تەمەنت هەر چۆنێك بێت و ژیان هەرچی پێ بەخشیبیت، هەوڵبدە خۆت بیت، هیچ كات هەوڵمەدە كەسانی تر كاریگەریت بخەنە سەر و رەفتارەكانت بگۆڕن، هیچ كاتێك لێمەگەڕێ رەفتاری خراپی كەسانی تر ببنە ناسنامەی رەفتاری تۆ، چونكە ئەمە وات لێدەكات ناخت پڕ بێت لە رق و كینە، لە كاتێكدا ناخی تۆ بۆ هەستی جوان و مرۆڤانە دروست بووە، نەك بۆ كاردانەوەی رەفتاری كەسانی تر.
هیچ كاتێك ئەو رەفتارانە دووبارە مەكەرەوە كە لە خەڵكی تردا بە باشیان نازانیت، بەڵكو هەمیشە ئاوێنەیەك بە وێنەی جوانی ناخت پەخش بكە، ئاوێنەیەك بە و هەستی باش ئاڕاستەی كەسانی تر بكە، هەمیشە بوونی خۆت بسەلمێنە.
هەموو كات كەسێكی كاریگەر بە، چونكە كاریگەریی هێز و ئیرادەت پێ دەبەخشێت، هیچ كات كارتێكراو مەبە، چونكە ئەوە بێهێزیی و لاوازیت دەسەلمێنێت.
كاتێك خۆت دەبیت، واتە نرخ و بەهات بۆ خۆت داناوە، كەسێك نەتوانێت خۆی بێت چۆن دەتوانێت وا لەخەڵكی بكات وەك خۆی پەسەندی بكەن؟ یەكەم هەنگاوی خودبوونیش خۆناسینە، كاتێك رەفتاری باشی خۆت نمایش دەكەیت و گوێ بە خراپە و رەفتار و قسەی ناڕەوای خەڵكی تر نادەیت كە بەرامبەرت دەینوێنن، ئەوا نرخی راستەقینەی خۆت نمایش دەكەیت.
سەنگ و بەهای خۆت بەندە بە رەفتار و گوفتار و ئاكاری خۆتەوە، سەنگ و بەهای كەسانیتریش پەیوەستە بە بوونی خۆیانەوە كە چۆن نمایشی كەسایەتی خۆیان دەكەن.
خود مەزنێتی كاتێك بەدی دێت كە بتوانیت هەستە خراپەكانی خۆت بخەیتە ژێر هەژموونی خۆتەوە و نەهێڵیت لە رەفتار و قسەكانتدا رەنگ بداتەوە، ئەگەرچی رەفتاری كەسانی تر خراپ و برینداركەریش بن بەرامبەرت، ئەو كاتیش تۆ وەك خۆت رەفتار دەكەیت و كەسانی تریش وەك خۆیان، تۆ خودی خۆت دەبیت و كەسانی تریش خودی خۆیان.
چەند مەزنن ئەوانەی لەبەرامبەر نیگای پڕ لە تووڕەیی كەسانی تر خەندە دەبەخشن، ئەوانەی لە بەرامبەر قسەی پڕ ژەهری كەسانی تر هەنگوین لە دەمیان دەبارێت، هەمیشە ئەوانە براوەی ژیانن كە خۆیانن و وەك خۆیان رەفتار دەكەن.