مام جەلال هەمیشە رێنمایی میدیاكارانی یەكێتی دەكرد كە تا لە ژیاندا ماوە نابێ هیچ هەڤاڵێك وەڵامی ئەو رەخنانە بداتەوە كە لە (مام)ی دەگرن و رایدەگەیاند: ئەگەر رەخنەكان راستن، من سوپاسیان دەكەم و هەڵەكانی خۆم راستدەكەمەوە، ئەگەر ناڕاست بن، خۆم هەڵەكانیان بۆ راستدەكەمەوە
كاكە حەمە، ئەو سەركردە دیار و خاكی و مەیدانیەی كورد، كە بە رووخسار ماندوو، بەڵام ماندوونەناس لە درێژەدان و بەردەوامبوون لەسەر خەباتكردن بەهەمان رۆحیەتی سەردەمی خەباتی سەرەتاكانی شۆڕشی نوێ، خاوەن هەڵوێست و دووربین بەرامبەر بە پێشهات و رووداوەكانی پەیوەست بە دۆزی گەلی كوردستان، هەروەك ئازا و بوێر لە گێڕانەوەی رووداوە مێژووییەكانی وێستگە جیاوازەكانی سەردەمی شۆڕشی نوێ و پەردەلادان لەسەر هەندێ مەشهەدی مێژوویی، كە لەناو تارمایی (را) جیاوازەكاندا خۆیان مەڵاسداوە و بەلێڵی دەکەونە بەرچاو .
گێڕانەوەی ئەو رووداوە مێژووییانە وەكو بەشێك لە مێژووی گەلەكەمان گرنگیی خۆی هەیە، بەتایبەتی بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، چونكە نیوەی دووەمی ساڵانی حەفتاكانی سەدەی رابردوو بۆ خەباتی نهێنی و پێشمەرگایەتی و كاری حزبی لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتیش زۆر سەخت و دژوار بوو، بۆیە كۆكردنەوە و رێكخستنەوە و تۆماركردنی مێژووی ئەو سەردەمەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش سەخت بوو، لەبەر ئەم هۆكارانە:
ـ دابڕانێكی راستەوخۆ لەنێوان هەڤاڵانی رێكخستنی نهێنی ناو شار و هەڤاڵانی دەرەوەی وڵات لە سوریا و ئێران و وڵاتانی ئەوروپا.
ـ نەبوونی پەیوەندییەكی راستەوخۆ لەنێوان هێزی پێشمەرگەی ناوخۆی وڵات و سوریا.
ـ نەبوونی ئامرازی پەیوەندیكردن لەنێوان رێكخستنە نهێنییەكان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ناوخۆ و لە سوریا.
ـ نەبوونی تیمێكی پسپۆڕی تایبەت بە كۆكردنەوەی سەرجەم بەڵگەنامە و زانیارییەكانی ئەو سەردەمە، بۆیە بۆ نووسینەوەی مێژووی ئەو قۆناغەی خەباتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەمیشە بەركەوتن و رای جیاوازی لێدەكەوێتەوە و هەندێجار وەڵام و وەڵامدانەوە و رەخنە لە یەكتر گرتن لەنێوان بەشێك لە هەڤاڵانی هەمان دەڤەر دێنێتە كایەوە بەتایبەتی کاتێ تێکۆشەرانی ئەو سەردەمە بیرەوەرییەکانی خۆیان دەنووسنەوە، دوا نموونە بڵاوبوونەوەی بیرەوەرییەكانی هەڤاڵ د.فوئاد مەعسوم ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە كە مشتومڕ و رەخنە و وەڵامدانەوەی لێكەوتەوە و هەندێ پرس و رووداوی ئەو سەردەمە لەسەر رایەكی یەكگرتووی رۆشن یەكلا نەكراونەتەوە، ئەمەش پێویستی بە لایەنی سێیەم و هەندێ بەڵگەنامە و شایەدحاڵی دیكە هەیە. یەكێك لەو شایەدحاڵانە بەڕێز محەمەدی حاجی مەحمودە کە لەو قۆناغەدا كارەكتەرێكی دیاری شۆڕشی نوێ و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە و بەشێكی مێژووی یەكێتی لە هزر و بیرەوەرییەكانی كاكە حەمەدا رەنگی داوەتەوە و لە مەراسیم و بۆنە و دیدارە میدیاییەكاندا بە ئەمانەتەوە باسیان دەكات و هەندێ لەو پرسانەی كە تەمومژاوین رۆشندەكاتەوە، ئەوەی كە مایەی خۆشحاڵییە، كاكە حەمە هەمیشە شانازی بەو مێژوویەوە دەكات و زۆریش وەفادارە بەرامبەر هەڤاڵ و هاوڕێ و هاوسەنگەرانی ئەو سەردەمەی خەباتی سەخت و دژوار بەتایبەتی بەرامبەر بە هەڤاڵ مام جەلال و لە هەموو مەراسیم و چالاكییە جۆراوجۆرەكانی تایبەت بە مێژووی ئەو قۆناغە، كاكە حەمە هەم حزوری هەیە و هەمیش لە پەیامێكدا كۆمەڵێك پرس و بابەت و بیرەوەری باس دەكات كە بەشێكی گرنگی مێژووی یەكێتی و هەڤاڵ مام جەلال و پێشتر باسنەكراون و بە گێڕانەوەی ئەو بیرەوەرییانە هەندێ پرس یەكلادەكرێنەوە كە پێشتر رای جیاوازی لەسەر هەبووە.
