دەستی کار بخرێنە کار

08:57 - 2022-05-01
کەنار قاسم
603 خوێندراوەتەوە

رێژەیەکی زۆر لە مووچەخۆر بە بێ کار  لەناو وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێم ماونەتەوە و سوود لە دەستی کاریان وەرناگیرێت.
 بە نموونە، وەزارەتی شارەوانی، ژمارەیەکی زۆر کەسی وەک کرێکار هەیە، جگە لە فەرمانبەران بۆ کاری ئیداریی، پێویستە ئەم کرێکارانە بەکاربهێندرێن بۆ بەشداری پێکردن لە پرۆژە ئاوەدانییەکاندا.
بۆ نموونە ئەگەر شارەوانی بیەوێت جادەیەک بۆ گوندێکی دوورەدەست لێبدات، دەبێت هەموو ئەو ئامێر و کەرەستە و دەستی کارانە بخاتە کار کە وەک مووچەخۆر دایمەزراندون. 
کەوابوو تەنها ئەو شتانەی پێویست دەبێت کە لە ژێر دەسەڵاتی بەڕیوەبەرایەتییەکەی خۆیاندا نییە، وەک قیر یان مەنهۆڵ و چیمەنتۆ و شتی دیکە. 
لەم حاڵەتەدا پارەی تێچوو بۆ ئەو جادەیە تەنها نرخی کەرەستەکان دەبێت و دەستی کارەکەش ئەو مووچە خۆرانە دەبن کە سەر بە شارەوانین و پلەیان کرێکارە، ئامێرەکانیش هەر ئەو ئامێرانە دەبن کە تایبەتن بە شارەوانی. تا ئێستا جگە لەوەی لەناو گەڕەکەکانی شاردا سەدان کیلۆمەتر کۆڵانی قیرنەکراو، بێ ئاوەڕۆ و زێراب هەیە، هەزاران کیلۆمەتریش نێوانی دێهاتەکان و شارۆچکەکان بە خراپی و پڕ لە چاڵ و چۆڵی ماونەتەوە، بەتایبەت لەکاتی باران بارین و بەفردا بۆ چەند رۆژ دادەخرێن. 
ناو شەقامەکانی شار و شارۆچکەکان پڕاوپڕ نین لە دانانی هێماکان و فسفۆڕ بۆ شەوانە و دیاریی نەکردنی ئەو تاسە گەورانەی کە هەن و دەبێت بە رەنگی سپی وریاکەرەوە نیشانە بکرێن.
شارەوانییەکان بە هاوکاری لەگەڵ فەرمانگەکانی ئاوەدانکردنەوە و هەموو ئەوانی دیکەی کە پەیوەندیدارن، تواناکانی خۆیان پێش کۆمپانیاکان بخەنەگەڕ و دەستی ئەو کرێکارانە بەکاربهێنن کە مووچەخۆرن، جادە بۆ گوندەکان لێبدەن و ئەوەندەی لە توانایاندابێت جادە کۆنەکان نۆژەنبکەنەوە، با هەموو شت هەر کۆمپانیای تایبەت نەبێت و بەهەدەردانی پارە نەبێت. 
نەبوونی بودجەی پێویست، بۆتە گەورەترین بیانوو تەنانەت بۆ ئەو کۆمپانیایانەش کە خۆیان ئیفلاسیان کردووە یان کەمتەرخەمن و پارەی پێویستیان لەبەردەستدا نییە، یان متمانەیان بە حکومەت نییە کە لەدوای تەواوبوون پارەکەیان دەداتێ، دەبێت ئەمە حزب چارەسەری بکات لەرێگەی نوێنەرەکانییەوە لە حکومەتدا.
یەکێتی، ئاسایشی خەڵک و ناوچەکەی بەهێزی متمانەپێکراو پاراستووە، کورسییەکانیشی لە پەرلەمانی کوردستان و پۆستەکانی لە حکومەتدا بە دەنگی خەڵک پاراستووە، چاکسازییەکانیش  بە یەکێتی کردویەتی و هەر بەو دەکرێت، بۆیە پێویستە هەنگاونانی بەرە و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی خەڵک لەپێش هەرشتێکی دیکەوە بنێت.  

وتارەکانی نوسەر