( کوردستانی نوێ ) م چۆن ناسی؟

11:42 - 2025-01-12
مەحمود شێرزاد
49 خوێندراوەتەوە

من ناوم (مەحمود شێرزاد)ە، ساڵی (1975) لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری شاری مەهاباد، لە گوندێکی خنجیلانەدا بە ناوی خاتوونباغ لەدایکبووم، ئێستا (50) ساڵم، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە لەم (50) ساڵەدا، بە ژیان و کار و کردەوە، بووم بە کوردێکی بەر و پشت ئەتڵەس، نیوەم رۆژهەڵاتییە و نیوەکەی دیکەم باشوورییە. لەم (50) ساڵەدا، (24) ساڵی لە رۆژهەڵات و (26) ساڵی لە باشووری کوردستان ژیاوم، واتە تەمەنی بەسوودم لە باشوور و بەگشتی لە خزمەتی کوردەواری و باشووردا بەکارهێناوە. 

هەمیشە لێپرسراوانی راگەیاندنی ی.ن.ك و سەرنووسەرانی رۆژنامەی (کوردستانی نوێ)، گرنگی زۆریان بە پارچەکانی دیکەی کوردستان و بەتایبەتی و رۆژهەڵاتی کوردستان داوە و  ئێستا هەموو پارچەکانی کوردستان لاپەڕەی هەفتانەی تایبەتییان هەیە

منیش لەسەر ئەو باوەڕەم، تاکی کورد بکەوێتە هەر پارچەیەکی دیکەی کوردستان، هاوکات و هاوتەریب لەگەڵ ئەو بەشەی کە خۆی لێی لەدایکبووە، دەبێ خزمەتی ئەو بەشەش بکات کە لێی دانیشتووە و لەوێشەوە خزمەتی هەموو کوردستان بکات. منیش وەک تاکێکی ئاسایی هەوڵمداوە، خاکەڕایانە و ئەوەندەی لەدەستم هاتووە، بە دڵ و بە گیان، خزمەتی کوردەواریی بکەم و ئێستاش بەردەوامم، ئەوەش (هێمن) گوتەنی: «بۆ دڵ و ئەشقی خۆمی دەکەم و چاوەڕوانیم لە کەس نییە تا دەستخۆشی و ئافەرینم پێ بڵێ». لەوەش گرنگتر، هەر بەمشێوەیە بەردەوام دەبم، وەک (هێمن) دەڵێ: «هەتاکو دوا پشوو رێبواری رێگەی ئەشق و ئازادییم ئەگەر بێجگە لە ناکامیش نەبینم بەرهەمێکی تر» یان: «رێگە دەبڕم، کوانێ هەنگاوم شلە - راستە بێ هێزم، دەکەم ئەمما ملە».

