د. عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
پێشه‌كی:
دیارده و رووداوی زۆر و هه‌مه‌چه‌شن له كایه‌ی میدیای ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌ن، كه پێویسته بخرێنه‌به‌ر پشكنین و گفتوگۆ، به شێوازێكی زانستی و هاوچه‌رخیش تاوتوێ بكرێن و هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ بكرێت، یان لانیكه‌م بێ پرسیار تێنه‌په‌ڕن و به‌ئاسایی وه‌رنه‌گیرێن.
یه‌كێك له‌و دیارده و رووداوانه، بریتییه له زیادبوونی ژماره‌ی داموده‌زگاكانی راگه‌یاندن له‌لایه‌ن پارته سیاسییه‌كانمانه‌وه، كه زۆرجار جیاوازی و ناوازه‌یی له ئه‌زموونی میدیای كوردیدا به‌رپا ناكه‌ن، به‌ڵكو له باشترین حاڵ‌دا دوای ماوه‌یه‌ك له‌ناو كه‌ژاوه‌ی قه‌ره‌باڵغیی میدیاكانماندا ون دەبن، ئه‌وه‌نده‌ی بریتی ده‌بن له گۆڕانێكی چه‌ندایه‌تی له كاروانی میدیادا، ئه‌وه‌نده گۆڕانی چۆنایه‌تی ناخوڵقێنن، له‌وه‌ش زیاتر، كاریگه‌رییان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه سنووردار ده‌بێت، یان كاتی، یان هه‌ر نایبێت، دۆخێك كه بێگومان ئه‌وه ده‌هێنێت پرسیار له‌سه‌ر سه‌رچاوه‌كه‌ی بكرێت، ئه‌و فه‌رهه‌نگ و مێنتاڵێتییه كلاسیكییه یپشكنرێت كه فه‌لسه‌فه‌ی راگه‌یاندن له واقیعی میدیای كوردیدا جڵه‌و و ئاراسته ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تی لای پارته سیاسییه‌كانمان و به زۆریش له ئه‌زموونی ئه‌و پارتانه‌ماندا كه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و كارگێڕیی وڵاتیان به‌ده‌سته‌وه‌یه.
فه‌لسه‌فه‌یه‌كی بێ ئه‌نجام
كردنه‌وه‌ی كه‌ناڵی ئاسمانی زۆر و زه‌وه‌ند و دروستكردنی سه‌دان ماڵپه‌ڕ و پلاتفۆرم له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا و ده‌رچوواندنی بڵاوكراوه و گۆڤار و خه‌رجكردنی پاره‌ی خه‌یاڵی بۆیان، به‌تایبه‌تیش له‌لایه‌ن هێزه سه‌ره‌كییه‌كانی گۆڕه‌پانی سیاسییه‌وه، به سروشتی حاڵ و به‌پێی ئه‌زموون و رووداوه‌كان، ده‌ركه‌وتووه كه فه‌لسه‌فه‌یه‌كی میدیایی دیراسه‌نه‌كراوه، بگره ره‌مه‌كی و بێ ئه‌نجامه. به‌زۆر پێوه‌ری پیشه‌یی و ته‌نانه‌ت میللییش!، كه دیارترینیان گه‌ڕانه به‌دوای راستیدا، میدیایه‌كی زۆر و بۆره و هیچیتر، كاریگه‌ریی ئه‌وتۆی له‌سه‌ر گۆڕینی ئاراسته و دابه‌شبوونه‌كانی رای گشتیی خه‌ڵكی كوردستان نییه و نابێت، له‌كاتێكدا یه‌كه‌مین ئامانجی سیاسیی پارته‌كان له دامه‌زراندنی ده‌زگای میدیاییدا بریتییه له دروستكردنی كاریگه‌ری له‌سه‌ر هزر و له‌سه‌ر رای گشتیی كۆمه‌ڵگە، له‌گه‌ڵیدا بازاڕسازی Marketing بۆ رۆڵ و پێگه‌ی حزب له ژیانی گشتیدا، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی هه‌ر خۆی له‌رووی زانستیشه‌وه، بوارێكی كاریگه‌رییه‌كانی میدیا بریتییه له گۆڕینی هه‌ڵوێست یان ئاراسته كه بێگومان بۆ پارته سیاسییه‌كان گرنگه، مه‌به‌ست له هه‌ڵوێست لێره‌دا، هه‌ڵوێستی مرۆڤه بۆ دۆزێك یان كه‌س و كاراكته‌رێكی دیاریكراو، بۆ به‌هایه‌ك، یان ره‌فتارێك، هاوكات جووڵاندنی هه‌ستی مرۆڤیش له‌ئاست هه‌ریه‌كێك له‌مانه به‌شێوه‌ی ئه‌رێنی یان نه‌رێنی، ره‌تكردنه‌وه یان قبووڵكردن، خۆشویستن یان رق لێبوونه‌وه، دوژمنایه‌تیكردن یان دۆستایه‌تیكردن، هه‌موو ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و زانیارییانه‌ی كه بۆ مرۆڤه‌كان فه‌راهه‌م ده‌كرێن و شێوازه هونه‌ری و پیشه‌ییه‌كانی رووماڵی میدیایی.
