بۆ ترامپ، ئاردۆغان-ی خۆشدەوێت؟!

10:23 - 2025-04-10
د.عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
177 خوێندراوەتەوە

  ئەم ماوەیە، لەهەر كاتێك زیاتر، كورد لە رۆژئاوا، باكور، باشوور، پێویستیی بەوەیە كە لەوردەكاریی پەیوەندیی نێوان ئەمریكاو توركیا بكۆڵێتەوە لەقۆناغی ترامپدا. لێكۆڵینەوە، تەنها كۆكردنەوەی زانیاریی هەواڵگری، میدیایی، شیكاریی سیاسی، راپۆرتی دەزگاكانی توێژینەوە، وەرگرتنی رای شارەزایان ناگرێتەوە كە هەموویان گرنگن. ئەم دۆسێیە، پێش ئەو كەناڵانە، كاری دیبلۆماسیی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی دەوێت، هەوڵدانی پێویستە بۆ بینینی كاربەدەستانی كۆشكی سپی، سیناتۆرەكانی كۆماری و دیموكراتەكان، تاڕادەیەكیش وروژاندنی میدیای ئەمریكی سەرەڕای ئەوەی كە ترامپ زۆر گرنگیی پێنادات!. مەبەستیش لێرەدا وروژاندنی مەترسیی كوردە لەوەی، لەو نێوانەدا، بكرێتە ئامانج.
  لەسیاسەتدا، بەدەگمەن هەیە سەرۆكێك بە سەرۆكی وڵاتێكی تر بڵێت»خۆشم ئەوێیت»!، ترامپ وتی!. ئەو ئەمە زیاتر لەجارێكە ستایشی ئەردۆغان دەكات، نوێترینیان ئەوەیە كە CNN-TURK بڵاویكردۆتەوەو باس لەسەرسامیی ترامپ دەكات بە سەرۆكی توركیا، بەڵام لەچ كات و شوێن و بۆنەیەكدا؟! لەو كاتەی كە ئیسرائیلی هاوپەیمانی ئەمریكا بە گەشەی نفوزی توركەكان لە سوریا قەڵسە، لەو شوێنەشدا كە كۆشكی سپییەو میوانداریی بنیامین نەتانیاهۆی تیاكراوە!، لەبۆنەی دیدارێكی دیبلۆماسیی لوتكەشدا، كە یەكێك لەئەجێنداكانی، دۆسێی پێگەی هەڵكشاوی توركیایە لەناوچەكەو دڵەڕاوكێی تەلئەبیبە لەم پێگەیە.!
  خۆی بەڕاستیش، تەنها كات و شوێن و بۆنەیەكی وا، بەسن بۆ ئەوەی مەترسییەكانی سەرسامیی ترامپ بۆ ئەردۆغان بەجدی وەربگیرێن. لەبۆنەی ئەو دیدارەدا، ترامپ، لەبری موجامەلەكردنی تەلئەبیب و هاوسۆزی بەرامبەر بە دڵەڕاوكێكانی لەئاست ئەنقەرە، دێت و ئەمریكا وەك زلهێزێكی بێلایەن دەنوێنێت، لەدیدارەكەدا بە سەرۆكی ئیسرائیل دەڵێت: گەر كێشەیەكتان لەگەڵ توركیا هەیە لەبارەی سوریاوە، دەتوانم چارەسەری بكەم!. تەنها ئەم هەڵوێستە، زیاتر لەمانایەكی هەیە، رەنگە نەوتراوترینیان ئەوەبێت كە ترامپ لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەیەوێت هاوپەیمانێتی لەگەڵ توركیادا بەهێزتر بكات، بگرە دەرفەتی گێڕانی رۆڵێكی گەورەتریشی لەناوچەكەدا پێببەخشێت كە دەرەنجامەكانی لەبەرژەوەندیی ئەمریكاشدا بشكێنەوە بەبێ ئەوەی یەك سەربازی تیابچێت!. 
  بەڵگە بۆ ئەوە، سەرسامییەتی بە ئەردۆغان لەوەی كە لەسوریا كردوێتی!. CNN-TURK بەدەق نوسیویەتی: ترامپ بە نەتەنیاهۆی وتووە، ئەوەی ئەردۆغان لەسوریا ئەنجامیداوە كەسی تر نەیتوانیوە بیكات! ئەم دیدە، گەواهی هەماهەنگیی باڵای نێوان ئەمریكای ترامپ و توركیای ئەردۆغانە لەوەی كە لەسوریا روویداو ئەوەشی تائێستا دەگوزەرێت. مانایەكی تری ئەوەیە، توركیا دەشێت لەداهاتوودا دەستكراوەتریش بكرێت لەدۆسێكانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڵكشانی نفوزی، خۆ ئەگەر تەلئەبیب لەمەدا نیگەرانییەكی ئەمنیی هەبێت، دڵنیایی پێدەدرێت كە پەزەكانی پارێزراودەبن!.
  ئەوەی ئەگەری ئەم رۆڵەی توركیا لەناوچەكەدا زیاتر ساغدەكاتەوە، كەسایەتیی ترامپ خۆیەتی كە سەرسامە بە سەرۆكە(بەهێز)ەكان، لەوانە، سەرسامیی ترامپ بە سەرۆكی توركیاو پۆتین و تەنانەت كیم جۆن-یش كە هەموو دامەزراوەكانی دەوڵەتەكانی خۆیانیان لەژێر كۆنترۆڵدایە. ترامپ تەنانەت بەرەنگاری ئەو سزایانەش بووەوە كە خرانەسەر توركیا لەبەرامبەر كڕینی سیستەمی بەرگریی ئێس 400ی روسی. كەمترین باجیشی خستۆتەسەر توركیا كە تەنها 10 %یە. ئەم هەڵوێستە، پێرێ ئەردۆغانی والێكرد لەبەردەم پەرلەمانتارانی پارتەكەیدا بڵێ ئەوە جۆرێكە لەئیستسناكردنی توركیا لەو باجە قورسانەی كە ترامپ لەجەنگە بازرگانییەكەیدا خستونیەتییە سەر وڵاتان. جیا لەوە، ترامپ تەنانەت نایەوێت، لەسەر ئاستی كەسییش، زیان بەكارە بازرگانییەكانی بگات، چونكە بەرژەوەندییەكی زۆری لەتوركیادا هەیە، لەوانە تاوەرەكانی ترامپ لە ئەستەنبول و بزنسی تریش.   


‌‌[email protected]


وتارەکانی نوسەر