک دروستبکات کە هەموان لە دەوری کۆببنەوە».
بە ئەندازەیەکی زۆر وەڵامەکەی فرۆید راستە، چونکە ئەوروپای لانکەی ئازادی و تۆلێرانس، یاخود ئەمریکای گەورەی جیهان کە گوایە ژمارەیەکی زۆر لە جەنگەکانی لەپێناوی ئازادی و ئاشتیدا بەرپاکردووە، لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی مێژوودا بە جەنگی ناوخۆییدا تێپەڕیون و ژمارەیەکی زۆریان لەیەکتر کوشتووە، لە قۆناغێکی دیکەشدا و نزیک بە 100 ساڵی رابردوو، جەنگە گەورەکانی جیهان مرۆڤە عاقڵ و ژیرەکان دەستیان تێیدا هەبووە، ئەمەش بە تێڕوانینی فرۆید لەو خاڵەدایه کە دەپرسێت: ئەگەر عاقڵەکان دەستیان لە جەنگەکاندا نییە، ئیدی لە پای چی ئەو هەموو چەک و تەقەمەنییە دروستدەکەن و بە جیهاندا بڵاویدەکەنەوە و دەیفرۆشن؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە دەکرێت بپرسین: ئەگەر ویستی کۆتاییهێنان بە جەنگ هەبێت، ئیدی دروستکردنی چەکە گەورە و کیشوەر بڕەکان لە پای چی و بۆچی؟
ئەگەر لە گفتوگۆی نێوان ئەنیشتاین و فرۆیدەوە، بچینەسەر پرسی جەنگی حەماس و ئیسرائیل و دواتر ئاگربەست، دەبێت بڵێین: سەرەڕای ئەوەی لەم جەنگەدا، زلهێز و وڵات و رێکخراوەکان، دەیانەوێت ئاگربەست رابگەیەنن و کوشتار کەمبکەنەوە، بەڵام هەر خودی مرۆڤ و زلهێزەکان خۆیانن بەشدارن لەم جەنگە و زۆرێکی جەنگەکانی دیکەی جیهانیشدا، چونکە غەریزەی شەڕکەرەکان بۆ تۆڵەکردنەوە لە یەکتر لەلایەک، هاوکات غەریزەی مادی مرۆڤ و وڵاتە چەکفرۆشەکانیش لەلایەکی دیکەوە، هێندەیتر پانتایی جەنگەکە فراوانتر دەکات و ژمارەی کوژراوەکانیش لە هەردوولادا زیاتر دەکات.
ئەم غەریزە قووڵەی مرۆڤ چەپ بێت، یان راست، ئەوە دەردەخەن کە هەموو هەوڵەکانی ئاشتی لە جیهاندا کاتین یان بۆ بەرژەوەندین، هەوڵی ئاشتی لە نێوان حەماس و ئیسرائیل و تەنانەت تا دەگاتە ئەو هەموو تاوان و کوشتن و داگیرکردنەی خاکی کورد لە بەشەکانی کوردستاندا، پڕۆژەیەکی راستەقینە نییە کە جیهان لە سایەیدا بچێتە سەردەم و زەمەنێکی دیکەوە کە خاڵی بێت لە جەنگ و کوشتار و ماڵوێرانی. 
ئەمەش مانای وایە، تا وڵاتان لە خەمی ئەوەدابن دیوە مادییەکەی بەرهەمهێنانی چەک ببینن و گوێ بە هاواری منداڵ و مەرگی بە کۆمەڵ نەدەن، یان تا مرۆڤەکانیش لە رێگەی غەریزەی تۆڵەکردنەوەوە لە یەکتر، بازاڕی چەک و تەقەمەنی گەرموگوڕتر بکەن، ئەستەمە مانایەکی راستەقینە بۆ ئاشتی و ژیاندۆستی بمێنێتەوە و مرۆڤ دوور لە جەنگ بتوانێت بژی.

وتارەکانی نوسەر