بیرخستنه‌وه‌ی ئه‌و به‌ڵگه‌نه‌ویسته، بۆ ئه‌وه‌یه كه بزانرێت، هه‌ر هێز و پارتێكی سیاسی كه بیه‌وێت میدیایه‌كی كاریگه‌ری له‌وڵاتدا هه‌بێت، ده‌بێت رۆشنبیرییه‌كی تیۆری و زانستیی فراوانی له‌باره‌ی ئه‌زموونی كۆمه‌ڵگه مرۆییه‌كانه‌وه هه‌بێت. پێویسته تێبگات كه به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م رۆشنبیرییه‌ش ئاسان نییه، به خولی رۆژنامه‌نووسی و سه‌لیقه‌ی شه‌خسی بونیاد نانرێت، به‌ڵكو په‌روه‌رده و پێگه‌یاندنی ئه‌كادیمییانه و پیشه‌ییانه‌ی ماوه‌درێژی ده‌وێت، هه‌ربۆیه له هه‌موو هێزێكی مرۆیی‌دا ناچێنرێت و كۆنابێته‌وه و هه‌رس ناكرێت.
ئێمه ئه‌مڕۆ له‌جیهانێكدا ده‌ژین كه هیچ كایه‌یه‌ك به‌بێ ئۆرگانیزه‌كردنی زانستییانه، به‌بێ بیركردنه‌وه‌ی پرۆفیشناڵ ناتوانێت بچێته پێشه‌وه، هێزی كێبه‌ركێی ركابه‌رانی خۆی نابێت، كایه‌ی میدیاش له‌ناو هه‌مان هاوكێشه‌دایه. ئێمه ده‌بێ بزانین كه ئیتر له سه‌ده‌ی 21دا ده‌ژین. گه‌شه‌ی شارستانییه‌تی كۆمه‌نیكه‌یشن و میدیا له جیهاندا، ئه‌و قۆناغه‌ی تێپه‌ڕاندووه كه میدیا ده‌سه‌ڵاتێكی ره‌مزیی و ئه‌فسوناوی هه‌بێت، یان ئه‌و خێوه كاریگه‌ره بێت كه تیۆره میدیاییه‌كانی سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست له‌بابه‌ت تیۆری گولله‌ی سیحری Magic bullet theory/سرنجی ژێر پێست، بۆ رۆڵ و كاریگه‌ریی ره‌هاو راسته‌وخۆی میدیاكانیان گریمانه ده‌كرد.
ده‌بێ تێبگه‌ین كه ئه‌مڕۆ میدیا كۆمه‌ڵێك گۆڕاوی كارتێكه‌ر Influential variables هه‌ڵیده‌سوڕێنێت، به‌بێ ره‌چاوكردنی ئه‌و گۆڕاوانه هه‌ر زوو میدیاكان كه‌ته‌لۆك و هێزی دروستكردنی كاریگه‌ریی له‌ده‌ستده‌ده‌ن، دیارترین ئه‌و گۆڕاوانه‌ش گۆڕاوی ژینگه‌یه كه بریتییه له كۆی ئه‌و هه‌لومه‌رجه سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی كه میدیاكانیان تێدا ده‌ژی، ئه‌و هه‌لومه‌رجانه هه‌م ده‌شێت یارمه‌تیده‌ربن بۆ ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن له دروستكردنی كاریگه‌ری و گۆڕانكاریدا، هه‌م ده‌شێت ببنه فاكته‌ری لاوازكردنی كارایی و كاریگه‌ریی ده‌زگاكانی میدیا و لادانی وه‌زیفییان.