دوا پەیامی كاكە حەمە کە تایبەت بوو بە قسەکردن و گێرانەوەی مێژوو بیرەوەرییەکانی سەرۆک مام جەلال و لە مەراسیمی ناساندن و دابەشكردنی كتێبی (ساڵانی ئاگر و بەفر، یادەوەرییەکانی جەلال تاڵەبانی)دا پێشکەشكرا و لەو مەراسیمەدا کە لەلایەن ئینستیتتوتی نارین رێکخرابوو، كتێبەكە لەلایەن رۆژنامەنووسێكی عەرەبەوە نووسراوە و وتارەكەش لەلایەن سكرتێری حزبێكی دیكەی سیاسییەوە (كاكە حەمە)وە بۆ ماوەی (20) دەقیقە لەسەر خەبات و مێژووی سەرۆك مام جەلال پێشكەشكرا، ئەمەیە كە دەڵێن مام جەلال تەنها موڵكی یەكێتی نییە، هەروەك مێژووی مام جەلالیش تەنها لەلای یەكێتییەكان نییە.
ساڵی پاریش كاکە حەمە لە دیدارێکی راشكاوانەی تەلەفزیۆنیدا کە لەناو باڵۆنێکدا و لە ئاسمانی سلێمانییەوە لەسەر پرسە مێژووییەکان لەگەڵیدا ئەنجامدرا، زۆر بەڕاشكاوانە و بە بەڵگەوە ئەو تۆمەتەی رەتکردەوە کە لەلایەن هەندێ لایەنەوە بۆ مەرامێکی سیاسی و کۆکردنەوەی دەنگ دەخرایە پاڵ یەکێتی، گوایە فەرماندەیەکی یەکێتی دەستی هەبووە لە شکاندن و تاڵانکردنی بانکی هەڵەبجەدا و رەنگە ئەو تۆمەتانە کاریگەری لەسەر هەندێ هەڤاڵی یەکێتیش دروستکردبێت. کاکە حەمە وتی «ئەو تۆمەتانە راست نین و کاتی خۆی یەکسەر بەدواداچوونم بۆ ئەو پرسەکردووە و هیچ فەرماندەیەکی یەکێتی دەستی نەبووە لە شكاندن و تاڵانکردنی بانکی هەڵەبجەدا و ئەو کارە لەلایەن فەرماندەیەکی ئێرانییەوە ئەنجامدراوە و ئێستاش لەژیاندا ماوە». یەکلاکردنەوەی ئەم پرسە مێژووییانە زۆر گرنگن کە لەلایەن سەرکردەیەکی باڵای حزبێکی غەیری یەکێتییەوە یەکلادەکرێنەوە.
مام جەلال هەمیشە رێنمایی میدیاكارانی یەكێتی دەكرد كە تا لە ژیاندا ماوە نابێ هیچ هەڤاڵێك وەڵامی ئەو رەخنانە بداتەوە كە لە (مام)ی دەگرن و رایدەگەیاند: ئەگەر رەخنەكان راستن، من سوپاسیان دەكەم و هەڵەكانی خۆم راستدەكەمەوە، ئەگەر ناڕاست بن، خۆم هەڵەكانیان بۆ راستدەكەمەوە. كەی لە ژیاندا نەمام ئەوكاتە وەڵامی رەخنەكان بدەنەوە، ئەوەی لە كۆتا پەیامدا دەمەوێ بیڵێم ئەوەیە كە لەگەڵ جێبەجێكردنی ئامۆژگارییەكانی مام جەلال ئەركی قەڵەم بەدەستەكانی یەكێتییە كە لەبەرامبەر پەیامە مێژوویی و پڕ نرخەكانی هاوڕێ و هاوسەنگەرانی سەرۆك مام جەلال كورتە پەیڤێك بنووسین و بە كەسانی وەكو كاكە حەمە بڵێین وەكو یەكێتییەكان زۆر خۆشحاڵین بە گێڕانەوەی بەشێك لە مێژوو و بیرەوەرییەكانی هەڤاڵ مام جەلال.