کۆتاییهێنانی جەنگ بە رووسووریی

10:08 - 2023-12-05
هیوا محەمەد
474 خوێندراوەتەوە

هیوا محەمەد


ژمارەی قوربانییەکان سەد هێندەی بارمتە و دیل و زیندانییەکانن، کەچی جیهانیان بەخۆیانەوە خەریک کردووە و گوایە ئەم هودنەیە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی ئەوانە.

بە ناچاری چوونە ژێر باری جەنگەوە، جیاوازە لەوەی کە بە خواست جەنگێک بەرپادەکات، ئەوانەش کە تێوەدەگلێن دابەشی هەردوو بەرەی جەنگ دەبن.
ناچینەوە سەر باسی هۆکار و دەستپێشخەر لە جەنگی ئیسرائیل و حەماس، دەمەوێت باسێک لەوە بکەم ئایا بۆچی ئەو چەند سەد کەسە بەلای ئیسرائیلەوە گرنگن کە لەژێر دەستی حەماسدا بە بارمتە و دیل گیراون؟
بەلای ئیسرائیلەوە ئازادکردنی ئەو سەدان فەلەستینییە لە ژن و منداڵ و پەککەوتە گرنگ نییە، چونکە ئەوان هەمیشە بایی ئەو ژمارەیە زۆر زیاتریان لە زیندانەکانیاندا هەیە و دایان ناون بۆ رووداوێکی لەم چەشنە و دەیانگۆڕنەوە.
هودنەی شەش رۆژەی رابردوو، رێخۆشکردن بۆ گۆڕینەوەی دیلەکان یاخود هاوردەکردنی دەرمان و خواردن و پێویستییە مرۆییەکان نییە بەتەنها، بەڵکو ئامانجێکی سەربازییشی لە پشتە کە رەنگە زیاتر بۆ ئیسرائیل سوودی هەبێت، چونکە چاودێریی توند لەسەر ئەو بارهێنەرانە هەن کە دەچنە ناو کەرتی غەزەوە و ناهێڵن حەماس بەکاریانبهێنێت بۆ هاوردەکردنی چەک و تەقەمەنی، بەڵام ئیسرائیل لەو چەند رۆژەدا دەتوانێت سەدان پلانی سەربازیی تۆکمە بکات و سنوورەکانی بەهێزتر بکات.
لە راستیدا هەردوولا بە کردەی خۆیاندا کەوتوون و نازانن چۆن لێی دەربچن.
لای ئیسرائیلییەکان ئەم رووداوە تووشی شۆکی کردن، هەرگیز بە خەیاڵیاندا نەدەهات حکومەت و سوپا و دەزگای هەواڵگرییان هێندە لاواز بێت، حەماس بتوانێت ئۆپەراسیۆنێکی لەو چەشنە بکات و زیانیان پێبگەیەنێت کە بە گەورەترین هەژمار دەکرێت لەسەرەتای دروستبوونی ئیسرائیلەوە، ئەمەش بە پلەی یەکەم هۆکارەکەی دەکەوێتە سەر حکومەتەکەی ناتانیاهو، ئەمیش بۆ ئەوەی لە مێژوودا وەک سیاسییەکی فاشل ناوی نەڕوات، ویستی بە زەبری هێز و چەک رووسووریی خۆی لای ئیسرائیلییەکان بگەڕێنێتەوە.
 لە سەرەتای جەنگەکەوە وتیان حەماس لەناو دەبەین و دەیسڕینەوە، بەڵام ئێستا دوای دوو مانگ، جەنگ و بۆردومانکردنی غەزە و چوونە ناوەوە و گەیاندنی زیانی گەورەی گیانی و ماڵی بە حەماس و خەڵكی غەزە، بەردەوامن لە هەوڵدان بۆ دانوستان و هودنە بۆ گۆڕێنەوەی بارمتە و دیلەکان.
بەپێی شڕۆڤە سیاسییەکانیش لەسەر ئاستی جیهان، کەس پێی وانییە کە ئیسرائیل لەم جەنگەدا بە سەرکەوتوویی دەردەچێت، چونکە رێگری و دەنگی ناڕازیی جیهانی زۆر هەیە لە کوشتنی خەڵکی مەدەنی و وێرانکردنی شارەکە.
حەماسیش کە هیچ ژیرییەکی سیاسییان بەکارنەهێناوە لە پلانی هێرشەکەیان لە حەوتی ئۆکتۆبەر، ئێستا 100جار پەشیمانن و نازانن چۆن بە رووسووریی لێی دەربچن، ئەوان وەک دەڵێن بۆ ریش چوون سمێڵیشیان دانا، بۆیە ئێستا بەردانی چەند 100 کەسێکی دیل لە لای ئیسرائیلییەکان، دەکەنە دەستکەوتی ئۆپەراسیۆنەکەیان و قوربانییەکانیش کە لە ئەنجامی هەڵەی خۆیان هاتە پێش، دەبێتە بەشێک لەو مێژووەی ئەو شارە کە چەند ساڵێکە بەهۆی سیاسەتی هەڵەوە ئارامیی لێبڕیون.

وتارەکانی نوسەر