جگه له گۆڕاوی ژینگه، بێگومان گۆڕاوی جۆری ئامرازChannel، گۆڕاوی ناوه‌ڕۆكContent، گۆڕاوی جه‌ماوه‌رMass، گۆڕاوی كارلێك Interaction، رۆڵیان هه‌یه له‌وه‌ی كه میدیا ده‌توانێت چ كاریگه‌رییه‌ك به‌جێ بهێڵێت و ده‌ستكاری چی بكات، یان له چ ئاست و پنتێكدا بێ رۆڵ و كاریگه‌ریی بمێنێته‌وه.
به مانایه‌كی ساده‌تر، ده‌بێ حزبی سیاسی، سه‌ره‌تا له ده‌ره‌وه‌ی گه‌مه و میكانیزمه میدیاییه‌كانی دروستكردنی كاریگه‌ریی، بیربكاته‌وه و كاربكات. ته‌ماهی هه‌ڵه و پێشوه‌خته نه‌كات له‌نێوان میدیا وه‌ك ئامرازگه‌لێكی په‌خش و بڵاوكردنه‌وه (كه له ئه‌گه‌ری هه‌بوونی توانای داراییدا ده‌توانرێت دابین بكرێن!) و، میدیا وه‌ك ئامرازێكی كاریگه‌ر له ژینگه‌ی لۆكاڵی و ده‌وروبه‌ردا.
له‌وه‌ش زیاتر نابێ له‌و وه‌همه‌دا بژی كه ده‌زگای میدیایی، خۆبه‌خۆ و له‌بۆشاییه‌وه، ده‌توانێت ببێته ئه‌و فانۆسه سحرییه‌ی (عه‌لائه‌دین) بۆ حزبی كوردی كه له چیرۆكی كتێبی (ألف ليلة و ليلة)ی ئۆرنتالیستی فه‌ره‌نسی (ئه‌نتوان جالان)دا هاتووه و دێوێكی ئه‌وتۆی پێیه كه ده‌توانێت هه‌موو خه‌ون و چاوه‌ڕوانییه‌كان بۆ پارته سیاسییه‌كان به‌دی بهێنێت!.
گره‌و له‌سه‌ر كارایی سیاسی
پارتی سیاسی، ئه‌گه‌ر بیه‌وێت میدیایه‌كی كارا‌و كاریگه‌ری هه‌بێت، ئه‌وا پێویسته، پێش هه‌ر هه‌نگاوێك، گره‌وی له‌سه‌ر خودی كایه‌ی سیاسی خۆی بێت. هه‌ڵه و خلیسكانه سیاسییه‌كانی راست بكاته‌وه، وه‌ك پره‌نسیپێكی نه‌گۆڕ چاكسازی و گۆڕانكاری له ره‌فتاری سیاسی و حزبیی خۆی و هه‌ڵوێسته‌كانی له ئاست پرس و دۆزه ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كاندا، بكات. ئه‌گه‌ر هێزێكی فه‌رمانڕه‌وا بوو، پڕۆژه‌ی پێویست و خزمه‌تگوزاری به‌رده‌وام پێشكه‌ش به دانیشتوانی وڵات بكات، ئاسایش و ئارامی بپارێزێت، كار بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی نادادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی و دیارده‌كانی گه‌نده‌ڵی سیاسی و كارگێڕی و دارایی وڵات بكات.
حزبی سیاسیی فه‌رمانڕه‌وا، كه‌م و زۆر، ناتوانێت خاوه‌نی میدیایه‌كی كاریگه‌ر و ده‌نگ زوڵاڵ بێت، ئه‌گه‌ر گه‌شه‌ی ئازادییه دیموكراتییه‌كانی وه‌ك ئازادیی سیاسی و كۆبوونه‌وه و ناڕه‌زایی و مانگرتن و ره‌خنه و ئازادیی راده‌ربڕین و میدیا‌و بڵاوكردنه‌وه، ره‌چاو نه‌كات. ئه‌گه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی دیارده‌ی پێشێلكردنی یاساكان، گرفتی بێكاری، سنوورداركردنی هێڵی هه‌ژاری، كۆچی عه‌قڵه‌كان، توندوتیژیی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی، ئاسایشی خۆراك و ته‌ندروستی، كوالێتی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا، رێگرتن له بازرگانیی ماده هۆشبه‌ره‌كان، ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی فاحیشانه‌ی چینی كاربه‌ده‌ستان و به‌رپرسان، نه‌كاته به‌شێك له ستراتیژی بیركردنه‌وه و پڕۆگرام و مامه‌ڵه و ره‌فتاری سیاسیی خۆی.