یەکەم دیدارم لەگەڵ (کوردستانێ نوێ) دا
چۆن لەگەڵ رۆژنامەی (کوردستانی نوێ) ئاشنابووم؟ ساڵی 1997 بوو، 25 ساڵم تەمەن بوو، حەزم زۆر لە ئەدەبی کوردی و زمانی کوردی بوو، ئەوکات لە کتێبەکانی هێمن و هەژار و گۆڤاری سروەوە، فێری کوردیی نووسین و کوردی خوێندنەوە ببووم. رۆژێک مامۆستای ئاینیی ئاوایی، کە پیاوێکی نیشتمانپەروەر و ئەدەب دۆست بوو، بانگی کردم، بە سرتەوە گوتی: «وەرە با چینە ماڵەوە، چووین، لە ژوورەوە دوو ژمارەی رۆژنامەی (کوردستانی نوێ) ی لەژێر کتێبەکانی هێنایە دەرەوە و پێیدام و وتی ئەوە رۆژنامەی (کوردستانی نوێ) یە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەریدەکات، بیخەرە ژێر کۆتەکەتەوە با خەڵک نەیبینن و دوای خوێندنەوە بۆم بهێنەرەوە. منیش زۆر بە خۆشحاڵییەوە لێم وەرگرت. نازانم لە خۆشیان بە کوێدا و چۆن گەیشتمەوە ماڵەوە، بەهەرحاڵ کەش و هەوای کوردایەتی ئەو کات و تەمەنی ئەو کاتی من ئەوەی هەڵدەگرت. هەر ئەوکات زۆر بە گەرم و گوڕی دەستم بە خوێندنەوەیان کرد، دوو هەفتە لەلام بوون، لەو دوو هەفتەیەدا هەر کامەیانم چەند جارێک خوێندەوە، ئێستا کە دەچمەوە کەش و هەوای ئەوکات، دەتوانم بڵێم دڵداریم لەگەڵ کردن، دیارە ئەو کات ئێمەی گەنج لە رۆژهەڵاتی کوردستان، هەر بڵاوکراوەیەکی باشوورمان دەستکەوتبایە هەستمان بۆی وا بوو، نازانم گەنجان و نیشتمانپەروەرانی ئێستای دیوی کوێستانێی کوردستان، هەر وەک ئەو کاتی ئێمەن یان حزبایەتی و ململانێی حزبەکان و زۆریی راگەیاندن و بڵاوکراوەکان و بەردەستبوونیان، شتەکەی لەلا ئاسایی کردوونەتەوە و لەو هەستە خۆشە بێ بەشی کردوون یان نا؟!  
رۆژ هات و رۆژ رۆیی، (کوردستانی نوێ)م نەبینییەووە، ساڵی (2001) بووم بە پێشمەرگە و ئەندامی دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی (کوردستان)، کە کۆمیتەی ناوەندیی (حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران) دەریدەکرد، لەوێ جارێکی تر چاوم بە دیداری رۆژنامەی (کوردستانی نوێ) و هەموو رۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوە کوردییەکانی باشوور گەش بووەوە، هەموویانمان بۆ دەهات و ئێمەش لەگەڵ هاوڕێیانم بە گرنگییەوە دەمانخوێندنەوە.
ساڵی (2010) بوو، رۆژێک لەسەر پلیکانەکانی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دانیشتبووم، نیوەڕۆ بوو، خۆم لەبەر تیشکی کزی خۆری زستان هەڵخستبوو، دەبیرەوە رۆچووبووم، ئەندامی دەستەی نووسەرانی رۆژنامەکە و سەرپەرشتیاری دووتوێی (پاشکۆ)ی کاکێشان بووم، لەپڕ یەکەم دیدارم لەگەڵ رۆژنامەی کوردستانی نوێ وەبیر هاتەوە، کە چۆن ئەو (مەلا) ئازیزە ئەو دوو ژمارەیەی پێدام و منیش چۆن دوو هەفتە لەگەڵیان دڵداریم کرد، هەستەکان و رووداوەکان لە بەشی (بادامۆک)ی مێشکدا تۆمار دەبن و کاتێ وەبیرت دێنەوە وەک ئەوکات هەستیان پێدەکەیتەوە، منیش رێک هەستم بە هەمان هەستی ئەوکات کردەوە. 
لەڕاستیدا رۆژگارێک بەدەستهێنانی ژمارەیەکی رۆژنامەکە و سەرجەم بڵاوکراوەکانی باشوور، لەو بێ ئیمکاناتییەی ئەو کاتدا، بۆ ئێمەی گەنجانی نیشتیمانپەروەری رۆژهەڵات، خەون و خەیاڵێکی هەندێجار مەحاڵ بوو، چ جای ئەوەی لە نزیکەوە بارەگا و سەرنووسەر و ستافی رۆژنامەکە ببینیت، کەچی ئێستا من بە رەسمی ئەندامی دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی (کوردستانی نوێ)م، بەم بۆنەیەوە زۆر خۆشحاڵ بووم و زیاتر لە بیرەوە رۆچووم، ژیانی هەرکەس رەنگدانەوەی ئەشق و بیرکردنەوەکانی خۆیەتی.

