لەتیف نێروەیی*
هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و جەماوەری كەركوك بەجۆرێك ئاوێتەی یەكتر بوون، كە بوونەتە قەڵایەكی پۆڵاینی هاوبەش بۆ بەرگریكردن و پاراستنی ناسنامەی كوردستانیبوونی شارەكە، ئاوێتەبوونێك كە لە سەختترین دۆخ و دژوارترین قۆناغدا هەمیشە جەماوەری شارەكە هێزی بە یەكێتی بەخشیوە، یەكێتیش ئیرادەی بە جەماوەری كەركوك بەخشیوە. هەردووكیشیان هێز و ئیرادەیان لە كەركوك وەرگرتووە.
هاوتەریب لەگەڵ مێژووی دروستبوونی ئەو ئاوێتەبوونە و تاوەكو ئێستا، كە گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراقە، بە بەردەوامی قەڵا پۆڵاینەكەی كەركوك بە شێوازی جۆراوجۆر، هەروەها لە شوێنی جیاجیاوە، بە دژواری تیرباران دەكرێت. تیرهاوێژەكان بە خەیاڵی خۆیان دەتوانن قەڵاكە بڕوخێنن و یەكێتی و جەماوەری كەركوك لە یەكتر داببڕن.
-بەشێك لە تیرهاوێژەكان، كە هەڵگری بیری توندڕەوی و رەگەزپەرستین، تیرەكانیان ژەهراوین و هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای قەڵاكەیان داوە و دەدەن.
-بەشێكی دیكە لە تیرهاوێژەكان، بە بەرگێكی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە، بەڵام بۆ مەرامێكی بەرژەوەندیی بەرتەسكی حزبییەوە، هەوڵی رووخاندنی قەڵا پۆڵاینەكەی كەركوك (یەكێتی و جەماوەری شارەكە) دەدەن، بۆ ئەو مەبەستە سیناریۆی سەیر و سەمەرەیان داڕشتووە، تاوەكو بە خەیاڵی خۆیان بتوانن یەكێتی، لەبەرچاوی جەماوەری كوردستان، بەتایبەتی لەبەرچاوی جەماوەری كەركوك، ناشیرین بكەن.
-بەشێكی دیكەی تیرهاوێژەكان ئەو لایەنانەن، كە لە بەرامبەر دەستكەوتێكی ماددی، بڕیاری دەرەوەی ئیرادەی خۆیان جێبەجێ دەكەن.
هەموو تیرهاوێژەكان ئامانجێكی هاوبەشیان هەیە، ئەویش رووخاندنی قەڵاكەیە، دواجار نەك نەیانتوانی تاكە بەردێكی قەڵاكە لەق بكەن، بەڵكو ئەوەندە ماندوو و شەكەت بوون، كە تیرەكانیان بڕی شورای قەڵای بەهێزی كوردایەتی ناكەن. هۆكاری ئەوەش بۆ سیاسەتی دروست و بەرپرسیارانە و نیشتمانیی یەكێتی، پشوودرێژی و پشتبەستن بە جەماوەر و دانبەخۆداگرتن و گوێنەدان بەو هەموو ناوزڕاندن و تۆمەتانەی، كە رووبەڕووی یەكێتی دەكرانەوە دەگەڕێتەوە، هەروەك بۆ پلانی ستراتیژی و نەگۆڕی یەكێتی دەگەڕێتەوە، كە بۆ ئێستا و ئایندەی كەركوك دایڕشتووە. ئێستاش لە گەرمەی بانگەشەكەدا، بەرچاوی جەماوەری كەركوك لە هەموو كاتێك روونترە، دەزانن كە دەنگدان بە كاندیدەكانی یەكێتی، دەنگدانە بە قەڵای كوردایەتی و تەنها لەو رێگایەشەوە دەنگەكانیان ئامانجی خۆیان دەپێكن و بەفیڕۆناچن. بۆیە هاووڵاتیانی شارەكە و تەنانەت كادر و ئەندامانی حزبە سیاسییەكانی دیكەی كوردستان بەو شێوازە فراوانە باوەش بۆ هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە، دەكەنەوە.
كەواتە با تیرهاوێژە شەكەتەكان، لە دوورەوە هەر خەریكی تیرهاویشتن بن، چونكە ئەوان لەو كەسە شەكەتە دەچن، كە بە شەكەتی خەنجەر لە (كا) دەدات. یەكێتییەكانیش بە پشتیوانیی جەماوەری شارەكە، وەك هەمیشە پشت لە تیرهاوێژەكان دەكەن و خۆیان بۆ رۆژی هەڵبژاردن و بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ ئامادەدەكەن، بۆ ئەوەی ئاهەنگی سەركەوتن و وەرگرتنەوەی دەسەڵات و كۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی خۆسەپێن، بگێڕن.
*ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان