رەتکردنەوەی تاکڕەوی دەستیپێکرد

09:14 - 2022-05-01
هیوا محەمەد
669 خوێندراوەتەوە

ئەو رستەی سەرەوە وەڵامدانەوەی خەڵکە لەدوای کەڵەکە بوونی کۆمەڵێک کێشە و قەیران کە بە مانەوەیان لێرەوە گۆڕانکاریی خراپ دێنە پێش ئەگەر کاری جدی لەسەر نەکرێت. 
زۆرێک دەپرسن، بۆچی ئەوە ناکەن و بۆچی بێدەنگن؟ ئەگەر ئێوەش شەریک نین بۆچی رایناگەیەنن؟ ئەگەر رازی نین بۆچی سنوورێک بۆ ئەم هەموو پێشێلکارییە دانانێن؟ ئەگەر باوەڕتان بە هەڵبژاردن لەگەڵ ئەوان نییە بۆچی رەتی ناکەنەوە؟ ئەگەر لەپشت سەری ئێوەوە خۆیان بنیات دەنێن و پاشقولتان لێدەگرن بۆچی قبووڵی دەکەن؟
پێمان دەڵێن ئێوە کاتێک دێنە دەنگ کە گۆڵتان لێکراوە، ئێوە ئاوڕ لە خواستی خەڵک نادەنەوە، لەژێر دروشمی نەتەوەیی و پاراستنی ئەزموون و دەسکەوتی راپەڕین دەیان ساڵە بەرەو دواوەمان دەبەن، لەسایەی ئەو ئەزموونەدا شارەکانمان بێ ئاو و کارەبا و دەرمان و نەخۆشخانە و خزمەتگوزارییە حکومییەکانە.
ئەمانە هەموو ئەو پرسیار و گازندانەن کە رۆژانە دەیبیستین و بۆ زۆریشیان وەڵام دەدەینەوە ئەگەرچی خۆشمان لە هەندێکیاندا هاوڕایان دەبین.
دوا هەڵوێستی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی کە هەڵوێستی رەسمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەری کونسوڵ و سەفارەتەکانی هەندێک لە وڵاتان لە هەولێر رایگەیاند، ئەویش بە رێگەنەدان بە هیچ لایەنێک کە بیەوێت تاکڕەوانە بازرگانی بە غازی هەرێمەوە بکات و بە دەردی نەوتەکەی بەرێت، لەپاڵ ئەمەشدا داکۆکیکردنی لە خەڵک بە ئەرکی خۆی و یەکێتی زانی و راشی گەیاند کە سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنیش تێبینییان هەیە و دەبێت  هەموو ئەمانە لە چوارچێوەی خواستی تەنها حزبێک بهێننە دەر و رێگریی بکرێت لە ساختەکاریی هەڵبژاردن.

هەڵوێستی هەڤاڵ بافڵ، هەڵوێستی ئێمەی نووسەرانیشە کە دەمێکە لەرێگەی وتارەکانمانەوە دەریدەبڕین و گازندەکانی خەڵک باس دەکەین، خۆشبەختانە گوێمان لێدەگیرێت و ئەوە دەگیرێتەبەر کە ئێمە دەیخەینە روو

ئەم هەڵوێستە کە رای خەڵکی لایەنگری یەکێتی و دڵسۆزانی دەڤەری سەوزیشە، بووە مایەی دڵخۆشی خەڵک و پێشوازییان لێکردووە، بۆیە دەبێت بەدوایدا و بە بەردەوامی هەڵوێستی توند و کاریگەر بگیرێتەبەر تا پارتی لەکەلی شەیتان دێتە خوار و دەست لەم بەتاڵانبردنەی سامانە سروشتییەکان هەڵدەگرێت و هەوڵەکانی بۆ فراوانخوازیی و کوێخایەتی تاکڕەویی رادەگرێت.
هەڵوێستی هەڤاڵ بافڵ، هەڵوێستی ئێمەی نووسەرانیشە کە دەمێکە لەرێگەی وتارەکانمانەوە دەریدەبڕین و گازندەکانی خەڵک باس دەکەین، خۆشبەختانە گوێمان لێدەگیرێت و ئەوە دەگیرێتەبەر کە ئێمە دەیخەینە روو.
ئێستا یەکێتی ئەوەی خستۆتە روو کە خەڵک دەیەوێت، ئەوەش ماوە کە هەنگاوی جدی بگرێتەبەر بەر بۆ ئەوەی بە زووترین کات هەڵوێستەکانی بکاتە پراکتیک و جێبەجێی بکات، تا رێگریی بکات لە نیەتی فراوانخوازیی لەسەر حسابی پارە و مووچە و قووتی خەڵک و ئەو هەوڵانە تێک بشکێنێ کە بۆ خراپکردنی دۆخی سلێمانی و زۆنی سەوز بە گشتی دەدرێت.
یەکێتی بەتەنها خاوەنی رێکخستنی سیاسیی نییە، بەڵکو خاوەنی هێزێکی پتەوی پێشمەرگە و هێزە جۆراوجۆرەکانی دیکەیە کە دەیان ساڵە پابەندی ئەم حزبەن و ئارامیی و ئاساییشی خەڵک دەپارێزن، لە حاڵەتێکی وەهادا دەبێت هەر حزبێک لە هەرێمی کوردستان، بەبێ یەکێتی هیچ هەنگاوێک نەنێت و رۆڵ و هەژموونی  یەکێتی لەبەرچاو بگرێت
ئاگادارکردنەوە، یان هەڕەشە و ترساندن، دەبێت لەگەڵیدا هەنگاوی جێبەجێکردنی بنرێت، دەنا بەرامبەرەکە خراپ سوود لەهەلەکە وەردەگرێت و بە قازانجی دەشکێتەوە.
خەڵک چاوەڕوانی هەنگاوی دواییە، هەنگاوی بەدواداچوون و کاریگەریی هەڵوێستەکە، ئیتر خەڵک پێی وایە فریادڕەس پەیدا بووە و یەکێتی وەکو رابردوو دەبێتەوە سەنگەری داکۆکی لە مافی خەڵک و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان.
 لێرەشەوە پێویستە یەکێتی نەچێتە هەڵبژاردنێکەوە تا بەم هەڵوێستە جوامێرانانەی دڵی خەڵکی ئاشت نەکاتەوە، خەڵکیش دەبێت بۆ ئەوەی یەکێتی زیاتر بتوانێت داکۆکیکاریان بێت، دەنگی خۆیانی بدەنێ تا هەرچەند زۆرتر کورسی پەرلەمان  بەدەست بهێنێت و لەم رێیەوە پێداگریی لە خواستەکانی خەڵکی هەرێم بە گشتی بکات.
ئەگەر یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە، رێگریی لە ساختەکاریی دەنگدان بکرێت، داهات و هەناردە و هاوردە شەفاف بێت و قۆرخ نەکرێت، جیاوازییەکانی نێوان شارەکان لە رووی خزمەتگوزارییەوە لاببرێت، حکومەت حکومەتی هەموو کونجێکی هەرێم بێت، سیاسەتی هەرێم لە ناوخۆ و دەرەوە لە بەرژەوەندیی خەڵک بێت، هەموو ئەمانە بێتە دی، ئەوا دەتوانین بڵێین بەرەو بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و حکومڕانییەکی دادپەروەر هەنگاو دەنێین.

وتارەکانی نوسەر