پاشکۆی کاکیشان و رۆژهەڵاتی کوردستان
لە کۆتاییەکانی ساڵی (2009)دا لە رۆژنامەی کوردستانی نوێدا دامەزرام، ساڵی (2010) بووم بە سەرپەرشتیاری دووتۆیی (کاکێشان) و ئەندامی دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی (کوردستانی نوێ). پاشکۆی کاکێشان، پاشکۆیەکی فیکری بوو، گرنگیی بە زانستە مرۆییەکان دەدا. ئەوکات بە تەواوی دەمزانی و دەمبینی، کە رۆژنامەکە لەناو نووسەران و ئەدەیبان و خوێنەرانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا پێگەیەکی باشی هەیە، هەم خۆیانم دەبینی کە دەهاتن سەردانی رۆژنامەکەیان دەکرد، هەم بابەتیانم لە رۆژنامەکەدا دەبینی، بەتایبەتی لە پاشکۆی (ئەدەب و هونەر) دا، ئەم پاشکۆیە ئێستاش بەردەوامە و شاعیر و رۆژنامەنووسی دیار، خاتوو (کەژاڵ ئەحمەد) سەرپەرشتیارێتی، ئەم دووتووێیە لەناو ئەدیب و نووسەرانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا پێگەیەکی باشی هەبوو، زۆربەیان دەق و نووسینەکانیان لەم پاشکۆیەدا بڵاو دەکردەوە، هاوکات نووسەرانی فیکری و سیاسیش بابەت و نووسینەکانیان بۆ (کوردستانی نوێ) دەنارد، من خۆم یەکەم بابەتم لە رۆژنامەی کوردستانی نوێدا ساڵی (2007) لە بەشی فیکر و فەلسەفەدا بڵاوبووەوە.
دوای ئەوەی پاشکۆی (کاکێشان) دەستیپێکرد، کۆمەڵێک نووسەر و وەرگێڕی زۆر دیاری رۆژهەڵاتی کوردستان هەم لەلایەن ئێمەوە، بەتایبەتی لەژێر پێشنیازی کاک ئازاد جوندیانی، کە ئەوکات لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو هەروەها کاک ستران عەبدوڵڵا، کە ئەوکات سەرنووسەری رۆژنامەکە بوون، پەیوەندییان پێوە دەگیرا، هەم هەندێکیشیان پەیوەندییان پێوە دەگرتین تا لە رۆژنامەکە و لەم پاشکۆیەدا نووسین و وەرگێڕانەکانیان بڵاوبکرێتەوە. ئەوەی تائێستا بۆ من جێگەی سەرنجە، هەمیشە لێپرسراوانی مەکتەبی راگەیاندن و سەرنووسەرانی رۆژنامەی (کوردستانی نوێ)، گرنگیان زۆر بە پارچەکانی دیکەی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان داوە، هەر ئێستا بە بڕیاری سەرنووسەری رۆژنامەکە، د.عەدالەت عەبدوڵڵا، هەموو پارچەکانی کوردستان لە رۆژنامەکەدا لاپەڕەی هەفتانەی تایبەتییان هەیە، واتە هەمیشە پارچەکانی دیکەیان لەبیربووە، هەوڵیانداوە رۆژنامەکە زیاتر کوردستانی بێ، نەک حزبی و باشووریی، هاوکات لە باشووریش بە ئێستاشەوە هەوڵدەدەن، رۆژنامەکە زیاتر رۆژنامەی خەڵک و کێشەکانی خەڵک بێت، نەک رۆژنامەی حزب و کێشەکانی حزب و حزبەکان بێ، هەر ئەوەش دروستە، چونکە حزبەکە خۆی بۆ خزمەتی خاک و خەڵکی کوردستان دامەزراوە و تێکۆشاوە، کەواتە دەبێ راگەیاندنەکانی سەرەتا لە خەمی خاک و خەڵکی کوردستاندا بن ئینجا حزبەکە.
جگە لەوەی لەسەرەوە باسم کرد، خاڵێکی دیکەی سەرنجڕاکێش ئەوەیە، رۆژنامەکە و بەشەکانی دیکەی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان هەمیشە کارمەندی پارچەکانی دیکەی کوردستان و بەتایبەتی رۆژهەڵاتی کوردستانی زۆر تێدا بووە و زۆریان گرنگی بە رۆژنامەنووسانی پارچەکانی دیکە داوە، لەبەشە جیاجیاکاندا دایانمەزراندوون، هیوادارم ئەم رەوتە هەر بەردەوام بێت. هاوکات ئێمەی رۆژهەڵاتی و بەشەکانی دیکەی کوردستان دەبێ ئەوە بزانین، راستە باشووریش وڵاتی خۆمانە، بەڵام دەبێ لە باشوور و لە راگەیاندنەکانی باشووردا کوردایەتی بکەین و هەرگیز نەچینە ناو ململانێ حزبی و سیاسییەکانی باشوورەوە.
 خۆزگە هەندێ لە رۆژنامەنووس و راگەیاندنکارەکانی باشووریش بەو دیدەوە کاریان کردبایە، بەهەرحاڵ ئەگەر ئێمە کارێکی باشمان لەدەست هات با بکەین، ئەگەریش لەدەستمان نەهات، بە بێدەنگی کاری خۆمان بکەین و کارێک نەکەین پەرە بە ناکۆکییەکان بدەین. 
بۆ کورد، هیچ شتێک لەوە گرنگتر نییە کوردانە بیربکاتەوە و لەپێناو هیچ شتێکدا کارێک نەکات یەکگرتوویی ناوماڵی کورد تێکبچێت. 
لە کۆتاییدا بە بۆنەی 33 ساڵەی تەمەنی رۆژنامەی کوردستانی نوێ - وە، دەستخۆشی و پیرۆزبایی لە هەموولایەک و لە خۆمان دەکەم و بەو ئاواتەی زیاتر خزمەت بکەین و زیاتر سەربکەوین.

وتارەکانی نوسەر