(7)
لەسەر پێشنیازی سەرنووسەر بابەتی گۆشەی هەناسە لە راڤەی کتێبی یۆگا سوتراکانەوە بۆ هەرجارەو راهێنانێکی یۆگا دەگۆڕم، هەموو جارێک دەبوو یەک بابەت ببێ بە چەند ئەڵقەیەك، ئەوەش خوێنەری گۆشەکەی لەم سەردەمی (هەڵێ مەڵێ)یەدا لانیکەم حەفتەیەک لە چاوەڕوانیدا دەهێشتەوە، بەڵام ناوە ناوە راڤەی یەکێک لە سوتراکانیش کە بەردەوامم لەسەری پاشان بە کتێب بڵاو دەبێتەوە، لە لاپەڕە 11 دا بڵاو دەکەینەوە.
لە یۆگادا شەش راهێنانی خاوێنکردنەوەی دەرەوە و ناوەوەی جەستە هەن پێیان دەگوترێ (شات کارما)، وشەی سانسکریتی (شات) یانی شەش و وشەی (کارما) یانی کار و کردار، بە یەکەوە یانی شەش راهێنانی کرداریی. لەو شەش راهێنانە یەکێکیان پێی دەگوترێ (جالا نیتی)، ئەمەشیان یانی رۆیشتنی ئاو بە کونەکانی لووتدا، بە کورتی شۆردنەوەی کونە لووت. راهێنانی شۆردنەوەی کونە لووت لە وەرزی سەرما یان لە کاتی بڵاوبوونەوەی درم و پەتادا زۆر بەسوودە، ئەگەر کەسێک حەفتەی یەک بۆ سێ جار بیکات زۆر بەدەگمەن تووشی پەتا و هەڵامەت دەبێ، ئەگەریش تووش بوو بیکا پەتاکەی زۆر سووکەڵە دەکا و یارمەتی دەدا زووتر تێیپەڕێنێ. ئەم راهێنانە وەک لە ماڵی یۆگای هەناسەش ئەزموونکراوە کاریگەریی زۆر باشی لەسەر کێشەی جیوب و گیرانی کونە لووت و هەستیاریی وەرزيی و ژانەسەر و...هتد هەیە.
بۆ ئەم راهێنانە پێویستت بە دوو پەرداخ ئاوی شلەتێن و دە گرام خوێی بێ یۆد (خوێی هیمالایا) و قۆری تایبەتی راهێنان هەیە. قۆرییەکە پڕ دەکەی لە ئاوەکە و لە حاڵەتی هەڵتووتەکاندا دادەنیشی، لوولەی قۆرییەکە بە یەکێک لە کونەکانی لووتەوە دەنێی و سەرت لار دەکەیتەوە، دەمت دەکەیتەوە و بە ئارامی قۆرییەکە بەرز دەکەیتەوە، ئاوەکە بە ئاسانی لە کونەکەی دیکەوە دێتەوە دەرەوە، بەردەوام دەبی تا ئاوەکە تەواو دەبێ، پاشان سەر بەرەو پێشەوە دادەنوێنی فنك دەکەی، دوای ئەوە بە لاکەی تر دووبارەی دەکەیتەوە. دوای ئەوە هەڵدەستیتە سەر پێ و بە ئارامی بەرەو پێشەوە دەچەمیتەوە و هەرچی ئاو لە کونەکانی لووت و لە کۆنکا و سینۆسەکاندا مابێ دەریدەدەیتە دەرەوە، دوایی پشتت رێک دەکەیتەوە و لە رێگەی هەناسە هەڵمژین و دانەوەی خێراوە کونە لووت وشک دەکەیتەوە، ئەم وشککردنەوەیە هەر دەبێ بکەیت. بەمشێوەیە کونەکانی لووت دەکرێنەوە و هەناسە هەڵمژینت خۆش دەبێ و هەرچی ڤایرۆس و میکرۆبی زیانبەخش لە سینۆسەکان و لەسەر جیوبەکاندا هەبێ دەشۆردرێنەوە و نامێنن.