حزبی سیاسیی فه‌رمانڕه‌وا به‌چی میدیایه‌كی جێی متمانه و خاوه‌ن مسداقییه‌تی هه‌بێت ئه‌گه‌ر خۆی له كایه سیاسییه‌كه‌دا ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت، یاسادانان، راپه‌ڕاندن، دادوه‌ری، نه‌خاته‌وه خزمه‌تی رێكخستنه‌وه و به‌ره‌وپێشبردنی كۆمه‌ڵگه‌وه، له رێیانه‌وه نوێنه‌رایه‌تییه‌كی كارا‌و بزێو و به‌رهه‌مداری خواست و خه‌ون و چاوه‌ڕوانییه‌كانی خه‌ڵك نه‌كات؟، ئه‌گه‌ریش به‌رهه‌ڵستكار بوو، چاودێریی ئه‌زموون و سیستمی حوكمڕانی نه‌كات، بوێریی ده‌ستنیشانكردنی هه‌ڵه و لادانه‌كانی فه‌رمانڕه‌وایی نه‌بێت و له په‌رچه‌كدار و سزای ده‌سه‌ڵاتداران بسڵه‌مێته‌وه، پڕۆژه و مانفێستی تایبه‌ت به خۆی نه‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یران و ته‌نگژه‌كانی وڵات و توانای پێشكه‌شكردنی خۆی وه‌ك هێزی جێگره‌وه، له‌ده‌ستبدات؟.
پرۆژه‌و هه‌نگاو
له په‌یوه‌ندیدا به پارته سیاسییه‌كانی هه‌رێمه‌وه، ده‌بێ بوترێت: له ده‌ره‌وه‌ی ئیستحقاقی به‌خۆداچوونه‌وه، به‌ده‌ر له‌خۆخستنه ژێر مایكرۆسكۆبی چاودێری و ره‌خنه‌ی بابه‌تییانه‌ی به‌رده‌وامه‌وه، جیا له ناسینه‌وه‌ی وه‌زیفه سیاسی و كارگێڕی و حزبییه‌كانیش له‌فۆرمی جیاجیای نوێنه‌رایه‌تیكردنی كۆمه‌ڵگه‌دا، ئه‌ركێكی گه‌وره‌ی حزبی سیاسیی كوردی، كه له‌وسه‌ره‌وه میدیایه‌كی پیشه‌یی و جێی باوه‌ڕی بۆ دروستبكات، ئه‌وه‌یه كه، خاوه‌نی روئیا‌و تێگه‌یشتنێكی واقعی بێت بۆ رووداو و به‌ربه‌ره‌كانییه‌كان، بۆشایی نێوان كۆمه‌ڵگه‌و ده‌وڵه‌ت و متمانه‌ی نێوانیان بپارێزێت، به هه‌نگاوی كرده‌یی نه‌هێڵێت كۆمه‌ڵگه له گێژاوی سیاسی و ئابووریدا بخولێته‌وه، نائومێدی سیاسی بیتاسێنێت، هه‌ست به بنبه‌ست و بێهیوایی بكات، گومانی له سیسته‌می نوێنه‌رایه‌تی بۆ دروست ببێت و له‌هه‌موو قه‌یران و ته‌نگژه‌و مه‌ینه‌تییه‌كدا خۆی راسته‌وخۆ بجوڵێت و بڕژێته شه‌قامه‌كان، له‌غیابی ئاسۆی چاره‌سه‌ری داواكارییه‌كانیشیدا هێنده‌ی تر له واقعی سیاسی و ئابووریی هه‌رێم رقئه‌ستوور و تووڕه بكرێ وه‌ك ئه‌وه‌ی ساڵانێكه تێیدا ده‌ژی.
