وه‌كو له گۆشه‌كانی پێشووتردا ئاماژه‌مان پێداوه مه‌به‌ست له‌م گۆشه‌یه زیندووكردنه‌وه‌ی ئه‌و وشه و زاراوه و چه‌مك و ده‌ربڕینانه‌یه كه ئێستا له به‌كارهێناندا كاڵ بوونه‌ته‌وه یان هه‌ر نه‌ماون، ئامانج له‌مه‌ش ئه‌وه‌یه له داهاتوودا بتوانرێت ته‌واوی گۆشه‌كان له فه‌رهه‌نگێكدا كۆبكرێنه‌وه و له رێگه‌ی ده‌زگایه‌كی كارامه‌ی زمانییه‌وه هه‌وڵ بدرێت جارێكی‌تر بخرێنه‌وه سه‌ر زاری خه‌ڵك و نه‌وه‌ی ئێستا به‌كاریانبهێنن و ده‌قی پێوه بگرن به جۆرێك له كاروبار و وتوێژی رۆژانه‌یاندا ره‌نگ بداته‌وه و بچه‌سپێنرێت.
به‌شێك له‌و وشانه‌ی له‌به‌ین چوون و نه‌ماون په‌یوه‌ستن به پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیا و گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵگه‌وه، به بڕوای من ئه‌گه‌ر گه‌نجان و لاوانی كورد مانای ئه‌و وشه و زاراوه و ده‌سته‌واژانه نه‌زانن كه په‌یوه‌ندیدارن به ئامرازه‌كانی ژیان و پێشكه‌وتنی زانسته‌وه دیارده‌یه‌كی ئاساییه، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ره‌وتی پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیا جێ به‌و ئامراز و كه‌لوپه‌لانه لێژكراوه كه جاران خه‌ڵك بۆ درێژه‌دان به ژیانی خۆیان به‌كاریانهێناون، ناوه‌كانیشیان له‌گه‌ڵ ئه‌م باهۆزی پێشكه‌وتنه‌دا ون بووە، بۆ نموونه گه‌ر نه‌وه‌ی ئێستا مانای وشه‌ی جه‌نجه‌ڕ نه‌زانێت ئاساییه به‌و پێیه‌ی له ژیانی رۆژانه‌یدا گوێی لێ نه‌بووه و به‌كاری نه‌هێناوه به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌ڕاسه جێی جه‌نجه‌ڕی گرتۆته‌وه، به‌ڵام ئاسایی نییه ئه‌و وشه و زاراوه و ده‌سته‌واژانه ون بن و نه‌وه‌ی ئێستا ما‌نایان نه‌زانێت كه به‌شێكن له زمانی كوردی و خه‌ریكه له‌ناو ده‌چن، بۆ نموونه وشه‌ی ده‌غه‌ڵ، غه‌واره، تریقه، تریفه، شه‌ونم، نمه، زنار و سه‌دان وشه‌ی تری كوردی په‌تی و خۆماڵی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش به ئاسایی نازانین له‌سه‌رخۆ و قۆناغ به قۆناغ وشه و زاراوه‌ی بیانی جێی وشه ره‌سه‌نه‌كان بگرنەوە و زمانی كوردی ده‌وڵه‌مه‌ندی و شه‌قڵ و خاسییه‌ته‌كانی خۆی له‌ده‌ست بدات.
ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌كانی تری ناوچه‌كه چه‌نده ته‌قه‌لا بده‌ن بۆ زیندوو راگرتنی زمانه‌كانیان ئه‌وا گه‌لی كورد ده‌بێت سه‌د هێنده ته‌قه‌لا بدات به‌و پێیه‌ی كورد خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت نییه و مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و زمانی كوردی درێژه‌ی هه‌یه، یه‌كێک له‌و ئامرازانه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی ناوچه‌كه له جه‌نگ و ململانێی كورد به‌كاریده‌هێنن زمانه، ده‌یانه‌وێت له رێگه‌ی لاوازكردنی زمانی كوردییه‌وه رێگه خۆشبكه‌ن بۆ لاوازكردنی كورد و بێبایه‌خ نیشاندانی زمانی كوردی لای تاكی كورد، بۆیه پێویسته هه‌وڵ و ته‌قه‌لاكانمان بۆ زندوو راگرتنی زمانی كوردی و زیندووكردنه‌وه‌ی وشه ره‌سه‌نه‌كان یه‌كبخه‌ین.
یه‌كێكی تر له‌و وشانه‌ی كه خه‌ریكه له‌ناو ئاخافتن و گفتوگۆ و قسه‌ی نێوان خه‌ڵك نه‌مینێت وشه‌ی ده‌غه‌ڵه، له چه‌ندین دانیشتن و كۆڕ و كۆبوونه‌وه و وتوێژی جیاجیادا له گه‌نجانم پرسیوه وشه‌ی ده‌غه‌ڵ واتای چی ده‌گه‌یه‌نێت؟ كه‌چی هیچیان وه‌ڵامی دروستیان پێ نه‌بووه، هه‌ر بۆیه پێویست بوو راڤه‌ی بكه‌ین، له بنچینه‌دا ده‌غه‌ڵ بۆ ئاژه‌ڵی لاواز و له‌ڕ به‌كار هاتووه، به‌ڵام زۆرجار ئه‌م وشه‌یه له‌ناو زمانی كوردیدا بۆ مرۆڤی له‌ڕ و لاواز و كه‌نه‌فت و برسی و بێهێزیش به‌كارهێنراوه.
دكتۆر ئه‌حمه‌د حه‌مه‌زیاد پزیشكی ڤێته‌نه‌ری گوتی یه‌كێك له هۆكاره‌كانی ده‌غه‌ڵبوونی مه‌ڕ و ماڵات و گا‌و گۆلك نه‌خۆشكه‌وتن و كه‌م خۆراكییه كه ده‌بێته هۆی لاواز بوونی، ئه‌م تێگه‌یشتنه ته‌ندروستییه بۆ مرۆڤیش هه‌ر راسته به‌و پێیه‌ی كه‌م خۆراكی یان ناڕێكی و ناهاوسه‌نگی له خۆراكدا ده‌بێته هۆكاری ده‌غه‌ڵ بوون.
له فه‌رهه‌نگی محه‌مه‌د ساڵح پێندرۆیی وشه‌ی ده‌غه‌ڵ بۆ له‌ڕ و لاواز و سیس و نه‌خۆش به‌كارهاتووه، به‌ڵام له‌هه‌مبانه بۆرینەدا بۆ گیای ناو ده‌غڵ و دان به‌كارهاتووه گه‌رچی له بنچینه‌دا گیای ناو ده‌غڵ و دان پێی ناگوترێ ده‌غه‌ڵ به‌ڵكو پێی ده‌گوترێ ده‌غیله.