گرنگترین وه‌زیفه بۆ پارته سیاسییه‌كانمان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن خاوه‌ن میدیایه‌كی كاریگه‌ر بن، ئه‌وه‌یه كه ئه‌وان تێكه‌ڵی ژیانی رۆژانه‌ی هاووڵاتیان بن، سه‌ركرده‌كان له كۆشك و گرده‌كانیان، له‌باره‌گاو ئۆفیسه‌كانیان، بێنه خواره‌وه‌و تێكه‌ڵی كه‌ژاوه‌ی داواكاری و ناڕه‌زاییه‌كانی هاونیشتمان بن، واقعی دابڕانی نێوان ده‌وڵه‌ت – كۆمه‌ڵگه، حزب – میلله‌ت، كاڵبكه‌نه‌وه، ژیانی سیاسی له دۆڵێكدا نه‌هێڵنه‌وه‌و خه‌ڵكیش له دۆڵێك. له‌وه‌ش زیاتر، گه‌مه‌و رێوڕه‌سمه‌كانی خۆنمایشكردنی بێ به‌رهه‌می ئه‌و كۆنگره‌و كۆنفرانس و پانێڵانه كه‌م بكه‌نه‌وه كه كه‌مترین راسپارده‌كانیان جێبه‌جێ ناكرێن.
حزبی كوردی به‌وه ده‌توانێت له میدیادا وێنه‌یه‌كی دڵخواز و دانپیانراو بۆ خۆی نمایش بكات كه هه‌ڵگری پرۆژه‌ی جیاجیا‌و ده‌ستپێشخه‌ری جۆراو جۆربێت بۆ كێشه‌و قه‌یرانه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی، بۆ به‌شه‌كانی تری كوردستان و عیراقیش، ته‌نانه‌ت تێز‌و گوتاری Discourse بۆ پرسه گه‌رم و دۆسییه هه‌ستیارو گڕگرتووه‌كانی ناوچه‌كه‌ش هه‌بێت، به‌تایبه‌تی ئه‌و پرس و دۆزانه‌ی كه راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریی نزیك، یان دوورمه‌ودا، ده‌رهاویشته‌ی ئێستایی، یان ئاینده‌ییان له‌سه‌ر كێشه‌ی كورد، هه‌یه.
كارلێكی سیاسه‌ت و میدیا
هه‌ر هێزێكی سیاسی به‌م رێبازه ئامانجداره Targeted method و، به‌م شێوازه سیستماتیكییه كاربكات، ئه‌وا بێ دوو دڵی، به‌بێ زیادكردنی ژماره‌ی زیاتری ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی جه‌ماوه‌ریMass Media و نه‌زیفێكی دارایی كه هه‌موو بنه‌ماكانی خودبژێویی له ئابووریی میدیادا Media economics وێرانده‌كات، خۆبه‌خۆ ده‌كه‌وێته ژێر فۆكه‌سی رای گشتییه‌وه، بگره ده‌توانێت ببێته جێی سه‌رنجی راسته‌وخۆی خودی كۆمه‌ڵگه‌ی سیاسی و مه‌ده‌نیی وڵاته‌كه‌ی خۆی، خۆ ئه‌گه‌ر هاوشان به‌وه‌ش دام و ده‌زگای راگه‌یاندنی كارا‌و پرۆفیشناڵیشی هه‌بێت - با به‌ژماره‌ش كه‌م بن- كه به پرۆسه‌كانی رووماڵكردن و گواستنه‌وه‌و به‌رهه‌مهێنانی په‌یامی میدیایی له ئاست هه‌موو رووداوه‌كانی وڵات‌دا هه‌ستن، ئه‌وا كاریگه‌ری و شوێنه‌واریان له‌سه‌ر دۆخی وڵات و كاروباری هاووڵاتیان زیاتر ده‌بێت.
به مانایه‌كی روونتر، ئه‌مڕۆ به‌بێ ئه‌م پێویستییه، به‌بێ ئه‌م خۆراكه بابه‌تی و به‌رده‌وامه كه كارلێك له نێوان كایه‌كانی سیاسه‌ت و میدیا دروست ده‌كه‌ن و ده‌بنه ته‌واوكه‌ری یه‌كتر، هیچ ده‌زگایه‌كی میدیایی ناتوانێت و له بۆشاییه‌وه نابێته ژماره‌و ئه‌ستێره‌و میدیایه‌كی باوه‌ڕپێكراو و كاریگه‌ر، كه واش نه‌بوو و ئه‌مه‌ی پێ نه‌كرا، ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه هیچ چاره‌نووسێكی تری نابێت جگه له‌وه‌ی ببێته میدیایه‌كی پشت تێكراو، ماكینه‌یه‌كی پڕوپاگه‌نده‌ی په‌تی، بگره كارخانه‌یه‌كی پڕ مه‌سره‌فی بێ جه‌دوا و سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ به‌هه‌ده‌ردانی هێزی دارایی حزب، دۆخێك كه بێگومان به‌تێپه‌ڕبوونی كات (بمرور الزمن) وا ده‌كات كه ده‌زگای میدیایی ته‌نانه‌ت په‌یامه سه‌نگین و راسته‌كانیشی لێ وه‌رنه‌گیرێت و زۆر به ئاسانی سه‌رنج و بایه‌خ و متمانه‌ی جه‌ماوه‌رێكی زۆری وه‌رگر له ده‌ستبدات..!
ئه‌زموونی میدیای به‌عس و میدیای به‌ره‌نگاری!
به ده‌سته‌واژه‌یه‌كی تر، هێزه سیاسییه‌كانمان ده‌بێ تێبگه‌ن كه میدیا زانسته، هاوكات پیشه‌یه‌كی ئه‌وتۆ هه‌ستیاره كه به‌شێكی كاریگه‌رییه‌كانی، له هه‌موو دۆخێك‌دا، وابه‌سته‌ی چۆنیه‌تی كارلێكه له‌گه‌ڵ كایه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی و سیاسه‌ت و رووداوه‌كانی ناوی، به‌ستراوه‌ته‌وه به پلاندانانی میدیایی و ستراتیژی مامه‌ڵه‌كردنیش له‌گه‌ڵ ئاڵوگۆڕو رووداوه‌كانی ناو وڵات‌دا، پێش ئه‌وانه‌ش به‌نده به شێوازی به‌رخوردی گروپ و هێزه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان خۆیانه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاڵوگۆڕو رووداوانه‌دا.
میدیا، چالاكییه‌كه په‌یوه‌سته به بنه‌ما زانستییه‌كانی كاركردنه‌وه‌و ئامرازێكی ئایدیۆلۆژیی په‌تی نییه.! لێره‌شدا نموونه‌ی دوورمان ناوێ!. زۆر به ساده‌یی ده‌توانین بيرمان بكه‌وێته‌وه كه ئه‌زموونی میدیایی رژێمی به‌عس به‌هه‌موو ماشێنی پڕوپاگه‌نده‌یی خۆی و كۆنترۆڵكردنی خاوه‌ندارێتیی سه‌رله‌به‌ری میدیای ده‌وڵه‌ته‌وه، نه‌یتوانی رای گشتی گه‌لی كورد به‌رامبه‌ر به شۆڕشه چه‌كدارییه‌كه‌ی و بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی كورد بگۆڕێت. هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی دراماتیكییانه‌ی (400) هه‌زار چه‌كداری كوردی سه‌ربه به‌عس، كه له فه‌رهه‌نگی سیاسی و میللیماندا پێیان ده‌وترا (جاش) له گه‌رمه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی رووداوه‌كانی راپه‌ڕیندا (1991)، به‌ڵگه‌یه‌كی زه‌قی مایه‌پووچیی هه‌ر كاریگه‌رییه‌كی میدیای به‌عس بوو له‌سه‌ر ته‌نانه‌ت نانۆرماڵترین چینی سیاسیی هه‌شتاكانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی كه جاشه‌كان و پیاوانی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس بوون.
له‌به‌رامبه‌ردا، نموونه‌ی ئه‌زموونی میدیای به‌ره‌نگاریشمان هه‌بوو چ له‌شۆڕشی ئه‌یلول (1961-1975) و چ له‌شۆڕشی نوێی گه‌لی كورددا. هه‌موو بیرمانه، سه‌ر له‌به‌ری ئه‌م ئه‌زموونه، به پله‌ی یه‌كه‌م، بریتی بوو له رادیۆیه‌كی كۆچه‌ری و سه‌ره‌تایی كه رۆڵی میدیای جه‌ماوه‌ری Mass Media بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌گێڕا و به شه‌پۆلی ده‌نگیی یه‌كجار سنودار و كورتیشه‌وه، ده‌یتوانی به‌و هه‌موو ژاوه‌ژاوه‌شه‌وه (تشویش/Noise) كه ده‌زگای ته‌كنه‌لۆژی و سانسۆری به‌عس ده‌یخسته سه‌ر، بگاته رای گشتیی گه‌له‌كه‌مان، له رووی مه‌عریفی و ویژدانی و ره‌فتاریشه‌وه بیوروژێنێت، بگره جۆشی بدات بۆ گۆڕانكاری سیاسی كه دیارترینیان له‌مێژووی هاوچه‌رخماندا بریتی بوو له راپه‌ڕینی به‌هاری 1991.
ئێمه ده‌بێ بیرمان بكه‌وێته‌وه كه نهێنیی ئه‌و كاریگه‌رییه گه‌وره‌یه‌ی میدیای به‌ره‌نگاری و میدیای شۆڕش هیچی دی نه‌بوو ره‌وایه‌تی دۆزی كورد‌و متمانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی باشووری كوردستان نه‌بێت به پرۆژه‌ی شۆڕش و سه‌رسامبوون نه‌بێت به پاكی و دڵسۆزی و گیانفیدایی پێشمه‌رگه بۆ خاك و خه‌ڵكی كوردستان، له به‌رامبه‌ردا زاده‌ی پێشێلكردنی به‌عس بوو بۆ كۆی ئه‌و وه‌زیفه سیاسی و ده‌وڵه‌تدارییانه‌ی كه ده‌بوو به‌بێ هیچ جیاكارییه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی و ئاینی، به‌بێ سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی تۆتالیتاری و خوێناوی خۆی، به‌رامبه‌ر به كۆمه‌ڵگه‌ی عیراقی، جێبه‌جێی بكردبان و نه‌یكردن. هه‌ر له‌و ئه‌زموونانه‌شه‌وه‌یه كه زۆر به زه‌قی ئه‌وه روونده‌بێته‌وه كه هه‌لومه‌رجه سیاسییه‌كان، وه‌ك گۆڕاوێكی كاریگه‌ر، چۆن ده‌توانن میدیا بكه‌نه ئامرازێك بۆ گۆڕانكاری سیاسی له كۆمه‌ڵگه‌دا وه‌ك له كۆمه‌ڵگه‌ی راپه‌ڕینی كوردی باشووردا به‌رجه‌سته‌بوو، چۆنیش ده‌توانن میدیا بكه‌نه ماشێنێكی پڕوپاگه‌نده‌ی ساخته‌كار كه ده‌وڵه‌ت و حزب له كۆمه‌ڵگه‌و خه‌ون و ئیراده‌ی نامۆ بكه‌ن و دووری بخه‌نه‌وه.
بۆ ئێستاش ده‌بێ بیرمان بكه‌وێته‌وه كه ئه‌و ئه‌زموونانه، ئه‌گه‌ر سه‌ر به كات و شوێنێكی جیاوازی مێژووی سیاسیشمان بن، هیچ له‌و فاكته چه‌سپاوه ناگۆڕن كه راگه‌یاندنی كاریگه‌ر له خۆوه‌و به‌بێ زنجیره‌یه‌ك مه‌رجی زانستی و پیشه‌یی و بابه‌تی دروست نابێت. میدیا له‌م سه‌رده‌مه‌دا، چیتر وه‌ك رابردوو و وه‌ك ده‌ورانی رۆڵی میدیای كلاسيكی و نه‌رینی Traditional media ناتوانێت (مێشت بۆ بكات به گامێش!) وه‌ك ئه‌مه وته‌زایه‌كی باوی سه‌رده‌می پێش سه‌رهه‌ڵدانی ته‌كنه‌لۆژیای مانگه ده‌ستكرده‌كان و گڵۆباڵیزه‌یشنی میدیایی و ته‌كنه‌لۆژیای ئه‌نته‌رنێت و نه‌وه جیاجیاكانی وێبه‌كان و شۆڕشی زانیارییه‌كان بوو.